فەرەیدوون سامان
ئەڤینێک لە دەمارەکانی خوێنمدا دەچۆڕێت
دەبێتە چزووی ژەهرو تنۆک تنۆک
دەچێتە نێو خانەکانی جەستەم..
ئەڤینێک خەمی قوڕسی ڕۆژانێک بوو
بە نێو ڕۆحمدا دەگەڕا
دەبووە پەیڤی خەیاڵێک و لەسەر لێوەکانم وشک دەبوو،
ڕۆژانێک ئەو تاقە پەیڤێک بوو
داستانی گەشتی خەونەکانمی دەگێڕایەوە
زامێکی سارێژنەبوو بوو
یادەورییەکان دەکولاندەوە
لە خەڵوەتدا، تەنانەت لە ساتەکانی ئاڵۆزیمدا
دەبووە تەمی سەربردەی سەرگەردانی خەونەکان
نەفرەتی ماڵاواییەکانی بۆ پاییز دەگێڕایەوە،
چاوێک بوو کە بینایی هەرگیز خەونیان پێوە نەبینی
لە حەسرەتی زەردەخەنەیەک
زەردەخەنەیەکی تاڵی شەوانی
خولیای شیرینی هەرزەکاریم
چیرۆکەکانی هێند بە ئازار بوون
ئاویتە بە خەیاڵە ڕژاوەکەی چاوی دایکم دەبوون
سرووشبەخشی زوو پیربوونی من بوون..
مەرگی ئەو بیانوویەک بوون بۆ ژیان
ئیدی ئەڤین بووە ئەفسانەی نێو کتێبی دەلاقەکان
هەر چەند لە دەرگاکانی ژیانمدا
دەمپرسی یاران، یاران
ماڵی عیشق لە کوێیە؟
کوا حەسرەتەکانی دیدار
کوا هەناسەی شیعرەکانم
کوانێ گوڵی تامەزرۆیی لەسەر جەستەی تەڕی شەونم
کوانێ بۆچی نەماون..
کەچی هێشتا پەپوولەی وشەکانم سەرگەردانن
تێنوون و بەدوای باخچەیەکی بەخشندەدا دەگەڕێن
پەیڤە ئەڤیندارەکان هێشتا نامۆن
لە نێو شاری نامۆیان
سێبەرێکیان بەسەر بێدەنگییەکانی شەودا دانەناوە
هێشتا لە ژێر تاشەبەردی بێدەنگی نهێنی ئەو ڕۆژانە
شەوانە چرای خەمەکان هەڵدەکەم و دەسووتێم و
دەسووتێم لە سێبەری ئەودا،
پاسەوانی هەناسەکانم دەکەم
ئازاری شیعرەکان دەهۆنمەوە
دواجار دەزانم کە نێوانمان
جگە لە نهێنیەکی پووچ
هیچی تر نەبوو..
خەیاڵی شاعێرێکی سەرمەست
بە ئەفسانەی ئەڤینێکی مۆمیاکراو
هیچی تر نەبوو..
خەیاڵی ئەوەی کە ڕەنگە ڕۆژێک بێت و بگەڕێتەوە
ناونیشانێکی مەحاڵ بوو
ئیدی چیرۆکی کتێبەکانی عیشقی من پەژیواننامەیەکە
چەقۆی پرسیارێکە
وەڵامەکەی سەربڕینیەتی…

