ڕائیب جادر – هەولێر
١١ ساڵ لەمەوبەر، لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆیی سەرۆک بارزانی، شارۆچکەی شنگالی لە دەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار کرد. ئازادکردنی شنگال و بەڵێنەکەی سەرۆک بارزانی بۆ کوردانی ئێزدی، جگە لەوەی داستانێکی سەربازییانەی بێ وێنە بوو، ھاوکات لە ژیانی ئێزدیەکاندا بە قۆناغێکی نوێ دادەنرێت.
سەرۆک بارزانی لە ڕۆژی ٢١/١٢/٢٠١٤ لەسەر چیای شنگالەوە بەڵێنی دا شاری شنگال لە تیرۆریستانی داعش ڕزگار بکات، ئەوەبوو ڕۆژی ١٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ دوای ساڵێک لە داگیرکردنی قەزای شنگال و دەوروبەری بە دەستی تیــرۆریستانی داعش، بە بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆیی سەرۆک بارزانی و بە بەشداری ٧٥٠٠ پێشمەرگەی قارەمان و دوای دوو ڕۆژ لە دەستپێکردنی ئۆپەڕاسیۆنی ڕزگارکردنی شنگال، سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا مژدەی ڕزگارکردنی شنگالی ڕاگەیاند، بەمەش ئەو بەڵێنەی دوای سێ ڕۆژ لە داگیرکردنی شنگال سەرۆک بارزانی بە بابەشێخی ئێزدییەکانی دابوو، لەبەرچاوی ھەموو جیھان جێبەجێکرا.
ئازادکردنی شنگال و بەڵێنەکەی سەرۆک بارزانی بۆ کوردانی ئێزدی، جگە لەوەی داستانێکی سەربازییانەی بێ وێنە بوو، ھاوکات لە ژیانی ئێزدیەکاندا بە قۆناغێکی نوێ دادەنرێت.
ھەر بۆیە ئێزدییەکان ئەو ڕۆژەیان بە ڕۆژێکی مێژوویی و نەتەوەیی دانا، لە ڕاگەیەندراوێکیشدا میر تەحسین بەگ، میری ئێزدییەکان لەو کاتەدا داوای کرد ھەموو لایەک پێکەوە کاربکەن بۆ پارێزگاریکردن لەو سەرکەوتنەی ھێزەکانی پێشمەرگە کە بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆیی سەرۆک بارزانی بەدەستھاتووە، لە ھەمان کاتدا ئۆپەڕاسیۆنی ھێزی پێشمەرگە بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی بە ڕۆژێکی مێژوویی ناساند و ڕایگەیاند، ڕزگارکردنی شنگال خۆشی و شادی خستە دڵی تەواوی ئێزدییەکان.
شنگال ڕێگەیەکی سەرەکیی ڕێگەی ژمارە ٤٧ بوو کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە سووریا “ڕەققە” بە مووسڵەوە دەبەستێتەوە، کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەم شارە گورزێکی کوشندە بوو لە ھێڵی گواستنەوە و دابینکردنی چەک و چەتەکانی داعش و ھەنگاوێکی گەورە بوو بۆ پاککردنەوەی ناوچەکانی تر.
بەھۆی ھێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە سێی ئابی ٢٠١٤، زیاتر لە پێنج ھەزار کوردی ئێزدی گیانیان لەدەست دا، زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار کەسیش ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون، زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەسیش ئاوارەی وڵاتان بوون، شەش ھەزار و ٤١٧ کەسیش ڕفێنران.
سەرۆک بارزانی، لە ١٣/١١/٢٠١٥ بەبۆنەی ڕزگارکردنی شنگال لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزبایی لە خەڵکی شنگال و ھێزی پێشمەرگە، ڕایگەیاند: ئازادکردنی شنگال لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش لەڕووی سەربازی و سیاسی و مێژووییەوە سەرکەوتنێکی مەزن بوو بۆ گەلی کوردستان کە لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەکانمان تۆمار کرا.
ھەروەھا سەرۆک بارزانی، ئەوەشی گوت: ئەم سەرکەوتنە بە ھەموو لایەک دەڵێت کە ئیتر ئەو ڕۆژە ڕۆیشت داگیرکار و ستەمکاران گەلی کوردستان بچەوسێننەوە، ئێستا گەلی کوردستان سەربەرزانە بەرگری لە خۆی دەکات و دوژمن دەشکێنێ و پارێزەری بەھاکانی مرۆڤایەتیشە.
سەرۆک بارزانی، ئاماژەی بەوەشکرد: لەدوای داگیرکردنی شنگال و ئەو کارەساتەی بەسەر خوشک و برا ئێزدییەکانماندا ھات ئامادەبووین ھەموو ڕێگەیەک بگرینەبەر و ھەموو نرخێک بدەین کە شنگال ئازاد بکرێت بۆ ئەوەی بڕوا بەخۆبوون بۆ گەلی کوردستان و خوشک و برا ئێزدییەکانمان بگەڕێتەوە و دوژمن و تیرۆریستان لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەربکرێن.
سەرۆک بارزانی لە بارەی شنگال ڕایگەیاندووە، ھەنگاوی یەکەمی سارێژبوونی برینی شنگال، ئەوەیە شنگال بگەڕێتەوە دەست خاوەنە ڕەسەنەکانی و ئەو ھێز و میلیشیانەی دەستیان بەسەر شنگالدا گرتووە واز لە شنگال بھێنن و ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت.
لە ساڵی ٢٠١٩دا پەرلەمانی کوردستان ئەو کۆمەڵکوژیەی کە بەسەر ئێزدیەکاندا ھاتووە بە جینۆساید ناساند و ڕێککەوتی ٣ی تەباخی ھەموو ساڵێک وەکو ڕۆژی ڕێزگرتن لە قوربانیانی ئەو جینۆسایدە دەستنیشان کراوە.
لە ساڵی ٢٠٢٠ ھەولێر و بەغدا لەژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان ڕێکەوتننامەیەکیان دەربارەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال ئیمزا کرد کە گرنگترین خاڵەکانی ئەو ڕێکەوتنەیە کشانەوەی سەرجەم ھێزە چەکدارە نایاساییەکان لە شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ سەر زێد و ماڵ و حاڵی خۆیان و ھەروەھا دانانی قایمقامێکی نوێیە بۆ شارەکە.
قەزای شنگال، کە دەکەوێتە دووری نزیکەی ١٢٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری موسڵ، لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە. ئەم قەزایە بە یەکێک لە ناوچە جێناکۆکەکان دادەنرێت و شوێنی سەرەکی کوردانی ئێزدییە ڕووبەری قەزاکە ٣,٣٨٨ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و تا پێش ھێرشی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، ژمارەی دانیشتووانەکەی بە زیاتر لە ٤١٢ ھەزار کەس مەزەندە دەکران، لە ڕووی پێکھاتەی ئایینییەوە، زۆرینەی دانیشتووانی شنگال پەیڕەوی ئایینی ئێزدی دەکەن.
ئێستا زیاتر لە ٧٥%ی خەڵکی شنگال لەژێر خێمەدا دەژین، ئامادەنە لەژێر خێمەکانیان بژین و ژیانێکی ناخۆش ببەنەسەر بەس نەگەڕێنەوە ناوچەکانیان کە بووەتە شوێنی دەیان گرووپی چەکدار، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، لەسەر فەرمان و ڕێنمایەکانی سەرۆک بارزانی ئەوەی پێویست بووە حکوومەتی ھەرێم بۆ شنگال و خەڵکی ناوچەکەی کردووە، سەرۆک بارزانی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگالی کرد، حکوومەتی ھەرێم بەردەوام خزمەتی خەڵکی ناوچەکەی کردووە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەویش ڕۆلێکی سەرەکی گێڕاوە لە ھاوکاری کردنی خەڵکی ناوچەکە.
حکوومەتی عێراق بە ئەرکی دەستووری و یاسایی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی شنگال ھەڵنەستاوە و قەرەبووی ئەو خەڵکەی نەکردووەتەوە، کە بەھۆی ھەرەسھێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی شارەکە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە، لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٠ ڕێککەوتنی گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی دۆخی قەزای شنگال لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق بە ئامادەبوونی نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئیمزا کرا، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە پێویست بوو قایمقامێکی نوێ دابنرێت، پۆلیسی خۆجێ ئەمنییەتی ناوچەکە بپارێزێت و دوو ھەزار و پێنج سەد کارمەندی ھێزە ئەمنییەکان دابمەزرێن، ھەروەھا گرووپە چەکدارەکان لە تەواوی ناوچەکە دووربخرێنەوە و لیژنەیەکی ھاوبەشیش بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال پێکبھێنرێت، بەڵام تا ئێستا ھیچ یەک لەو خاڵانە جێبەجێ نەکراون. نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ھەرێمی کوردستان بەردەوام داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال دەکات، بەڵام حکوومەتی عێراق نایەوێت ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت و دەیەوێت ڕەوشی شنگال ھەروا بە خراپی بمێنێتەوە و دەچێت لەگەڵ ھەندێک گرووپی دیکە ڕێککەوتن دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا ھیچ بڕگە و خاڵێکی ڕێککەوتنەکەی ھەولێر و بەغدا نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە حکوومەتی عێراق لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم ھاوکار نییە بۆ ئاسایکردنەوەی بارودۆخی ئەو شارە، ئەوەش وای کردووە ڕەوشی شارەکە ڕۆژبەڕۆژ خراپتر ببێت.

