ئارام کۆشکی – هەولێر
یەکەم کتێب کە خوێندنەوە ڕۆمان بوو، ڕۆمان یەکەم دەلاقەی بۆ کردمەوە بۆ ئەوەی بەرەو جیهانی ئەدەبیات هەنگاوبنێم، پێشتر شیعرم تاک و تەرا خوێندبوویەوە، بەڵام کاتێک یەکەم ڕۆمانم خوێندەوە، ئیدی پەرجووی ئەدەبیات بۆ هەمیشەیی لەگەڵ خۆیدا بردمی. هەر لە ڕێی ڕۆمانەوە هەم عاشقی دونیای بەرینی گێڕانەوە بووم، هەم ئاشنای فەلسەفە و دەروونشیکاریی و کۆمەڵناسی و مرۆڤناسی بووم و لەوێشەوە بۆ مێژوو و سیاسەت پەڕیمەوە، چونکە ڕۆمان کۆکراوەی هەموو ئەو جیهانە جیاوازانەیە، کە مرۆڤ لەنێویاندا ژیان دەگوزەرێنێت و چیرۆکەکانی تێیاندا ڕوو دەدات. واتە ڕۆمان پیشاندانەوەی ژیانە بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە، بەڵام بەپێی کارکردنی نووسەرەکان ڕەنگدانەوەی ئەم ڕەهەندانە جۆراوجۆرن، بۆ نموونە لە هەندێک ڕۆماندا ڕەهەندی مێژوویی زاڵە لە هەندێکی تردا دەروونی، یان فەلسەفی، یان هەر بوارێکی دیکە، بەڵام لای ئێمە تا هەنووکەش هەڵە تێگەیشتن لە خوێندنەوەی ڕۆمان هەیە، کە لەم وتارە کورتەدا دەمەوێت سەرنجێکی لەبارەوە بنووسم.
زۆرجار و لە زۆر بۆنەدا ئاگاداری ئەوە بووم کە تانە لەو خوێنەرانە دەدرێت کە تەنها خوێنەری ڕۆمانن، یان بەشی زۆری ئەوەی دەیخوێننەوە ڕۆمانە. ئەم تانەیەش لەوێوە هاتووە پێیانوایە خوێندنەوەی ڕۆمان تەنها بۆ چێژە، یان هیچ ڕەهەندێکی فیکریی، یان فەلسەفی نییە. یان زۆرجار وەها وێنای خوێنەرانی ڕۆمان دەکرێت، کە تەنها بۆ کاتکوشتن دەخوێننەوە. بێگومان هەموو ئەم تانە و تۆمەتانە دروست نین، دەشێ لێرە و لەوێ خوێنەر هەبێت تەنها بۆ چێژ، یان بۆ کاتکوشتن بخوێنێتەوە، ئەمە ئاساییە، بەڵام خوێندنەوەی ڕۆمان لەسەرەتایترین پێناسەدا بۆ ئاشنابوونە بە ئەزموونی ژیانی تر، کولتووری تر و زۆر ڕەهەندی دیکەی نێو ژیان و بوون.
کێشەیەکی ئەم تانە و هەڵەتێگەیشتنە لە خوێندنەوەی ڕۆماندا پەیوەندی بە جۆری ئەو ڕۆمانانەوە هەیە، کە بەشێک لە خوێنەران دەیخوێننەوە، چونکە هەندێک ڕۆمان تەنها لە سنووری گێڕانەوە تێناپەڕن، ئەویش گێڕانەوەیەکی سادە بەبێ هیچ پاشخانێکی فیکریی و پیشاندانی ڕەهەندی دەروونی کاراکتەرەکان. بەڵام ئەوەی لێرەدا بەتەواوی دەبێتە کێشە ئەوەیە، کە هەموو ڕۆمانێک بەم چاوەوە سەیر دەکرێت، کە ئەمە هەڵە تێگەیشتن لە ڕەهەندە فیکریی و فەلسەفییەکانی خوێندنەوەی ڕۆمان.
ئەدەبیاتی ڕاستەقینە خاڵی نییە لە ڕەهەندێکی فیکریی و فەلسەفی، خۆ ئەگەر ئەدەبیاتێک لە ڕەهەندی فیکریی و فەلسەفی و دەروونی خاڵی بوو، کەواتە ئەو ئەدەبیاتە لە کێشەدایە، واتە ئەدەبیاتێکی پێگەیشتوو و ڕاستەقینە نییە (نامەوێت لێرەدا وشەی کامڵ بەکاربهێننم لەبەر هەڵەتێگەیشتن). دەشێ بپرسین کاتێک خوێنەرێک ڕۆمانەکانی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی، یان فرانتز کافکا، یان جۆرج ئۆروێل، یان گابریل گاریسا مارکیز دەخوێنێتەوە بەر ڕەهەندی سیاسی و فیکریی و مێژوویی و دەروونی ناکەوێت؟ یان کاتێک ڕۆمانێکی ئۆرهان پاموک دەخوێنینەوە ئەو ڕەهەندە کولتوورییە و ئەو جیاوازییە کولتوورییەمان بۆ ڕوون نابێتەوە، کە لەنێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوا هەیە. خۆ ئەگەر خوێنەری ڕۆماننووسێکی وەکو نەجیب مەحفوز بین ئەوا بە مێژووی سەدان ساڵەی شارستانییەتێکی گەورەی وەکو میسر ئاشنا دەبین و هەموو ئەمانەشمان لە خوێندنەوەی ڕۆمانی ئەم ڕۆماننووسانەوە چنگ دەکەوێت.
شاعیری دیار و ناوداری کورد شێرکۆ بێکەس لەو خوێنەرانە بوو، کە بەشی زۆری کاتی خۆی بۆ ڕۆمان تەرخان کردبوو و ئەمەی لە چەند دیدارێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتووە، هەر ئەمەش ئاسۆی بیرکردنەوە و دونیابینی فراوانکردبوو و هاوکات زمانیشی هەمیشە ڕەهەندێکی گێڕانەوەیی بەسەریدا زاڵ بوو. پێدەچێ هەر ئەم پاشخانی خوێندنەوەی ڕۆمانە هۆکارێکی سەرەکی بێت بۆ ئاوێتەکردنی گێڕانەوە بە شیعر و لە دواجاریشدا چێکردنی دەقی واڵا، کە هەم چیرۆک تێیدا خۆی بنوێنێت و هەم شیعر تێیدا باڵادەست بێت.
خاڵێک کە لێرەدا دەمەوێت ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کە هەموو ڕۆمانەکان، هەڵگری ڕەهەندێکی قووڵی فیکریی و فەلسەفی و دەروونی و کۆمەڵناسی نین، بەڵام هیچ ڕۆمانێک نییە خاڵی بێت لە یەکێک لەم ڕەهەندانە. بەڵام ئەوەی ڕۆمانێک دەکاتە شاکار، یان دەقێکی سەرکەوتوو، ئەوەیە کە کۆی ئەم ڕەهەندانە لەخۆیدا کۆبکاتەوە و خوێنەرانیش لەڕێی ئەزموونەوە، یان لەڕێی هاوکاری هاوڕێی خوێنەر و نووسەران و وەرگێڕەکانەوە دەتوانن ئەو تێکستانە بدۆزنەوە. کە دەتوانن گۆڕان لە دونیابینی و شێوازی ژیانماندا بکەن، چونکە ڕۆمانی ڕاستەقینە گوشراوەی هەموو زاستەکانە و ژیان لە هەموو گۆشەنیگایەکەوە پیشان دەدات.

