ڕائیب جادر – هەولێر
کاروانی ئاوەدانی لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی بەردەوامە، بە گوژمەی نزیکەی ٢٥ ملیار دینار بەردی بناغە بۆ چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری گرنگ دانرا.
پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گوندەکانی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کردنەوەی ڕێگەوبان و جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانەوە کار بۆ گەڕاندنەوەی دانیشتووانی ئەو گوندانە دەکات کە بەھۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانەوە چۆڵ کرابوون.
ئەو پڕۆژانەی بەردی بناغەیان بۆ دانراوە بریتین لە پڕۆژەی گەشتیاری کوردستان لە ناحیەی سەرسنگ، پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگەی گوندەکانی گەلەگوف، گارەی زێوەی سیدا و بەلیتێ، لەگەڵ پڕۆژەی سەربڕخانەی کۆمەڵگەی قەدش کرایەوە.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، گوتی: کاتێک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی ناوچەکەی کرد، یەکێک لە داواکارییەکانی خەڵک ئەوە بوو ئەو گوندانەی دەکەونە بەری گارە کە تا ئێستا خزمەتگوزارییان بۆ نەچووە لە ئەنجامی ئەو شەڕەی کە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و خەڵکێکی زۆر بوونەتە قوربانی، لە ھەمان کاتدا سەدان گوند ئاوەدان نەکراونەتەوە، بۆیە کاتێک سەرۆکی حکوومەت زانی پڕۆژە بۆ ئەو گوندانەیە، ڕایگەیاند ھەرچییەک پێویست بێت بۆ ئەو گوندانە بکرێت.
ھاووڵاتییانی سنوورەکە خۆشحاڵن و دەڵێن، جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە گرنگییەکی زۆری ھەیە و ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە پێشوەچوونی ناوچەکە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و سوودێکی زۆری لێ دەبینین، دانانی بەردی بناغە بۆ ئەو ڕێگە ستراتیژییە زۆر گرنگ بوو، چونکە ئەو ڕێگەیە زۆر گوند و ئاوایی بە یەکەوە گرێ دەدات، لەھەمان کاتدا ھۆکارێکی باش دەبێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانی دیکەش ئەوەش وا دەکات بگەڕێینەوە سەر گوند و ئاواییەکانی خۆمان و دەست بە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بکەین.
لە سنووری ئامێدی بەردی بناغە بۆ چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆر لە بواری ئاوەدانی و خزمەتگوزاری دانراون، ھەندێک لەوانە تەواوکراون و ھەندێکی دیکەش لە بواری جێبەجێ کردندان، ھاووڵاتییانی سنوورەکەش ڕۆڵی حکوومەتی ھەرێم لەبەرەوپێشبردنی پڕۆژە و ئاوەدانی ناوچەکە بەرزدەنرخێنن.

