پەیمان عوسمان تەها
متمانەبەخۆبوون بە یەكێك لە كۆڵەگە هەر بەرز و پڕ بایەخ و بنەما گرنگ و سەرەكیەكانی پەروەردە دادەندرێ دەرهەق بە دروستكردنی كەسایەتیی منداڵ، ئەوەش لەوەدا ڕەنگڕێژ دەبێ كە ئەو منداڵە باوەڕی تەواوی بە توانا و بەها و بەهرەكانی خۆی هەبێ و درك بەو راستیە بكات كە ئەو ئەركەی پێی دەسپێردرێ، هەست دەكات دەتوانێ ئەرك و كارەكانی بەئەندازە و توانستی خۆی ئەنجام بدات، تەنانەت بۆ دەرەنجام و ئاكامەكانی دوایی لە هەڵە و پەڵە و سزا و لێدان نەترسێت، بەوە راستییە بگات كە دەتوانێ و دەزانێ لە هەڵەكانیەوە فێری شتی تازە ببێ و شكست و دۆڕان و كەوتن كۆڵی پێ نەدات و لە هەوڵەكان ساردی نەكەنەوە.
لێرەدا پێویستە منداڵ لە پاڵنەر و هۆكارە بەهێز و هۆكارە سست و لاوازەكان تێبگات و بزانێ ئەو شتانە چین كە كار دەكەنە سەر متمانەبەخۆبوونی.
لە گرنگترین خاڵە بەهێزەكان بۆ متمانەبەخۆبوون بریتیە لە:
– خۆشەویستی دایك و باوك بۆ منداڵ وەك خەمخۆر و پەرۆشی یەكەم و كۆتایی بۆ تەواوی جووڵە و كارەكان كە منداڵ دەستی دەداتێ.
– هاندان و ستایشكردنی تەنانەت ئەگەر هەڵەیشی كرد، چونكە دەبێ بزانێ تاوەكو هەڵە نەكات لە راستیەكان تێناگات.
– بە رێز و ئارامیەوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێ، چونكە رێزگرتن تەواوكردنی نیوەی ئەو كارانەیە كە هەنگاوی بۆ دەنێت.
– دەربڕینی هەست و نەست و ناخی خۆی، لەوەشدا هەست بكات دەتوانێ ئازادانە گوزارشت لە خۆی بكات، گوێگرتن لێی رێگەخۆشكەرە لە بەردەم ئەو شتانەی دەیەوێ پیادەی بكات.
هەروەها خاڵە لاوازەكان بۆ لەدەستدانی متمانە بریتین لە:
– ڕەخنەگرتن، چونكە ڕەخنەگرتن توانای سەركەوتن و هەنگاونان بۆ پێشەوە لاواز دەكات، تەنانەت هەندێ جار پەلكێشی بێئومێدیی دەكات بۆ ئەو ئیشانەی دەیەوێ بەجێیان بێنێ.
– بەراوردكردنی بە منداڵانی تر ئەوەیش خاڵێكی ترە كەسایەتیی منداڵ دەڕووخێنێ، چونكە منداڵ حەز ناكات بە هیچ كەسێك بەراورد بكرێ و لە هزر و زەین و بیریدا بەو بەراوردكردنە وا ئەو كەسێكی بێتوانا و بێهێزە و كەسانی تر لەو چاك و باش و زیرەكترن.
– سزادان و هاواركردن وەك دیمەنێكی قێزەونە، لەهەمان كات هۆكارە بۆ دروستبوونی ترس و بیم و بێمتمانەیی و خۆ لەبیركردن بۆ ئەو شتانەی دەیەوێ بیری لێ بكاتەوە.
– گرنگی نەدان بەسەركەوتنەكانی خێزان كە بە یەكەمین ژینگەی منداڵ دادەندرێ، ئەوەش هۆكارێكی ترە بۆ بێ ئومێدی و لەدەستدانی متمانە.
كەواتە پێویستە لەسەر دایك و باوك منداڵەكانیان فێری سەربەخۆیی بكەن لە پۆشینی جل و بەرگ و رێكخستنی یارییەكان و دەربڕینی هەست و نەست و ئەوەی بەخەیاڵیان دادێ، هەروەها تەرخانكردنی كاتێكی گونجاو بۆ دانیشتن و گفتوگۆكردن لەگەڵ منداڵ زۆر گرنگە تا بزانێ ماڵەوە بایەخی پێ دەدەن و قبوڵكردنی هەڵەو پەڵەكان و بەجێهێنانی داواكارییەكان متمانەبەخۆ بوونی منداڵ بەهێز دەكەن.
لەم ڕوانگەوە رۆڵی مامۆستایانی باخچە زۆر گرنگە لە رێگەی دروستكردنی ژینگەیەكی ئارام بۆ منداڵ بەهۆی دەربڕینی سۆز و میهر و خۆشەویستی و بە رێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێ و هەلی بەشداری پێكردنیان لە چالاكییەكانی نێو باخچە، نەك تەنها ئەو منداڵانەی چالاك و ئازا و زیرەكن، دوا شت گوێ لە پرسیارەكانیان بگیرێ و داواكاریەكانیان بەشێوەیەكی ئەرێنی هەڵبسەنگێنن و فێریان بكەن لە هەڵەكانەوە فێر بن، نەك بێئومێد بن.
*بەڕێوەبەری باخچەی كۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانی نەمر*

