دوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بە یاسایی، لێرە و لەوێ دەبیسترێت هەوڵێک هەیە بۆ جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستان و دابەشبوونی، ئەوەش بە تەواوی لەلایەن هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت وڵاتانی هاوپەیمانی هەرێمی کوردستانیش ڕەتدەکرێتەوە و بە هەوڵێکی مایەپووچ سەیر دەکرێت.
لەو بارەیەوە، هەستیار ئەسعەد، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و مامۆستای زانکۆ، دەڵێت؛
لە دوو دەیەی رابردوودا، دوابەدوای رووداوە تیرۆرستیەکەی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١، و لادانی قاعیدە و تالیبان لە ئەفغانستان و گەڕاندنەوەیان بۆ دەسەڵات، و روخاندنی رژێمی بەعس لە عێراق و شۆرشەکانی بەهاری عەرەبی لە تونس و میسر و لیبیا و سوریا، هتد.. ئامانج لێی گۆڕینی ڕژێمەکان بوو، نەک دەستکاریکردنی نەخشەی وڵاتان لە ناوچەکە.
ئەو پسۆڕە سیاسییە دەڵێت؛ بۆیە هاندانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بۆ رێککەوتن لەسەر بنەمای دەستوور لە چوارچێوەی سیستەمە فیدراڵیەکە، مەبەست لێی پاراستنی دەوڵەتە بەشێوە تەقلیدییەکەی کە لە پەیماننامەی وێستفلیا لە ١٦٤٨، داڕێژراوە و لە ١٩٢١ بەشێوەیەکی دەستکرد پێکهاتەکانی تیادا لە قاڵبی دەوڵەتی عێراق داڕێژراوە. بۆیە، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی فڕەیمی دەوڵەت تووشی بەریەککەوتن دەبێتەوە ئەگەر خواستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سیستەمی نێودەوڵەتی نەیخوازێت.
دەشڵێت؛ عێراقی دوای ٢٠٠٣، دەوڵەتێکی فیدراڵی ئارەزوومەندانەی نێوان پێکهاتەکانە؛ کورد، عەرەب “سوونە،شیعە” و پێکهاتە و ئایین و مەزهەبە جیاجیاکانی تر، وەک تورکمان، کلدان، سریان، ئاشوری، ئێزیدی، ئەرمەنی، موسڵمان، مەسیحی، شەبەک، مندائی،هتد…! بۆیە، وولاتانی هاوپەیمان و ئەمریکا و وڵاتانی هەرێمی کۆکن لەسەر مانەوە و پاراستنی عێراق وەک ئەوەی هەیە، نەک دروستبوونی هەر هەرێمێکی تر، یاخود هەوڵێک بۆ گۆڕانکاری زیاتر لەوەی هەیە، بەڵگەش بۆ ئەمە، دروستبوون و لەناوبردنی خەلافەتی داعش.
باس لەوەش دەکات، لەبەر مەبنای ئەم تێڕوانینە، هەوڵەکان بۆ دروستکردنی جیاکاری لە هەرێمی کوردستان بێهوودە دەبن لە جیاکردنەوەی سلێمانی و هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان، ئەگەرچی ماددەی ١١٩ی دەستوری عێراق رێگەخۆشکەرە بۆ پارێزگاکان کە ببنە هەرێم لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵ، بەڵام ڕێگرە لە دروستبوونی هەرێمێکی تر لەناو هەرێمی کوردستان . لەلایەکی تر، دەرگای خواست بۆ شارەکانی تر و پێکهاتە و مەزهەبەکانی تریش خۆش دەکات بۆ هەمان داخوازی. کەوابێ، عێراقێک بە تەنها هەرێمێک ئەوەندە پڕ کێشە بێت، ئەی ئەگەر هەرێمەکان زیاتر ببن، دەبێ چۆن چۆنی چارەسەری کێشەی بوودجە و داهات و سنوورەکان و دەسەڵاتەکان بکرێن. لەبەر ئەوە، عێراقێکی یەکگرتوو و هەرێمێکی یەکگرتووی کوردستان سەروو زیادە بۆ ناوچەکە.
ئەو پسپۆڕە سیاسییە باسی لە هەنگاوی کارا کردنەوەی پەرلەمانی کوردستانیش کرد و ڕایگەیاند؛ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دوای دووساڵ، بە ٥٠ +١ی ئەندامانی، مافێکی شەرعی و یاسایی و ڕێگەپێدراوە، ڕێگەخۆشکەرە بۆ کەوتنەوە سەر پێی یەکێک لە سێ دەسەڵاتە هەرە گرنگەکان کە دەسەڵاتی یاسادانان، و دادوەری، و جێبەجێکردنە. دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، دواتر پەیوەندیان لەگەڵ تۆم باڕاک نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری عیراق و سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پشتگیری و پشتڕاستی لە هەرێمی کوردستانی یەکگرتووی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوویان کردۆتەوە.
بۆیە، پێویستە لەسەر لایەنە سیاسیەکان، دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان، بەشدارییەکی کارا و ڕۆڵی بەرچاوی خۆیان ببینن بۆ ئەوەی لە زووترین کات سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ لە پەرلەمانەوە لەنێوان لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن و ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان بە بەرکەوتەی کورسییەکان، حکوومەتێکی بنکەفراوانی یەکگرتووی هەرێم پێکبهێنرێت. هەر هەوڵێک بەدەر لەوە، تەنها لە زیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەفیڕۆدانی وزە و کات کوشتنە.
ئەو چاودێر سیاسییە دەشڵێ؛ پەیامی سەرۆک بارزانی ئاماژەیەکی روون و رێگەچارەی گونجاوە کە پارتی و یەکێتی و لایەنەکان بتوانن حکوومەتێکی بنکە فراوان دروست بکەن، تاکو هەرێمی کوردستان بە بەهێزی بمێنێتەوە.

