رۆژنامەی ھەولێر

لەئیزمیر تەقینەوەی كارگەیەك بووە هۆی گیان لەدەستدانی شەش كرێكار

كارزان گلی – هە‌ولێر

كارگەیەكی گەورەی دروستكردنی شیش، لەناوچەی عەلیئاغای سەر بەشاری ئیزمیر تەقییەوە، بەو هۆیەوە شەش كرێكار گیانی لەدەستداوە.

پارێزگاری ئیزمیر لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، سەرەتا سێ كەس گیانی لەدەستدابوو، هەروەها سێی تریش برینەكەیان سەخت بوو و بەداخەوە ئەوانیش گیانیان لەدەستدا و ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتە شەش كرێكار. تاوەكوو ئێستاش ١٠ی تریش بریندارن و برینەكەیان سەخت نییە.
هۆكاری تەقینەوەی ئەو كارگەیە تیرۆرستی نەبووە، بەڵكوو كێشەیەكی تاو كارگەكە بووە و بووەتە هۆكاری ئەوەی تەقینەوەیەكی گەورە روو بدات و ئەو كارەساتەی لێ بكەوێتەوە.
موستەفا چیفتچی، وەزیری ناوەخۆی توركیا، لەهەژماری خۆی لە (X) بڵاوی كردەوە، بەردەوامن لەرزگاركردنی كرێكارەكان، چونكە كرێكارێكی زۆر لەژێر كارگەكەدا ماوەن و رزگار نەكراون.
ئاكن گورلەك، داواكاری گشتی توركیا رایگەیاند، دۆسییەی تایبەتیان لەسەر ئەو رووداوە كردووەتەوە و بەپەلە دەست بەلێكۆڵینەوە دەكەن، كێ كەمتەرخەم بێت سزا دەدرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی وەزارەتی ناوەخۆی توركیا، دوو هەفتە بەر لەئێستا لەهەمان كارگە دوو كرێكار گیانیان لەدەستداوە، هۆكاری گیانلەدەستدانەكەش هەر پەیوەندیی بەهەڵەی كارگەكەوە هەبووە.
هەندێك كەس لە سۆسیال میدیا بڵاویان كردووەتەوە، ئەو كارگەیە گرنگی بەكرێكار نادات و وەكوو ئاژەڵ بەكاریان دەهێنێت، هەروەها بەهیچ شێوەیەك سەلامەتی كرێكار كرنگی پێنادرێت.
ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی پارتی نوێ، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، لەبارەی ئەو رووداوەوە دەڵێت: ”پرسەی خۆم ئاڕاستەی هەموو كەسوكاری ئەو كەسانە دەكەم كە لەناو كارگەكەدا گیانیان لەدەستداوە.“
كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپە، بەهەمان شێوە پرسە و سەرەخۆشی ناردووە، لەهەمان كاتدا رەخنە لەكاربەدەستانی ئەو كارگەیە دەگرێت، بەوەی وەكوو پێویست نەبوونە بۆ سەلامەتی گیانی كرێكار، بۆیە ئەو كارەساتە روویداوە.
داواشی كرد، پەلە بكرێت لەلێكۆڵنەوە لەروواوەكە و ئەنجامەكەی بۆ رای گشتی توركیا بڵاوبكەنەوە و ئەوانەی كەمتەرخەم بوونە سزا بدرێن.
لەتوركیا ساڵانە زیاتر لە ٣٠٠ كرێكار لەسەر كار گیان لەدەست دەدات، چونكە كارگەكان وەكوو پێویست كەلوپەلی سەلامەتی كرێكار بەكارناهێنن، هەروەها بیمەی تەندروستیش وەكوو پێویست بوونی نییە، بۆیە توركیا لەریزبەندی ئەو وڵاتانەیە كە ساڵانە كرێكارێكی زۆر لەسەر كار بەهۆكار جیاواز گیان لەدەست دەدەن، بەتایبەت ئەو كرێكارانەی لەژێر زەوی بەدوای كانی خەڵووزدا دەگەڕێن زۆرترین زیانیان بەردەكەوێت.
لەتوركیا كەمترین مووچەی كرێكار مانگانە بە ٢٢ هەزار لیرەی دانراوە، بەڵام زۆربەی خاوەن كارەكان فێل لەكرێكارەكان دەكەن، بەتایبەت كرێكاری سووری و پێیان دەڵێن، لەسەر گرێبەستەكە ٢٢ هەزار لیرە دەنووسین، بەڵام كەمتر لەو مووچەیەتان دەدەمێ و بەشێكی زۆری كرێكارەكانیش بەهۆی خراپی رەوشی داراییان رازی دەبن.
هەروەها بەهیچ شێوەیەك بیمەی تەندروستی و كۆمەڵایەتییان بۆ ناكەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كرێكار هەموو مافێكی ئاسایی خۆی لەدەست بدات و دووچاری زیانێكی زۆر ببێتەوە، تەنانەت بەشێكی زۆریان بەهۆی ئەوەی بیمەیان بۆ نەكراوە، كاتێك گیان لەدەست دەدەن، مووچەی خانەنشینیان بۆ نابڕێتەوە.