خوسرەو جاف
ئەفسانەكانی یۆنانیی كۆن تەواوی ئەوانە سەرچاوەی سەرەكییان نەوعیەتی ئایینەكەیانە، لەوانیشەو شۆڕ بوونەتەوە بۆ ناو ڕۆمانەكان. ئەو ئەفسانانە سەردەمێك باوەڕبوونە بەشێكی سەرەكیی ژیانیان بووە، رۆژانە مامەڵەیان لەگەڵدا كردووە، باوەڕی 100%یان پێ هەبووە، ئەو جۆرە ئایین و باوەڕە تا دەركەوتنی مەسیحیەت و دەوڵەت، دەستەڵات مەسیحیەتی كردووە بە ئایینی فەرمی دەستەڵاتی ڕۆمان، ئەو باوەڕە ئەستوورییەكان وردە وردە لە فكر و زكری خەڵكەكەیدا وەك ئایین كوژاونەتەوە، بەڵام وەك ئەفسانە و ئەستوورە ماونەتەوە، تا بە ئەمڕۆ. بەوەیش ڕانەوەساوە ئەوڕۆكە گەلێك لە نووسەران، هونەرمەندان، شێوەكاران، پەیكەرسازان، ئەو ئەفسانانە دەكەنە هەوێنی داهێنانان و بە جوانترین شێوە دەیخەنە بەرچاوی مرۆڤی ئەم سەردەمە، تاوەكوو فیلمە سینەماییەكانی ئەو ئەفسانانەی دەكەنە هەوێنی سەرەكیی فیلمەكانیان.
سەیر لەوە دایە ئەو فیلمە سینەمایانە كەوا ئەستوورەكان بوونەتە داستانە سەرەكیەكەی، دەبنە پڕفرۆشترین فیلمی سینەمائی، وەك نموونە فیلمی سینەمایی (تەروا) كە چەندان ساڵ پڕفرۆشترین فیلمی سینەمائی بووە.
خاڵێكی كەی گرنگ لەوەدا ئەستوورە لە كۆنەوە تا بە ئێستا خەڵكی لێ ماندوو نەبووە و لە فكردا لەزەتبەخش بووە و ڕۆژبەڕۆژ ئەو پەیوەندییە پتەوتر و پتەوتر بووە.
لە سەدەی شەشەمی پێش زاییندا باوەڕەكە گەلێك بەهێز بووە بۆ خوا جۆراوجۆرەكان، بەڵام لە سەدەكانی پێنجەم و چوارەم بە دواوە كاتێك ڕۆشنبیری و فەلسەفەی یۆنانی گەیشتووەتە تێگەیشتن و پێگەیشتن، لەناو ڕۆشنبیران لاواز بووە، بەتایبەت ئەوانەی وا هیولا و دەعەبای سەرسام ئاوەریان تیا باس كراوە، هەر وەك داستانێك هاتبوونە بەرچاوی ئەو توێژە.
دوای سەدەی چواری پێش زایین، سەردەمی لەشكركێشی ئەسكەندەری مەكادۆنی بۆ سەر ئێران و ڕۆژهەڵات، لە دەریای ئیژەوە تا هیندستانی داگیر كرد، تێكەڵی گەلێك ئایین و گەلێك كەلتووری جۆراوجۆر بوون، هەر ئەو لەشكركێشییەی بە دواییدا دەستەڵاتی ڕۆمان ئەوانیش ویسیتان هەمان ڕێچكەی ئەسكەندەر هەڵگرن، بەڵام بۆیان نەڕۆیشتە سەر و دەستەڵاتی ئەشكانی و ساسانی وەك بەربەستێك لە بەرابنەر لەشكر و سوپای ڕۆژئاوادا وەستان جاروباریش زاڵبوونە بەسەریاندا.
لە دوای سەردەمی (هیلینی) یۆنانییەكان تێكەڵی ڕۆژهەڵاتییەكان بوون، زۆریان ئایینی ئەو وڵاتانەیان هەڵبژاردووە، بەڵام ئەفسانەكانیان لەبیر نەچووە، لە سەردەمی هیلیندا ئەفسانەكان لەبیر نەچوونەتەوە، بەڵام زۆرتر لەبەر خاتری شێوە ئەدەبییەكەی بووە، تا ئایینەكەی نوورەكانی شاری ئەسكەندەری میسر، ئەو یۆنانیانەی وا نیشتەجێی ئەوێ بوونە، وەك: كالیماخۆس، ئاپۆلیونۆس، بەرهەمی باڵایان خستووەتە ڕوو، وەك: (ئارگۆناتیما) ، بەڵام ئەدەبیاتی ئەسكەندەرانی زۆرتر بۆ سەرگەرمی وەك چیرۆك پەرەی سەندووە نەك وەك ئایین.
ئەو نووسەرانە زۆر گرنگییان داوەتە چیرۆكە ئەفسانەیەكانی (ئۆڤید) بەڵام وەك ئایین باوەڕیان پێی نەبووە، كارێكی كەی نووسەرانی ئەسكەندەرییە لەوەدایە لەوانەوە ئەفسانەكانی یۆنان شۆڕبووەتەوە سەدەكانی ناوەڕاست و هەروەها گەیشتووەتە ئێمەیش.
یەكێك لەو نووسەرانە بە ناوی (ئەمرۆس میسنی)، لای وایە ئەو خوایانە لە بنەڕەتدا فەرمانڕەوایی بەشەری بوونە و پلە و پایەی خودایان پێ دراوە، ڕۆمانەكان ئەوی نووسینی (ئەمیرۆس) هەیە وەریانگێڕاوەتە سەر لاتین، لە دواییدا ئایینی مەسیحیەت دەستەڵاتی وەرگرتووە، پەلاماری بیروڕای فرەخواییان داوە، لە سەدەی چوارەمی زاییندا (ئاگۆستین) كە بوو بە دیاردەیەكی پیرۆز لە كتاوێكدا دەربارەی شاری خواكان تیادا نووسویەتی: ئەوانەی پابەندی ئەو بیروبۆچوونە بێبنەمایانەن دوورن لە ڕاستییەوە، دوورن لە خوای تاك و تەنهاوە، دوور نییە گەنجێكی خوێنگەرم هەوا و هەوەسی دەستەڵاتی كەوتووەتە كەللـەوە و باوكی لەسەر تەختی شاهی لا بردووە، یا كوشتوویەتی، ئیدی لەو بابەتانە زۆر لە ئەفسانەكاندا هەن، وەك: نووسینەكەی (ئاگۆستین)ـی مەسیحی زۆر نووسراون، بەڵام ئەفسانەكان ئەگەرچی ئایینی مەسیحیەت بیروڕای فرەخوایی قەدەغەكردووە، زۆر لە یۆنانییەكان هەر پەیڕەوی فرەخواییان دەكرد، هەرەوەها گەلێكی زۆری یۆنانییەكانیش بە نهێنی ڕێوڕەسمی ئایینە كۆنەكانی باوباپیرانیان ئەنجام داوە.
ئەوی پەرستگەی خواكان بووە، ئایینی مەسیحەت گۆڕیویانەتە سەر ئایینی مەسیحیەت و كراونەتە كڵێسا و هەزارەها پەیكەری هونەرمەندانی یۆنان و رۆم بە بەهانەی بتپەرستی شكێنراون، لە زۆربەی پەرستگاكاندا بەپێی لێكدانەوەی هەندەسی و هونەری پەیكەری یەكێك لە خواكانی تیادا بووە، ئەوانە هەر هەموو شكێنراون، چوون دوای پەلاماری لەشكری ئیسلام بۆ سەر (مەككە) ئەوی بتبووە لە كابە و دەوروبەری شكێنراون.
ئەگەرچی لە ڕووی هونەرییەوە زەوی تا ئاسمان لە یەك جیاوازبوونە، بڕێك لەو پەیكەرانە گەورەترین پەیكەرسازی بەشەریەت دروستی كردووە بەناوی (ڤیدیاس) ناوبراو پەیكەری (زئوس)ی دروست كردووە، بوڵندییەكەی دوانزە مەتر بووە، بە زێڕ و زیو ڕازانرابوویەوە.
بەهەرحاڵ، بەپێی زەمان بیروڕای فرەخوایی وردە وردە پێگەی خۆی لە دەست داوە، بەڵام بڕێكیان ئەو داستانانەیان لە خولیادا مابوویەوە، هەروەك چۆن مەسیحەیت بڕێك داستانی (ئادەم و حەوا و كەشتیی نووح) لە فكریاندا مەوج دەدەن، ڕۆمان و یۆنانی پێشووش هەر وابوونە، وەنەبێت ئایینی فرەخوایی دەستی بۆ ئاسمان و ئەستێرە و فەزا نەبردووبێت و فكریان لە قوڵایی ئاسمان نەكردووبێتەوە.
بۆ نموونە بورجی (سەرەتان) بە (قرژانگیك) دەیشوبهێنن، كە لە گەشتە ئاسمانییەكەی (هەركوڵ)ی پالەواندا بۆ ئاسما ئەو قرژانەكە پای هەركولی گاز گرتووە.
لە سەدەی پێنجەمی زایینیدا دەستەڵاتی ئیمپراتۆریەتی (رۆما) وا بەش بووەتە سەر دەستەڵاتەكانی ناو ئەورووپادا.
مێژوونووس مۆرفۆرد نووسیویەتی:
ڕەخنەكانی ئایینی مەسیحەت لە بۆچوونی فرەخوایی و تەقەڵاكانی كڵێسا و پاپاویەت بوو، نەفی ئەو بۆچوونانە لە ڕاستیدا بوونە هۆكاری چەسپاندنی ئەو ئەفسانانە، لە فكر و خولیای بیرمەندان و هونەرمەنداندا، بۆ نموونە لە سەدەی سیانزەهەمدا (دانتی) كۆمیدیای ئیلاهی نووسیوە، ئەفسانەكانی كۆنی كردووەتە دەستەگیرە و بە وردی سوودی لێ وەرگرتوون، ئەوە بۆخۆی پابەپا بوونی ئەستوورەكان دەسەلمێنێ.
وەنەبی تەنها دانتی ئەفسانەكانی كردووبێتە وەسیلە ( لە سەدەكانی یانزە و دوانزە و سیانزەدا) لە نووسینەكانی (میتامۆر، ئۆڤید) زۆر سوودیان وەرگرتووە، خۆ هونەرمەندەكانی سەدەكانی ناوەڕاست و دوای ناوەڕاست لە زۆر تابلۆی جۆراوجۆردا سوودیان لە قارەمانانی ئەفسانەكان وەرگرتووە. من زۆر لەو تابلۆیانە كە ناوباوی جیهانیان هەیە لەم كتاوەدا خستوومەتە بەرچاو.
هەروەها شكسپیر، شانۆنووسی سەدەی شانزەهەمی ئینگلیزی ئەویش سوودی لە قارەمانانی ئەفسانەیی وەرگرتووە، هەروەها (جان میلتون) نووسەری سەدەی حەڤدەهەمی ئینگلیزی نووسینەكانی (ئۆڤید)ی بە سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی ئەدەبی و ئەفسانەیی داوە لە قەڵەم.
ئۆڤید بووەتە سەرچاوەیەكی سەرەكی دونیای ئەدەبیاتی سەردەمی (ئەلیزابیس)ی شاژنی بەریتانیا… یان بەرهەمەكانی (میتامۆرفوزس) لە لایەن (ئارنۆر گلدینگ) كراونەتە ئینگلیزی، كە نا و باوی گەلێك زۆری پەیدا كردووە بەتایبەت شانۆیەكانی (شكسپیر). زۆربەی زۆری سوودی لە ئەفسانەكانی ڕابردوو وەرگرتووە، بۆ نموونە (هاملێت) كاتێك دایكی بۆ مێردەكەی دەگری هەمان حاڵەتی تیوبەی كردووەتە ئەلگۆ كە لە دواییدا لە لایەن ئاپۆلون و ئارتمیس كراونەتە پەیكەرێكی بەردینی فرمێسكاوی.
هاملێت لە شانۆیەكی شكسپیردا ئاماژە دەكاتە (ئایپریوون ساتیری هەركول) یان شانۆیەكەی (رۆمیۆ جۆلیت) 1590ز. هەروەها كۆمەڵێك نووسەر لەپێش شكسپیردا ئیلهامیان لە ئەفسانەكان وەرگرتووە، وەك: ( مانتوپینتللو ئیتاڵی 1554ز)، كە ئەویش ئیلهامی لە نووسەرانی وەك (مازوتیچو سالرنیتانو)، (لوئیجی داپورتو)، كە ئەوان لەژێر كاریگەریی ڕووداوەكانی (پۆرامیس و تیسە) سوودیان وەرگرتووە.
شكسپیر و نووسەرانی تر گەلێك جار سوودیان لە ڕووداوەكانی شەڕی (تەروا) وەرگرتووە، هەروەها شكسپیر شانۆی (ترویلوس و كوسیدا) عیشقی گەنجترین كوڕە شای تەروا شاه پرماموس لەگەڵ كچە جوانكیلەی شاری تەروا لە ساڵی هەشتەمی دەورەدانی شاری (تەروا)دا ڕووی داوە، كە لە پێش شكسپیردا شانۆكار (جفری جاسەر) بەناوی ترویلوس و كرسیدا 1380ز، نووسیویەتی.

