عەبدولقەهار هەولێری
فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە هۆڵەندا، بە مەبەستی ڕێزگرتن لە ڕۆژی ئاڵای کوردستان، بانگهێشتی بەڕێوەبەرایەتی و دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی هەولێری کردووە بۆ بەشداری و ڕووماڵکردنی ئاهەنگی ڕۆژی ئاڵای کوردستان ٢٠٢٦، کە ڕۆژی شەممە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٦ لە شاری شیدام لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوە دەچێت.
فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە هۆڵەندا، لەم بانگهێشتنامەیەدا ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی ڕۆژنامەی هەولێر دەربڕیوە، کە لە ڕێگەی کاری ڕۆژنامەوانییەوە خزمەتێکی بەهاداری کردووە بە گەیاندنی هەواڵ و ڕووداوە نەتەوەیی، نیشتمانی و کەلتوورییەکان بە خوێنەرانی کورد.
هەروەها فیدراسیۆنەکە بە تایبەتی داوای لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆژنامەی هەولێر کردووە کە نووسەرێک یان پەیامنێرێک لە لایەن ڕۆژنامەکەوە لە هۆڵەندا ئامادە بێت و بەشداری لەم بۆنە نەتەوەییە گرنگەدا بکات و ڕووداوەکە بۆ خوێنەرانی ڕۆژنامەی هەولێر بگوازێتەوە.
ئاهەنگی ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە هۆڵەندا، بۆنەیەکی نەتەوەیی و کەلتوورییە کە تێیدا ڕێکخراوە کوردستانییەکان، نوێنەرانی کۆمەڵگەی کوردی و خێزانە کوردییەکان لە شارە جیاوازەکانی هۆڵەندا کۆ دەبنەوە، بۆ نیشاندانی خۆشەویستی و ڕێزگرتن لە ئاڵای کوردستان، ناسنامەی نەتەوەیی، کەلتوور و یەکگرتووییی گەلی کورد.
فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە هۆڵەندا، لە کۆتاییدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ بەڕێوەبەرایەتی و دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی هەولێر دەربڕیوە و هیوادارە بە ئامادەبوونی نووسەر و پەیامنێری ڕۆژنامەکە لە هۆڵەندا، ئەم بۆنە نەتەوەییە زیاتر بگەیەنرێتە خوێنەران و هاونیشتمانیان.

