ئارام کۆشکی – هەولێر
ڕەنگە سەختترین جۆری نووسین، نووسینی ڕەخنەیی بێت، کە هەم پێویستی بە مەعریفەیەکی زۆری هەمەلایەنە و هەم پێویستی بە پەیڕەکردنی میتۆدی جۆراوجۆر هەیە و هاوکات پێویستی بە بوێری و چاوتژییش هەیە، ئەمە بێجگە لەوەی پێویستی بەوەیە ڕەخنەگر لەسەر بنەمای چێژ بۆچوونەکانی گەڵاڵە نەکات و هاوڕێیەتی و دووری لە نووسەرێکەوە نەبێتە هۆی بڕیاردانی لەبارەی تێکستەکانییەوە.
یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی ڕەخنەی کوردی پەیوەندییەکی قووڵی بە هەموو ڕەهەندەکانی ڕەخنەوە هەیە، کە لای ئێمە هەموو ئەمانە پێکەوە ئەستەمە بتوانرێت پەیڕەو بکرێت. لەو هەوڵە کەمانەی لە بواری ڕەخنەدا لەم دوو دەیەیەدا سەرڕێم خستووە کۆشاوم کە هەم میتۆدیانە بنووسم و هەم پشت بە پاشخانێکی مەعریفی ببەستم و لەڕێگەی چێژیشەوە بڕیار لەسەر تێکست نەدەم، بەڵکو بنەما و ڕیشەی دیکە بۆ تێکست بدۆزمەوە. واتە ڕەخنە لای من بنەمایەکی چێژگەرایی نییە هەر چۆن سەکۆی هەڵڕشتنی گرێی دەروونیش نییە، بەڵکو سەکۆیەکە بۆ هەڵسەنگاندنی تێکست و دیاریکردنی پێگەکەی چ لەڕووی تەکنییەوە بێت، یان لەڕووی ناوەرۆکییەوە بێت.
هەر کاتێک ڕەخنەم لە نووسەرێک گرتبێت هەوڵمداوە ڕەخنە لە تێکستەکەی بگرم، خۆ ئەگەر باسی هەڵوێستێکیم کردبێت ئەوا پشتم بە چاوپێکەوتنەکانی، یان دیدگاکانی بەستووە لە وتار و گفتوگۆکانیدا، کە ئەوانەش لەسەری ماڵن، دەنا هیچ دیدگایەکم پێشوەختەم سەربارەت بە هیچ تێکست و نووسەرێک نەخستووەتەڕوو. سەبارەت بە بوێریش تا ئەوپەڕی ڕەخنە بوێریم هەبووە و باجی ئەوەشم داوە، کە شاعیر و نووسەر هەیە لەسەر ڕەخنەیەک نزیکەی 20 ساڵە دەنگی لێ دابڕیوم و هەتا بەشێک لەو نووسەرانەش هاوڕێم بوون کاتێک لەبارەیانەوە ڕەخنەم نووسیوە ئیدی کۆتایی بە هاوڕێیەتییەکە هاتووە، هەر سەبارەت بە ڕەخنەش لە چیرۆکەکانی، نووسەرێک داوای یاسایی لەسەر تۆمار کردم. بەڵام شتێک هەیە بڕوام پێیەتی ئەویش ئەوەیە ئێمە بەهەموان دەبێت ڕووبەری ڕەخنەیی فراوانتر بکەین. کار بکەین بۆ ئەوەی ڕەخنە ببێتە سەکۆیەک بۆ هەڵسەنگاندنی تێکست و نووسەران ئاگادار بکرێنەوە لە پێگە و ئەو کەموکوڕیانەی لە تێکستەکەیاندا هەیە.
بێگومان ئەم نموونانە بۆ خۆپەسەندان باس ناکەم، بەڵکو ئەمە بۆ ئەوە باس دەکەم کە ئەو پانتاییەی من ڕەخنەی تێدا دەگرم پانتاییەکە بۆ خوێندنەوەی دیاردەکان و هەڵسەنگاندنی تێکستەکان. نامەوێت نە کەس ئازار بدەم و نە لە شکۆی هیچ تێکستێک کەم بکەمەوە، بەڵکو دیسان پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەمەوە لەڕێگەی ڕەخنەوە هەوڵی دیاریکردنی پێگەی تێکست دەدەم. پێگەیەک، کە ساختە نەبێت و واقیعی بێت.
پێشتر لە کتێبی “شیعر و دۆزینەوە”دا نووسیمە کە “ڕەخنە بریتی نییە لە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ژیانی شاعیر، یان نووسەر، بەڵکو بریتییە لە هەڵدانەوەی توێ بەتوێی دەقەکانی نووسەران و شاعیران و ئاشکراکردنی مانای شاراوە و دنیای پڕ نهێنی تێکست. ڕەخنە لە هەوڵی کەشفکردنی نهێنیدایە، دەیەوێت ڕوانینە باوەکانی بۆ تێکست بسڕێتەوە و ڕوانینی نوێ لە ژێر ڕۆشنایی میتۆد و مەعریفە و قوتابخانە ئەدەبیەکاندا دابمەزرێنێت.” بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا زۆرجار لەڕێی ڕەخنەوە کۆمەڵێک چەمک، یان تێز لە تێکستێک بار دەکرێت، کە ئەو تێکستە خاوەنی ئەو قووڵاییە نییە. ئێمە باسی نهێنییەکانی پشتی دەقمان کرد، بەڵام بارکردنی تێکست بە ئایدیای ساختە و چەمکی قەبە، دەبێتە کارەسات و ئەمە ناچێتە چوارچێوەی ڕەخنەوە، بەڵکو جگە لە ڕووپۆشکردنی دیوە بۆشەکانی تێکست، یان ماسککرنە سەر تێکست هیچی دیکە نییە.
خاڵێکی دیکە کە گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە، کە هەر کولتوورێک ئەگەر بانگەشەی زیندووێتی بکات پێویستە ڕەخنە تێیدا زیندوو بێت، چونکە گەشەکردنی هەر کایەیەکی ڕۆشنبیریی پەیوەستییەکی زۆر بە ڕۆڵی ڕەخنەوە هەیە، چونکە کایەکان بەبێ بوونی ڕەخنە توانای خۆنوێکردنەوەیان نییە، ئەوە ڕەخنەیە وزەی خۆنوێکردنەوە و دیاریکردنی پێگە و خەوشەکانیان دەخاتەڕوو، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە ترسێکی زۆر بەرامبەر هەم نووسینی ڕەخنەیی هەیە و هەم خوێندنەوەی ڕەخنەیی.
ترسی یەکەم نووسینی بابەتی ڕەخنەییە. بەشێک لەو نووسەرانەی لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە کایەی ڕەخنەی ئەدەبیدا چالاک بوون ئێستا وازیان لە نووسینی ڕەخنەیی هێناوە، من لە نزیکەوە چەند دانەیەکم دواندووە کە ڕەخنەگرتن بووەتە هۆی ئەوەی بەشێوەیەکی جیاواز (ناشرین) سەیر بکرێن، بۆیە وازیان لە ڕەخنەگرتن هێناوە. ترسی دووەم کە بووەتە هۆی گەشە نەکردنی ڕەخنەی ئەدەبی بۆ قەبووڵ نەکردنی ڕەخنە دەگەڕێتەوە، کە ئەم ترسەش گرێدراوی ترسی یەکەمە. بەشی هەرە زۆری نووسەر و هونەرمەندی کورد هیچ ڕەخنەیەکی قەبووڵ نییە، خۆ ئەگەر سەرزارەکی قەبووڵیشی بکات، ئەوا دەیکاتە گرێی دەروونی و بۆ هەمیشەیی بە (کەسی ڕەخنەگرەوە) دەیگرێت و تووشی جۆرێک لە فۆبیا دەبێت، کە ناتوانێ ئاسان لێی دەرچێت.
تا ترسمان لە نووسینی ڕەخنەیی و ڕەخنەگرتن و ڕەخنەلێگرتن هەبێت، بەرەو پێشەوە ناچین، خۆ ئەگەر بەرەو پێشیشەوە بچین، هەنگاوەکانمان هێواشن، بەڵام ئەوە ڕەخنەیە کە دەتوانێت هەنگاوەکانی داهێنان و بەخۆداچوونەوە و خۆپەروەردەکردن پێش بخات. ڕەخنە هونەری کاراترکردن و چالاککرنی نووسەرانە، نەک هونەری دژایەتیکردن و وەستاندنیان.

