رۆژنامەی ھەولێر

لـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــە رۆژی شـــــــەكرەدا:با منداڵان هەست بەبوونی خۆیان بكەن

شەهلا حەسەن كەریم

منداڵ بەو كەسە دەوترێ كە تەمەنی لە خوار هەژدە ساڵانەوەیە و هیچ بەرپرسێتیەكی ئەوتۆی لەسەر شان نییە جگە لەگۆشكردن و پەروەردەكردنیان بە پەروەردەیەكی جوان و تەندروست و ئامادەكردنیان كە لە داهاتوودا ببنە ئەندامێكی بەكەڵك و سوود بە ژینگە و ئەو كۆمەڵگایە بگەیەنێت كە تێیدا نەشو و نما دەكات و پێیدا گوزەری كردووە.

لە هەموو ئەو ماوانەدا كۆمەڵێك مافی هەیە وەك ئەوەی لەجاڕنامەی مافی مرۆڤ هاتووە سەبارەت بەخوێندن و لایەنی تەندروستی و كۆمەڵایەتی و، هتد.
لایەنی تەندروستی سێكتەرێكی گرنگە دەبێ بە بایەخەوە هەڵوێستەی لەسەر بكرێ، نەخاسمە ئەو منداڵانەی ناكام و ئۆتیزم و نەخۆشیی شەكرەیان هەیە، بەتایبەت نەخۆشیی شەكرە جۆری یەكەمی كە هەست دەكرێ رێژەكە رۆژ بە رۆژ لە بەرزبوونەوەدایە و لەكاتێكدا ئەو منداڵە دەچێتە قوتابخانە و دەست بە خوێندن دەكات.
ئەگەر هەڵوێستەیەكی كورت لەسەر نەخۆشیی شەكرە بكەین، وەكو كۆمەڵەی منداڵانی تووش بوو بە نەخۆشیی شەكرە، دەتوانین بڵێین:
_ نەخۆشیی شەكرە جۆری یەكەم نەخۆشیەكی درێژخایەنە و منداڵان پێویستیان بە ئەنسۆلین هەیە كە شێوەی دەرزی لێیان دەدرێ و هاوكات پێویستیان بەوەیە لە نزیكەوە چاودێری بكرێن نەك پشتگوێخستن و فەرامۆشكردنیان، لە كاتێكدا لە ناوەندەكانی خوێندندا دەكرێ بەهەمان شێوە هەڵسوكەوتیان لەگەڵ بكرێ وەك جۆن لەگەڵ منداڵێك و قوتابیەك هەڵسوكەوت دەكرێ كە لە رووی نەخۆشیەوە هیچ كێشەیەكی ئەوتۆیان نییە.
وەك لە نزیكەوە بۆچوونی خۆمان خستۆتە بەردەم لایەنی پەیوەندیدار بەتایبەت وەزارەتی پەروەردە، لە رۆژی شەكرەدا كە هەموو ساڵێك لە 14/11 لەهەموو دونیا ئەو یادە بەشكۆدارییەوە بەڕێ دەكرێ، لێرەدا جەحت لەسەر ئەو خاڵانە دەكەینەوە بەهیوای پەسندكردن و گشتاندنی بۆ تەواوی قوتابخانەكانی هەرێم، ئەویش:
یەكەم: لە هەموو قوتابخانەكان تۆمارێكی تایبەت بە نەخۆشیەكان و لەناویاندا نەخۆشیی شەكرە هەبێ و زانیاریەكان بەپێی فۆرمێكی تایبەت كە كۆمەڵێك زانیاری هەیە، لە كەسوكاری قوتابی وەربگیرێ و تێیدا تۆمار بكرێ.
دووەم: بۆ ئەوەی هەست بە جیاوازی نەكەن، هەست بەوە نەكەن كە بە چاوێكی دیكەوە سەیر دەكرێن، وەكو هەر قوتابیەكی دیكە هەڵسوكەوت و مامەڵەیان لەگەڵ بكرێ كە بۆ لایەنی دەروونی گرنگە و دەبێ دەستەی كارگێڕی قوتابخانەكان بەجددی لەسەری بوەستن بەتایبەت چالاكیە جۆراوجۆرەكان تا هەست بە بوونی خۆیان بكەن كە بایەخیان پێ دەدرێت.
سێیەم: ئەو منداڵانەی نەخۆشیی شەكرەیان هەیە لەجۆری یەكەمی شەكرە چونكە رێژەی شەكرە لەناوخوێنیاندا جێگیر نییە، واتە ئەو رێژەیە بەرزی و نزمی دەكات، دەبێ دەرفەتی ئەوەیان پێ بدرێ كە لەكاتی پێویستی و لەناو پۆلدا ئاو بخۆنەوە و خواردن بخۆن و حاڵەتەكە بە شێوەیەكی ئاسایی وەربگیرێ و رێگەیان لێ نەگیرێت.
چوارەم: هەندێ جار پێویستی ئەو حاڵەتە وادەخوازێ لەنەخۆشخانە بمێنێتەوە، لەوەشدا ئەو رۆژانەیان بەنەهاتوو بۆ هەژمار نەكرێ وتەنانەت ئەگەر پێویست بێت لەكاتی ئەزموونەكاندا تاقیكردنەوەكانیان بۆ دووبارە بكرێتەوە.
پێنجەم: لە رۆژی شەكرەدا ساڵانە بە پێی ئەو توانا كەمەی لە بەردەستماندایە، هەوڵمان داوە چالاكیی جۆراوجۆر بکەین، وەلێ لەگەڵ ئەوەشدا هەست دەكەین لایەنی پەیوەندیدار و خواپێداوان و خێرخوازان وەكو پێویست ئاوڕیان لەو توێژە هەستیارە نەداتەوە كە هەمدیس لێرەدا رووی دەممان دەكەینە ئەوانەی خەمخۆر و پەرۆشن، حەز دەكەن یارمەتی منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشیی شەكرە بكەن، دەرگامان كراوەیە بە سوپاسەوە دەستی هاوكارییان دەگوشین كە بتوانن بەپێی پێویست ئاوڕ لەو منداڵانە بدەنەوە كە چاویان لە هەموومانە.
هەر بەرز و شەكاوە بێ ساڵرۆژی شەكرە و هەموو منداڵانمان لەو نەخۆشیە بەدوور بن و تەندروستی ببێتە هەوێنی ژیانكردنمان.
سەرۆكی كۆمەڵەی منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشیی شەكرە
هەولێر/ 2026