سلێمان تاشان – هەولێر
لە گەندەڵی و دزیدا عێراق بووەتە وڵاتی سەیروسەمەرەکان و ڕۆژ نییە هەواڵێکی سەیر لەبارەی دزین و گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سامانی گشتی نەبیسترێت. گەندەڵیی ئەم جارە لە کەرتی ئیداری و بانکی و داراییدا نییە بەڵکوو لە ژێرخانی نەوت و وزەیە و لە چەندین پارێزگا دەستدرێژی کراوەتە سەر هێلەکانی گواستنەوەی نەوت و وزە.
راپۆرتێکی هەواڵگریی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کە هەفتەی ڕابردوو بڵاوکرایەوە پەردەی لەسەر ئەم گەندەڵیی داماڵی و ڕایگەیاند تۆڕێكی گەورەی دزینی نەوت لە ساڵی ٢٠٢١ەوە لە ناوچەی “جورف ئەلسەخر” لە باكوری بابل بوونی هەیە و سامانی گشتیی بە تاڵان بردووە.
دەگوترێ لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ئەو ناوچەیە لە ژێر دەسەڵاتی کەتیبەکانی حزبوڵادایە ژمارەیەك پاڵاوگەی بچووک، كۆگەی نهێنی لە ژێر زەوی دروستكراون، ئەوە جگە لە كونكردنی لوولە نەوتییەکانی عێراق و گواستنەوەی بە تەنكەر بۆ بەغدا و ساغکردنەوەی نەوتەکە بە قاچاخ لە بازاڕەکان.
راپۆرتەکە بە بەڵگە زانیارییەکانی ڕادەستی حکوومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت کرد و داوای كرد ڕێكاری یاسایی بگیرێتە بەر ناوچەی جورف ئەلسەخر كە دەكەوێتە شەست کیلۆمەتریی باشوری ڕۆژئاوای بەغدا.
دوای ئەو ڕاپۆرتە حکوومەتی عێراق دەستبەکار بوو و ڕۆژی هەینی لیژنەیەکی باڵای ئەمنی کە لەلایەن عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق پێکهێنرابوو گەیشتە ناوچەکە بۆ ئەوەی بە وردی لێکۆڵینەوە دەست پێبکات و لە ڕۆژانی ڕابردوودا تیمەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی چڕ لەم دۆسیەیە کردووە و تەنانەت ئەو مەترسییە لە ئارادابوو کە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان گرووپە میلیشیاکان و پۆلیسی عێراقدا ڕووبدات.
ئەوەی لەم ڕووداوەدا جێی سەرنجە ئەوەیە جورف نەسر، ساڵانێکی زۆرە لە ژێر کۆنترۆڵی تەواوی گرووپە میلیشیا و چەکدارە نایاساییەکاندا بووە و بە لێشاو نەوت و سامانی گشتییان بە تاڵان بردووە و دیار نییە قەبارەی ئەو دزی و تاڵانییە چەندە و جی لەو داهاتە کراوە.
فەریق ڕوکن حامد حسێنی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی وزە، پێکهێنانی هێزێکی بۆ ڕێگریکردن لە بەقاچاخبردنی نەوت ڕاگەیاندووە، هاوکات ئاماژەی بە گرتنەبەری چەند ڕێکارێک کردووە بۆ پاراستنی لوولەکانی گواستنەوەی نەوت
ئەو بۆ میدیای فەرمیی عێراق باسی لەوە کردووە کە گەندەڵییەکە تەنیا لەم شوێنە نییە بەڵکوو لە چەندین شوێنی دیکە ئەم جۆرە دەستدرێژییانە بۆ سەر سامانی گشتی تۆمار کراون و لە پارێزگای بەسڕاش دەستیان بە چەند زانیارییەک گەیشتووە.
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی وزە دەڵێت “هێزێکی بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردن و دزیکردن پێکهێنراوە و لە ناوچەی باشوور؛ ئەم هێزە بە بیاباندا دەگەڕێت بۆ پاراستنی تۆڕی بۆرییە بەرفراوانەکان، کە کارەکانیان بووەتە هۆی پووچەڵکردنەوەی سێ هەوڵی دزینی نەوت لە کێڵگەی سەبە لە پارێزگای زیقار”.
ئەوەشی خستەڕوو پرۆسەکانی دەستدرێژیکردنە سەر لوولەکانی گواستنەوەی نەوت لە چاو ڕابردوو بە ڕێژەی لەسەدا نەوەد کەمی کردووە و هۆکارەکەش ئەو ڕێکارە توندانەیە کە لە کێڵگەکان و تۆڕەکانی گواستنەوەی نەوت لە تەواوی عێراق گرتوویانەتەبەر.
جا ئەوەی ڕوودەدات لە کاتێکدایە کە بە گوتەی ئەو بەرپرسە دەستدرێژییەکان لە چاو ڕابردوو لەسەدا نەوەد کەمیان کردووە و دەبێت پێشتر عێراق لە چ دۆخێکدا بێت و چ گەندەڵییەک و دزییەک کرابێت. جگە لەمە ئەوەی لەم رۆژانە روویداوە پەیوەندی بە یەک گرووپی میلیشیایی هەیە و ئەو دەیان گرووپە میلیشیاییەی کە لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق هەن دەبێت چییان کردبێت و چیان دزیبێت کە تا ئەم ساتەش گویڕایەڵیی فەرمانەکانی حکوومەتی فیدراڵی ناکەن.
هەر ئەمەش هۆکاری سەرەکییە لەوەی ژێرخانی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری لە عێراق وێرانە و سەرەڕای ئەوەی کە ئەو وڵاتە لە سەر دەریایەک نەوت و سامانی سروشتییە بەڵام نەیتوانیوە ژیانی دانیشتووانەکەی بگۆڕێت.

