رۆژنامەی ھەولێر

محەمەد عومەر عوسمان، شاعیرێك لە نیشتمانی پاییزدا

قەهار شێخانی
محەمەد عومەر عوسمان، شاعیرێك لە غوربەتا لە دایك بوو، چووە نێو كتێبخانەكان، چووە نێو دڵەكان، سەر رووپەڕی رۆژنامەكان، نێو لاپەرەی گۆڤار، شاشەی تیڤییەكان و بوو به‌ گۆرانیه‌كی نه‌مر.
لە نیوە شەوە سارد و غەمناكەكاندا، پاییز دەبووە میوانی ژوورەكەی، بە هاوار و ناڵەوە دەڕژایە نێو گۆمی مەنگی دۆڵەكانەوە، ئاهەكانی دەگەیشتە گوێی ئاوازی پر لە حوزنی تار، خۆشی نەیدەزانی كێ یە بەم نیوەشەوە ئەو ئاوازە پڕ لە ئازارە دەژەنێ، بۆیە ناچار پەنجەرەی ژوورە پڕ لە خەون و خەمەكانی دەخستە سەرپشت بۆ ئەوەی وژەوژی (با)یەك ببیسێ و پێی بڵێ، ژەنەراڵ تۆم بە خەمەكان و بە تەنیایی و بە مەستی و بە بۆنی جگەرەكەت و بە پاییزیشەوە هەر خۆش دەوێ.
محەمەد عومەر عوسمان، هێندە لەگەڵ پاییزدا ژیا، هێندە پاییزی دواند، هێندە شیعری بۆ پاییز نووسی، بۆیە پاییز، پێچەوانەی مرۆڤی ئەم سەردەمە بێمروەتیی لەگەڵدا نەكرد، كردی بە ژەنەراڵ، ژەنەراڵی هەزارەها داری رووت، ملیارەها گەڵای وەریو، هەوری كردە كاسكێتەكەی سەری و گەڵای كردە ئەستێرەی سەرشانی و كزەبای كردە پاڵتۆكەی و درەختیشی بۆ كردە شمشێر، ئەویش لە پاداشتی ئەوەدا نازناوی شەهیدی بەخشیە گەڵای وەریو و تا ئەبەدیش كردی بە ئازیزی خۆی، چونكە لە یەك كاتدا خۆی هەم كۆرپەی گەڵارێزان بوو هەم باوكی پاییزیش بوو، ئیدی ئەویش پەیمانشكێنیی لەگەڵ پاییزدا نەكرد تا رۆژی مردنێ بوونە دووانە و لێی جیا نەبۆوە.
پاییز كۆستی كەوت، چونكه‌ دوای ئه‌و دەستێكی پر لەمیهری نەبینی ئەشكی چاوەكانی بسڕێ و بە دیار گەڵا وەریوەكانیه‌وە شیعری سەوز بنووسێ، بۆیە ئێستا گەر دەفتەری بیرەوەرییەكانی ئەم چەند ساڵەی پاییز بخوێنێتەوە هەمووی هەر كوێرەوەرین.
لەنێو ئەدەبیاتی كوردیدا شیعر باوترین ژانرە، چونكە زووتر دێتە سەر زمان و ئەزبەر دەكرێت، دەبێتە گۆرانی و تێگەیشتنی ئاسانترە بۆ خوێنەر و گوێگر، لە قۆناغەكانی ئەدەبی كوردیدا زۆر شاعیر و ناوی درەوشاوە هەن كە بەرهەمە شیعرییەكانیان بوونەتە جێی سەرنجی خوێنەران.
محەمەد عومەر عوسمان، یاخود (ژەنەراڵی پاییز) یەكێكە لەو شاعیرانەی كە شیعرەكانی لەپانتاییەكی فراوانی ئەدەبی كوردیدا جێگێربووە، ئەویش بەهۆی ئەوەی كه‌ شێوازێكی تایبەتی هەبوو لە نووسینی پڕ هەست و سۆزی قوڵ و رووچوونی بەنێو جوانی نیشتمانی پاییزدا.
پاییز لەلای ئەو تەنها وەرزێك نەبوو بەڵكو هەموو ژیانی بوو، هێمایەك بوو بۆ تەنیایی، بۆ هەڵوەرین، بۆ خەمناكی، بۆ ژیانەوە، بۆ گریان، بۆ زەردی، بۆ كۆچ، هەر ئەمەش بوو وایكردبوو پاییز ببێتە ناسنامەی شاعیریەتی ئەو.
شیعرەكانی ژەنەراڵی پاییز تایبەتمەندی خۆیان هەیە لە رووی فۆرم و ناوەڕۆكەوە، كە پرن لە هەستی قوڵی مرۆیی و ئازارە دەروونیەكان، دار و گەڵا و وەرین و هەور و بەفر و باران و دڵتەنگی و تەنیایی و و وێنەسازی سروشت بەگشتی پەیوەندییەكی گرنگیان هەبوو بەو شێواز و دەربڕینەی كە ئەو بەكاری دەهێنان، ووێنەی شیعری زۆرجوان لە شیعرەكانیدا بەرجەستە دەكرد، كە لەزۆر رووەوە لە شاعیرانی دیكەی جیا دەكردەوە، بۆیە هۆگربوون بە سروشت و ئەزموونی زۆری خۆی و كەرستەی دەربڕینەكانی ده‌رباره‌ی غوربەت و كۆچ و رووتبوونەوەی دار لە پاییزان و ونبوون و نەمانی پەیوەندی مرۆڤ بە كات و شوێنەوە هۆكارگه‌لێك بوون بۆ تێگەیشتن لەو دیوی ژیانی پر لە تەنیایی ئەم شاعیرە، كە دەتوانین بڵێین بەتەواوی دایبراندبوو لە دەورووبەر تەنها لەگەڵ خۆیدا دەژیا تا وای لێهات چیتر نەیتوانی لەگەڵ خۆیشیدا هەڵبکات.
ئەگەر بە ووردی سەرنج بدەینە ووێنە شیعرەكانی شاعیر محەمەد عومەر عوسمان، كە توانیویەتی جیاوازی دروست بكات لە نێوان مانای راستەوخۆی نێوان دێرەكان و مانای هێماكاری، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە خوێنەر تەنها چێژ لە فۆرم و جوانی دەقەكان وەرنەگرێت بەڵكو چێژ لە قوڵی خەیاڵ و جۆری بیركردنەوەی شاعیرەكەش وەربگرێت. گرنگی شاعیربوون تەنها لە ناوبانگ و ژمارەی زۆری كتێبەكانیدا نیە، بەڵكو پەیوەستە بە توانا و دروستكردنی كاریگەری راسته‌وخۆی بەرهەمەكانی لەسەر خوێنەر، بەڵام محەمەد عومەر عوسمان ئەو توانایەی هەبوو كە تەنها بە نازناوەكەی وەك ژەنەراڵی پاییز ئەو پەیوەندییە پتەوە لە نێوان خۆی و خوێنەر و پاییز دروست بكات كە وا بكا كەسانی پسپۆڕ و شارەزا خوێندنەوە و لێكدانەوەی زیاتر لەسەر بەرهەمەكانی بكەن، بۆیە توانیی دوای نەمانیشی، ئەو پەیوەندییە پتەوەی نێوان خۆی و خوێنەر و سروشت و مرۆڤایەتی و شیعر نەپچرێنێ، ئەمە جارێكی دیكە ئەوەمان پێ دەڵێت، كە شاعیر چۆن بتوانێت مانایەكی دیكە بە پاییز و بە ژیان و بە شیعر بدات، چۆن بتوانێت لەنێو پاییزدا نەمر بێت، یاخود پاییز بكات بە دنیایەكی دیكە و ژیانێكی دیكە، چونكە لەلای ئەو، پاییز تەنها وەرزی نائومێدی نه‌بوو، بەڵكو ئه‌و پێی وابوو لە نێو نا ئومێدیشدا جوانی و مانای دیكەی جۆراوجۆر دەدۆزرێنەوە و لێكدانەوەی جیاوازی ئەدەبی بۆ دەكرێت.
راستە محەمەد عومەر عوسمان (ژەنەراڵی پاییز) كۆچی دوایی كرد، بەڵام بەرهەمە شیعرییەكانی لەلای خوێنەری جیدی شیعر، لە روانگەی جوانی رەنگەكانی پاییز و لەنێو گۆرانی و لەنێو ئارامی سروشت و هێمای خەم و جوانیدا وەك میراتێكی مەزنی ئەدەبی، هەردەم بە زیندوویی دەمێننەوە، بۆیه‌ ژەنەراڵی پاییز، هه‌میشه‌ به‌ نه‌مری له‌نێو دنیای شیعردا هه‌یه‌.