ڕائیب جادر – هەولێر
سەرۆک بارزانی لە دوایین پەیامی خۆیدا ئەوەی بەبیر لایەنە سیاسییەکان خستەوە کە بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان لە ھەموو بەرژەوەندی و ئامانجێکی تر گەورەترە، بۆیە داوای لە پارتی و یەکێتی کرد گرفتەکان چارە بکەن. پەیامەکە کاردانەوەی ئەرێنی ھەبوو، ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پشتیوانی و پێشوازی لە دەستپێشخەری و پەیامی سەرۆک بارزانی دەکەن و پێیانوایە ھەڵوێست و پەیامەکانی سەرۆک بارزانی لە دۆخە ھەستیار و پڕ ململانێیەکانیشدا ھەموو کات دەتوانێت ئاوێک بە ئاگری ناکۆکییەکاندا بکات، بۆیە ھیوادارین برادەرانی یەکێتی ئەم پەیامە بە ھەند وەربگرن.
٩ـی ئەم مانگە سەرۆک بارزانی لەبارەی پێشھاتەکان و دۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان بانگەوازێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پێویستە ھەموو لایەک ئەوە لەبەرچاو بگرن کە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان لە ھەموو بەرژەوەندی و ئامانجێکی دیکە گەورەترە.
لە بەشێکی دیکەی بانگەوازەکەدا سەرۆک بارزانی پەیامێکی ئاراستەی یەکێتی کردووە و دەڵێت، لەسەر ئەو بنەمایە، داوا لە برایانی یەکێتی دەکەم لەگەڵ پارتی پێکەوە دابنیشن، کێشەکان چارەسەر بکەن و کۆتایی بە قەیرانە سیاسییەکەی ھەرێمی کوردستان بھێنن.
سەبارەت بە پێکھێنانی حکوومەت و بەشداریی لایەنەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، زۆریش حەز دەکەم لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ھەرێم بەشداری لە ھەنگاوەکانی پرۆسەی سیاسیدا بکەن، پێکەوە حکوومەتێکی بنکەفراوان و نیشتمانی پێکبھێنن و وەڵامی داوا و خواستەکانی خەڵکی کوردستان بدەنەوە.
ھاوپەیمانیی مەسیحی لە ڕاگەیەنراوێکدا پێشوازی لە بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی بۆ گفتوگۆ و کۆتاییھێنان بە قەیرانی سیاسی کرد و جەختی کردەوە، پاراستنی بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و قەوارە و دامەزراوەکانی، بەرپرسیارێتییەکی ھاوبەشە و لە سەرووی بەرژەوەندییە حزبییەکان و ناکۆکییە سیاسییەکانەوەیە.
ھاوپەیمانییەکە داوای لە ھەموو ھێزە سیاسییەکان کردووە پشتگیری لەم دەستپێشخەرییە بکەن و بیکەنە ڕێککەوتنێکی نیشتمانی بۆ پاراستنی یەکێتیی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی دەستووری، سیاسی و جەماوەرییەوە، تاوەکو دامەزراوەکان کارا بکرێنەوە و خواست و ئومێدەکانی ھاووڵاتییان بەدی بھێنرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، ھاوپەیمانیی مەسیحی ھەڵوێستە نیشتمانی و مێژووییەکانی سەرۆک بارزانی بەرز نرخاندووە و جەختی کردووەتەوە کە سەرکردایەتییەکەی لە قۆناخە ھەستیارەکانی مێژووی ھاوچەرخدا، دەستەبەرێکی ڕاستەقینە بووە بۆ پاراستنی پێکھاتە ڕەسەنەکان، یەکڕیزیی ھێزە سیاسییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان.
لەلایەکی دیکەوە پارتی چاکسازیی تورکمان لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا، پێشوازی و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ بانگەواز و دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند، بە مەبەستی دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جیدی و بەرپرسانە لەنێوان ھێزە سیاسییەکاندا بۆ کۆتاییھێنان بە ناکۆکییەکان، کاراکردنەوەی دامەزراوە دەستوورییەکان و پێکھێنانی حکوومەتێکی نیشتمانی فراوان لە ھەرێمی کوردستان.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ھاتووە کە لەم قۆناغە ھەستیارەدا، پێویستە بەرژەوەندیی باڵای خەڵکی کوردستان لە سەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکی حزبی و سیاسییەوە بێت. پارتی چاکسازیی تورکمان پاراستنی قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستان، سەقامگیریی سیاسی و بەردەوامیی کاری دامەزراوەکان بە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و ھاوبەشی سەرجەم ھێز و پێکھاتەکان دەزانێت.
سەبارەت بە مافی پێکھاتەکان و پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەت، ئەو پارتە جەختی کردووەتەوە کە بنەمای سەرکەوتنی ھەر ڕێککەوتنێکی سیاسی بەندە بە پێکەوەژیان، ھاوبەشیی ڕاستەقینە و ڕێزگرتن لە ماف و ئیرادەی گشت پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان، لەم چوارچێوەیەشدا، پێداگری لەسەر مسۆگەرکردنی نوێنەرایەتیی دادپەروەرانە و بەشداریی کاریگەری پێکھاتەی تورکمان لە ناوەندەکانی بڕیاردان و دامەزراوەکانی حوکمڕانیدا دەکاتەوە، شانبەشانی پاراستنی ئیرادەی ئازادی دەنگدەرانی تورکمان لە دیاریکردنی نوێنەرە ڕاستەقینەکانیاندا.
پارتی چاکسازیی تورکمان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە حکوومەتی داھاتوو دەبێت لەسەر بنەمای ھاوبەشیی نیشتمانی، دادپەروەری، یەکسانی و ڕێزگرتن لە فرەڕەنگیی ھەرێمی کوردستان پێکبھێنرێت، بە جۆرێک کە ھیچ پێکھاتەیەک ھەست بە پەراوێزخستن نەکات.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، پارتی چاکسازیی تورکمان وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی، داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکات بە ڕۆحێکی نیشتمانییەوە بەدەم بانگەوازەکەوە بچن و لەڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە کێشەکان چارەسەر بکەن، دووپاتیشی دەکاتەوە کە ھێز و سەقامگیریی کوردستان لە یەکڕیزیی پێکھاتەکان و بەھێزکردنی دامەزراوە دەستوورییەکانیدایە.
ھۆزان خورشید، چالاکوانی سیاسی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: کاتی ئەوە ھاتووە خۆمان بۆ قۆناغی دوای کارابوونەوەی پەرلەمان ئامادە بکەین ئەویش پێکھێنانی حکوومەتێکی نوێیە، ئەو پەیامەی سەرۆک بارزانی لەم کاتەدا گرنگە و لەگەڵ ھەستیاریی کوردستان و دۆخی ناوچەکەدا دەگونجێت، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێشوازی لەو پەیامەی سەرۆک بارزانی بکەن، ھەروەھا داوا لە ھێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەکەم بەشداری کارایان ھەبێت لە پرۆسەی سیاسیی کوردستان، بۆ ئەوەی بە ھەموو لایەک حکوومەتێکی بنکەفراوان دروست بکرێت.
ئەو چالاکوانە، ئاشکراشی کرد: ئێستا دەرفەتێکی باش لەبەردەم لایەنە سیاسییەکاندا ھەیە تا بێنە پێشەوە و ئەم واقیعی کارابوونەوەی پەرلەمان پەرە پێبدەن و بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا بکەن، با ئەو لایەنانەش کە نیگەرانییان ھەیە لەوە تێبگەن کە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ فەرامۆش نەکراوە، کارابوونەوەی پەرلەمانیش بە مەبەستی دژایەتیکردنی ھیچ لایەنێک نەبووە.
مەعروف کامەران، چاودێری سیاسی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: بانگەواز و دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی لەم قۆناغەدا چارەنووسسازە بۆ یەکگرتوویی کورد و پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان. جەختیش دەکاتەوە کە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دەستپێشخەرییەدا دەریدەخات کام ھێزی سیاسی لە خەمی گوزەرانی خەڵک و بەھێزکردنی کوردستاندایە.

