كارزان گلی – هەولێر
بودجەی ٢٠٢٧ی ئەڵمانیا، لەكۆمیسیۆنی دارایی پەرلەمان پەسند كرا، كە بەگەورەترین بودجەی ئەو وڵاتە دادەنرێت لەمێژوودا، بەتایبەت لەكەرتی سەربازی و بەرگریدا.
بۆ ٢٠٢٧، لیژنەی دارایی پەرلەمانی ئەڵمانیا بودجەی وڵاتەكەی پەسند كرد، تەنیا لەكەرتی سەربازیدا ٢٧ ملیار یۆڕۆی زیاد كردووە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، ترسی لەشەڕێكی گەورە هەیە.
بودجەی ٢٠٢٧ی ئەو وڵاتە ١٦ سەعات لەناو پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر كرا، پاشان گەیشتنە ئەو بڕوایەی پەسند بكرێت. وەكوو ئەوەی میدیاكان باسی دەكەن گەورەترین بودجەیە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی، هەروەها رێگە خۆشكراوە بۆ ئەوەی تەنیا بۆ كەرتی سەربازی حكوومەت بتوانێت قەرزی گەورە بكات.
وەكوو ئەوەی ئاژانسی (DW) بڵاوی كردووەتەوە، رێگە بەسەرۆك وەزیران دراوە بۆ ٢٠٢٧ بتوانێت ٢١٠ ملیار یۆڕۆ قەرز بكات، ئەمەش بەقەرزێكی گەورە دادەنرێت و تەنیا لە ٢٠١٩ رێگە بەحكوومەت درا بۆ بەرگریكرن لەخۆیان لەڤایرۆسی كۆڕۆنا بڕی ٢١٥ ملیار یۆڕۆ قەرز بكەن.
بودجەی ٢٠٢٧ی ئەڵمانیا ٥٦٠ ملیار یۆڕۆیە، ئەمەش بەگەورەترین بودجە دادەنرێت لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە بۆ ئەو وڵاتە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی ئەڵمانیا، بودجەی ٢٠٢٧ زیاتر بۆ ژێرخانی ئەو وڵاتە تەرخان دەكرێت، چونكە ماوەیەكی زۆرە كار بۆ ژێرخان نەكراوە، بەتایبەت ژێرخانی سەربازی.
بەبەراورد بەبودجەی كەرتی سەربازی ٢٠٢٦، ئەڵمانیا بڕی ٢٧ ملیار یۆڕی زیاد كردووە و تەنیا بودجەی كەرتی سەربازی ٢٠٢٧ی گەیاندووەتە ١١٠ ملیار یۆڕۆ، ئەمەش بەبودجەیەكی زەبەڵاح دادەنرێت لەمێژووی ئەو وڵاتەدا.
ئامانجی ئەڵمانیا بۆ ئەوەیە، كەرتی سەربازی بەرەوپێشەوە ببات و كۆمەڵێك چەكی قورس بكڕێت و بەرهەم بهێنێت، هەروەها ئامانجی ئەوەیە تازەگەریی لەو كەرتەدا بكات، بۆیە ئەو پارە زۆرەی بۆ تەرخان كردووە.
ئاژانسی (DW) بڵاوی كردووەتەوە، حكوومەت لەو بودجەیەدا كاری لەسەر هەندێك بابەت كردووە پەیوەندیی بەژیانی خەڵك هەیە، بەڵام نەیتوانیوە كرێی كارەبا لەسەر هاووڵاتیان كەم بكاتەوە. ئەگەرچی بڕی پێنج ملیار یۆڕی لە بودجەی ٢٠٢٧دا بۆ كەرتی كارەبا تەرخان كردووە، بەڵام هیچ بەڵێنێكی بەخەڵك نەداوە نرخی كارەبا كەم بكاتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە نرخی كارەبا لەو وڵاتە زۆر گران بووە، بەتایبەت دوای جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكڕاینا.
لەبارەی سۆسیالەوە ئەڵمانیا بڕیاری داوە پارەی سۆسیال كەم بكاتەوە، وەكوو ئەوەی بڵاوكراوەتەوە زیاتر لە یەك ملیار یۆڕۆ لەكەرتی سۆسیال كەم كردووەتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەوانەی سۆسیال لەو وڵاتە وەردەگرن بەتایبەت پەنابەران، حاڵیان باش نابێت و داهاتیان كەم دەبێتەوە و ژیانیان دەگۆڕێت.
هەروەها بیمەی خانەنشینان لە بودجەی ٢٠٢٧ كەم كراوەتەوە و وەكوو ئەوەی ئاژانسی (DW) بڵاوی كردووەتەوە بڕی سێ ملیار یۆڕۆ كەم كراوەتەوە، ئەمەش راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر ژیانی خانەنشینان دەبێت.
راستە بودجەكە لەلایەن كۆمیسیۆنی دارایی پەرلەمانەوە پەسند كرا، بەڵام بۆ ئەوەی بچێتە واری جێبەجێكردنەوە، دەبێت لەناو پەرلەمانی ئەو وڵاتە ٥٠+١ بەدەست بهێنێت و بڕیاریشە لە ٢٧ی ئەم مانگە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات و پێشبینییەكانیش بۆ ئەوەن پەسند بكرێت.

