عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
ئیبراهیم عەلیپوور، هونەرمەندی فۆتۆگرافەری کورد، پپێشانگەیەکی فۆتۆگرافی لەژێر ناونیشانی “گولەکان سنووریان نییە”، رۆژی چوارشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2026، لە مۆزەخانەی گراکۆفی پۆڵۆنیا کردەوە و ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت.
ئیبراهیم عەلیپوور، هونەرمەندی فۆتۆگرافەری کورد گوتی: ناونیشانی پێشانگەکەم “گولەکان سنووریان نییە، تەنیا ناونیشانێکی هونەری نییە، بەڵکو دەربڕینێکی قووڵە لەو راستییەی کە توندوتیژی و جەنگ سنووری جوگرافیایی ناناسن؛ کاریگەرییەکانیان لە سنووری نێوان وڵاتان و ناوچەکان تێدەپەڕێت و ژیانی مرۆڤ، ئاژەڵ و ژینگە دەگرێتەوە. گولەیەک لە شوێنێک دەدرێت، دەکرێت کاریگەرییەکی درێژخایەن لە شوێنێکی دیکە بەجێ بهێڵێت.
عەلیپوور سەبارەت بە گێڕانەوەی چیڕۆکە بێدەنگەکانی پێشانگەکە گوتی: لەو پێشانگەیەم دا فۆتۆگرافی تەنیا ئامرازێک بۆ تۆمارکردنی ساتەکان نییە، بەڵکو دەبێتە زمانێک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکە بێدەنگەکان؛ چیرۆکی ئەو مرۆڤانەی جەنگ و توندوتیژی کاریگەرییان لەسەر ژیانیان بەجێ هێشتووە، هەروەها ئەو سروشتەی کە زۆرجار دەبێتە قوربانیی ململانێ و دەستێوەردانی مرۆڤ.
ئەو فۆتۆگرافەرە باسی لەوەش کرد: لە پێشانگەکەم دا، بیرکردنەوەی بینەر بەرەو پەیوەندیی نێوان جەنگ، ژینگە و ژیانی ئاژەڵان دەبەم. هەروەها بەکارهێنانی رەنگی رەش و سپی، جەخت لەسەر وردەکارییەکان، هەست و بارودۆخی وێنەکان دەکەمەوە و بینەر لە دووریی رەنگەکانەوە بەرەو ناوەرۆکی قووڵتری کارەکان دەبەم.
سەبارەت بە گرنگیی کردنەوەی ئەو پێشانگەیە، عەلیپوور دەڵێت: گرنگی ئەم پێشانگەیە لەوەدایە کە فۆتۆگرافی لە ئاستی جوانیی بینراو تێدەپەڕێنم و دەیکەمە ئامرازێک بۆ پرسیارکردن، بیرکردنەوە و هۆشیارکردنەوە؛ چونکە هەندێک وێنە تەنیا بۆ بینین نین، بەڵکو بۆ ئەوەن بینەر لەبەردەمیان بوەستێت و بیر لەو شتانە بکاتەوە کە لە پشت ئەو دیمەنانەدا شاراونەتەوە.
ئیبراهیم عەلیپوور ئاماژەی بەوەش دا: ئەو پێشانگەیەم بانگەوازێکە بۆ بینینی ئەو راستییەی کە جەنگ و توندوتیژی تەنیا بە کۆتاییهاتنی دەنگی چەک کۆتاییان نایەت؛ بەڵکو ئاسەوارەکانیان لە بیرەوەریی مرۆڤ و ژیانی سروشتدا دەمێننەوە. لێرەدا فۆتۆگرافی دەبێتە شایەتێکی بێدەنگ، بەڵام بەهێز، بۆ ئەو راستیانەی نابێت لەبیر بکرێن.
ئیبراهیم عەلیپوور، هونەرمەندی فۆتۆگرافەری کورد، ساڵی 1990 لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. ناوبراو کاری وێنەگری و دێکۆمێنتاری دەکات، بە تایبەتی لەسەر ژیان و ناخۆشییەکانی کۆڵبەران، میراتی کولتووری و ئەو کۆمەڵگەیانەی کەمتر باسیان لێوە دەکرێت. عەلیپوور براوەی چەندین خەڵاتی جیهانی و ناوخۆیی بەدەستهێناوە وەکو، خەڵاتی ناسراوی وێنەی رۆژنامەوانیی جیهانی لە ساڵی 2025، خەڵاتی وێنەکانی پۆرترەیتی ئاسیا بۆ ساڵی 2024 و، خەڵاتی گەورەی کانون بۆ پڕۆژەکانی وێنەگرتن لە ساڵی 2023.

