مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید دەرگە بە ڕووی گرێبەستێکی ئاڵوگۆڕیدا لەگەڵ ئارسناڵ دەکاتەوە
هێشتاا دیێگۆ سیمیۆنی، هیوای ئەوەی لە دەست نەداوە، کە هێڵی ناوەڕاستی ئەتلەتیکۆ مەدرید بەهێز بکات بە گرێبەستی یاریزانێکی ئاستباڵا. بۆ ئەو مەبەستە چاوی لەسەر مارتین زوبیمێندی ئیسپانی داناوە، کە ئێستا لە یانەی ئارسناڵە و دەیەوێ گەر ڕێی تێ بچێ لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا ئەو یاریزانە ببەنە ریزەکانیانەوە. بۆ ئەو مەبەستە، دەیەوێ ئەو هەلە بقۆزێتەوە، کە ڕۆڵی ئەو یاریزانە لە یانەکەی خۆی کەم کراوەتەوە.
بە گوێرەی پێگەی فۆت مێرکاتۆی فەڕەنسی، کە لە رادیۆ ناسیۆنال دی ئیسپانیاوە گواستوویەتییەوە، ماتیۆ ئالێمانی پێی وایە کە پێکهاتەی ئەتلەتیکۆ مەدرید هێشتا پێویستی بە بەهێزکردن هەیە و زوبیمێندی وەک بژاردەیەکی کاریگەر بۆ بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاست دەستنیشان کردووە.
یاریزانەی پێشووی یانەی ڕیاڵ سۆسیداد، لەم دواییانەدا جێگە و پێگەی سەرەکیی خۆی لە یانەی ئارسناڵ لەدەست دا، ئەمەش وای کردووە کە دەرگە و ئەگەر و بیرۆکە بۆ ڕۆیشتنی یاریزانەکە کراوە بێت بۆ ئەوەی کاتێکی زیاتری یاریکردنی هەبێ. هەروەها سەرنجی یانەکانی دیکەی ڕاکێشاوە، لەنێویاندا ڕیاڵ مەدرید کە تا ئەم دواییانە چاودێرییان دەکرد.
بەختباشیی زوبیمێندی ئەوەیە، کە سیمیۆنی سەرسامە بە ئاستی. وەک زیادەیەکی گرنگ و بەهێز بۆ هێڵی ناوەڕاست سەیری دەکات؛ خەون و ئارەزووی ئەوەیە، کە سوود لە بەهرەکانی شانبەشانی پابلۆ باریۆس وەربگرێ، بەڵام دەستەبەرکردنی گرێبەستەکە کارێکی ئاسان نییە، بەو پێیەی چەند یانەیەکی دیکەی ئەورووپییش ڕکەبەری بۆ دەستخستنی ئەو یاریزانە دەکەن.
لە هەمان کاتدا، ڕادیۆی ئیسپانیا تیشکی خستە سەر داهاتووی جولیان ئەلڤارێز، کە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ڕابردوودا، ناوی وابەستەی ناوی یانەی ئارسناڵ کرا، بۆیە ئەگەری گرێبەستی گواستنەوەی هەردوو یاریزانەکە پێکەوە دەکرێ، جا چ لە ڕێگەی گواستنەوەی ئاڵوگۆڕییەوە بێ، یان گرێبەستێکی سەربەخۆ.
لەگەڵ ئەوەشدا، سیناریۆی گرێبەستی ئاڵوگۆڕی زوبیمێندی و ئەلڤارێز بۆ ئەم سەروەختە وەکوو ئەگەرێکی دوور سەیری دەکرێ. هەرچەندە لە بازاڕی گواستنەوەدا هەندێ جار هەواڵی چاوەڕواننەکراوی تێدایە.
بە ڕێککەوتنێکی نهێنی، بەرشەلۆنە و یەکێتیی تۆپی پێی بەڕازیل پلانێک بۆ پاراستنی ڕافینیا دادەڕێژن
گەڕانەوەی ڕافینیا بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل دۆسیەیەکی ئاڵۆزی بۆ بەرشەلۆنە کردەوە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یانە کەتەلۆنییەکە و یەکێتی تۆپی پێی بەڕازیل، هەماهەنگییان کردووە بۆ کاتی بەشداری و خولەکی یاریکردنی ئەستێرەکە، ئامانجیان ڕێگریکردنە لە پێکانێکی نوێ کە دەتوانێت پلانەکانی هەردوولایان بە تەواوی تێک بدات.
یاریزانەی لای باڵەکانی یانەی بەرشەلۆنە بۆ دوو یاری دۆستانەی بەڕازیل بانگهێشت کراوە، کە بەرانبەر ژاپۆن و سەنگافوورەن و بڕیارە لە 14 و 17ی ئەم مانگە لە یاریگای نیشتمانیی سەنگافوورە ئەنجام بدرێت. لە یەکەم دەرکەوتنیدا لەگەڵ بەڕازیل لە ماوەی وەستانی فیفای ئێستەدا.
لە کاتێکدا بوونی ڕافینیا هەواڵێکی خۆشە بۆ هاندەرانی بەرازیل کە یەکێک لە چەکە بەهێزە سەرەکییەکانی هێڵی هێرشبەر دادەنرێن، بەڵام نیگەرانییەکی ڕوونی بۆ بەرشەلۆنە دروست کردووە. بەو پێیەی لە ساڵی ٢٠٢٦ـدا ڕووبەرووی کێشەی جدی جەستەیی بووەتەوە و لە ماوەی بەشداریکردنی لە یارییەکانی بەڕازیل، سێ جار تووشی پێکانی ماسوولکەکانی بووە.
لەو بارەیەوە ڕۆژنامەی گلۆبۆی بەڕازیلی بڵاوی کردەوە، بەرشەلۆنە و یەکێتیی تۆپی پێی بەڕازیل، هەماهەنگی دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی ژمارەی خولەکەکانی یاریکردن، بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی ڕافینا بە تەواوی توانای لەشی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سێیەمین پێکان لەسەریەک لەو کاتەی نوێنەرایەتی وڵاتەکەی کردووە.
دوایین جار لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا لە یارییەکی دۆستانەدا بەرانبەر ئوسترالیا تووشی پێکان هات، بەو هۆیەوە ڕافینیا ناچار بوو لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا یاریگە بەجێ بهێڵێت، دوای ئەوەی لە بەشی پشتەوە ڕانی ڕاستی تووشی ئازار بوو.
دواتر پشکنینە پزیشکییەکان ئاوسانی کەمی ماسوولکەکانی دەرکەوت، ئەمەش وای کرد یەکێتیی تۆپی پێی بەڕازیل لە پێکهاتەکەی دووری بخاتەوە بۆ یارییەکەی بەرانبەر هیندستان، وەکوو ئاسانکارییەک بۆ زوو گەڕانەوە و چاکبوونەوە لە یانەی بەرشلۆنە.
ئێستا، سەرلەنوێ لەگەڵ گەڕانەوەی لە ژێر سەرپەرشتیی کارلۆ ئەنچیلۆتی، پێدەچێت هەموو لایەنەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە سەرکێشی بە ڕافینیاوە نەکرێ. هەر خولەکێک ڕافینیا لە ئاسیا یاری بکا لەسەری حسابە، لە پلانێکدا کە ئامانجی یەکەمی گەڕانەوەیە بۆ کاتەلۆنیا بە سەلامەتی و ئامادە و بەردەوام بێ لە یارییەکانی یانە کاتەلۆنییەکەیدا بێ ئەوەی هیچ پێکان و شکانێکی نوێی بێتە رێ.
دوای چاکبوونەوەی، ڤینسێنت کۆمپانی گەڕایەوە سەرکردایەتیکردنی یانەی بایرن میونشن
ڤینسێنت کۆمپانی، ڕاهێنەری یانەی یانەی بایرن میونشن، دوای چاکبوونەوەی لە کێشە تەندروستییەکەی، کە بە هۆیەوە دوور کەوتبووەوە، سەرلەنوێ گەڕایەوە سەرپەرشتیی یانەکە و لە ئەرکەکەی دەستبەکار بووەوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەڵمانی “SPOX”، کۆمپانی گەڕایەوە بارەگەی یانەکەی و دوای ئەوەی لە ٢٣ی مانگی ڕابردوو تووشی کێشەی تەندروستی بوو، یەکەمجارە دێتەوە یانەکەی وسەرپەرشتیی یاریی یانەکەی دەکات.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کۆمپانی کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی گەیشتووەتە ئۆفیسەکەی و لە لای کۆمپیوتەرەکەی دانیشتووە و گفتوگۆیەکی کورتی لەگەڵ یاریدەدەرەکەی فلۆریبێرت نگالولا کردووە.
دوو هەفتە و نیو لەمەوبەر کۆمپانی دوای ئەوەی لە کاتی مەشقەکانی تیپی دووەمی بایرن میونشن تەندروستییەکەی تێک چووبوو، گەیەندرایە نەخۆشخانە. لە پشکنینە پزیشکییەکان دەرکەوتووە کە تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بووە.
بەو هۆیەوە، بەشداریکردنی لە هەر جۆرە چالاکییەکی وەرزشی لە ماوەی چاکبوونەوەیدا لێ قەدەغە کرا، لەو ماوەیەدا یاریدەدەرەکەی ئارۆن دانکس سەرکردایەتیی یانەکەی کرد.
یەکشەممەی ڕابردوو، ئولی هۆنیس، سەرۆکی شانازیی یانەی بایرن میونشن لە ڕێگەی ڕادیۆی باڤاریایەوە ڕایگەیاند کە بەم زووانە کۆمپانی دەگەڕێتەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی تیپی یەکەمی یانەکە.
هۆینێس ڕایگەیاندووە، ڕاهێنەری بەلجیکی لە ماوەی “دوو بۆ سێ هەفتەدا دەگەڕێتەوە”، ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای پشووە نێودەوڵەتییەکان دەگەڕێتەوە سەر کورسیی یەدەگ. بەم شێوەیە کۆمپانی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ هێڵی یاریگە لە کاتی یارییەکەی بایرن میونشن بەرانبەر کۆڵن کە بڕیارە لە ٢٠ی ئەم مانگە لە چوارچێوەی یارییەکانی خولی تۆپی پێی ئەڵمانیا ئەنجام بدرێت.
هەروەها تیپەکە ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەی ئەورووپی دەبێتەوە بەرانبەر لیل لە ٢٥ی ئەم مانگە لە چامپیۆنزلیگ، ئینجا ڕۆژی شەممەی دواتر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرانبەر هامبۆرگ یاری دەکات.

