كارزان گلی – هەولێر
بۆ كۆبوونەوەی لوتكەی كەشوهەوا لەئەنتاڵیا، كەسایەتییەكی دیاری ئەندەنۆسیا داوەت كراوە و ئەمەش هەرای لەتوركیا ناوەتەوە، چونكە ئەو كەسایەتییە ئەندازیاری پرسی ئاشتی بووە لەوڵاتەكەی و نەژادپەرستەكان ترسیان هەیە، هەمان سیناریۆ بۆ توركیاش دووبارە ببێتەوە.
یوسف كاللا، جێگری سەركۆماری پێشووی ئەندەنۆسیا، بەفەرمی لەلایەن نوعمان كورتولمووش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، داوەتی كۆبوونەوەی لوتكەی كەشوهەوا لەئەنتاڵیا كراوە، بەڵام بەشێك لەنەژادپەرستەكان ترسیان هەیە، سوود لەئەزموونی ئەو وڵاتە وەربگیرێت بۆ بابەتی پرسی چارەسەری كورد لەتوركیا.
یوسف، بەر لەوەی سەردانی ئەنتاڵیا بكات، لەگرتە ڤیدیۆیەكدا ئاماژەی دا، دەیانەوێت بۆچوونی من وەربگرن لەبارەی ئەو پرسەی لەتوركیا بوونی هەیە، مەبەستی پرسی كورد بووە.
ئەو كەسایەتییە لە٢٠٠٥، رۆڵی زۆر گەورەی هەبووە، لەچارەسەركردنی پرسی ئاچەلەرەكان، كە لە ١٩٧٦ەوە خەباتی چەكداریان كرد بۆ سەربەخۆیی، بۆیە كاتێك بەفەرمی داوەتی توركیا كراوە، بەشێك ترسیان هەیە هەمان سیناریۆی ئەو وڵاتە لەتوركیا جێبەجێ بكرێت.
پرسی چارەسەری ئاچەلەرەكان لەئەندەنۆسیا چۆن چارەسەر بوو؟
پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی ئەندەنۆسیا و چەند گروپێكی ئەتنیكی بەناوی (ئاچەلەرەكان)، دوای شەڕێكی خوێناوی زۆر هاتە ئاراوە.
بزوتنەوەی چەكداری ئاچەی ئازادی (GAM)، لە ساڵی ١٩٧٦ لەبەرامبەر چاڤالیلەرەكان دروست بوو، كە زۆرینەن لە ئەندەنۆسیا و دەسەڵاتیان بەدەستە، ئەو بزوتنەوەیە بەو مەبەستە دروست بوو، كە داوای سەربەخۆییان دەكرد. بەشێكی زۆی ئەو شەڕە لەژێر دەسەڵاتی سوهارتۆدا دروست بوو، كە سەرۆكی ئەندەنۆسیا بوو بۆ ماوەی ٣١ ساڵ.
دوای ئەوەی لە ١٩٩٨، سوهارتۆ لەدەسەڵاتدا نەما، لە ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠١، لە سوید پرسی چارەسەری ئاشتیانە لە نێوان ئەو دوو لایەنە دەستی پێكرد، بەڵام ئەنجامی نەبوو.
راستە ئەنجامی نەبوو، بەڵام هەردوو لایەن ئومێدیان نەپچڕاند بۆ ئاشتی، بەڵكوو سەرەڕای هەڵگیرسانی شەڕ، بەڵام هەوڵ هەر هەبووە بۆ ئاشتی.
لە ٢٠٠٤، كارەساتێكی سروشتی (تسۆنامی) لەناوچەی ئاچەلەر روویدا، ئەو ناوچەیەی لەگەڵ زەوی تەخت كرد، كە ٢٠٠ هەزار كەسی كوشت، بۆیە ئاچەلەرەكان بەناچاری لە ٢٠٠٥ هاتنە سەر مێزی گفتوگۆ لە فینلەندا و لە شاری هێلسینك كە پایتەختی ئەو وڵاتەیە، گەیشتنە رێككەوتن و ئاشتییەكی بەردەوام. ئەو رۆژە لە مزگەوتەكانی ئاچەلە، بە هەزاران كەس دوعایان دەكرد ئاشتییەكی بەردەوام لەوڵاتەكەیاندا بێتە دی.
یەكێك لەو هۆكارانەی وای كرد، هەردوو لایەن بگەنە رێككەوتن، بوونی كارەساتی تسۆنامی بوو، بەڵام خەباتی ئاچەلەرییەكان بەفیڕۆ نەڕۆی، چونكە حكوومەتی ئەندەنۆسیا، بڕیاریدا فیدڕاڵییان پێبدات و تاوەكوو ئێستاش هەر لە سایەی فیدڕاڵیدا دەژین.
ئاچەلەرەكان، چەكیان فڕێدا و كۆتاییان بە خەباتی چەكداری هێنا، هەروەها خەباتی مەدەنییان دەستپێكرد و بە هەڵبژاردن سەرۆك و پەرلەمانی خۆیان هەڵبژارد.
سوسیلۆ، رۆژنامەنووس لە ئەندەنۆسیا، كە لە نزیكەوە ئاگاداری پرسی ئاشتی وڵاتەكەی بووە و چەندین نووسینی لەوڕووەوە نووسیوە، قسەی بۆ (BBC) توركی كردووە و دەڵێت: ”بۆ پرسێكی لەو شێوەیە دەبێت هەردوولا لەگەڵ یەكتریدا راستگۆ بن، دەبێت بڕوات بە دوژمنەكەت هەبێت، ئەوەی پێشكەشی دەكەیت دەبێت دیار و روون بێت، بەڵام بۆ هەموو ئەمانە حكوومەتێكی دیموكراتی پێویستە.“

