رۆژنامەی ھەولێر

شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی بودجە و مووچە لە بەغدایە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەمەبەستی گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە و دیاریکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان، شاندێکی ھەولێر لە بەغدایە و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لەبارەی بودجە، مووچە و پشکی ھەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدایە، سبەی سێشەممە پێشنیارەکان دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئامانجی سەرەکی ئێمە چارەکردنی یەکجارەکی کێشەی مووچە و زامنکردنی پشکی ھەرێمی کوردستانە لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٧.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی “ھەولێر” تاوەکو ئێستا ھیچ ڕێککەوتنێک لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان نەکراوە، حکوومەتی عێراق پشکی کوردستانی بە ١٢.٦٧% دیاری کردووە و مەرجی ھەناردەکردنی ٤٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی بەسەر ھەرێمی کوردستاندا سەپاندووە. لە بەرانبەردا، ھەرێمی کوردستان داوای کردووە پشکەکەی ١٤% بێت لە بودجەی گشتیی عێراق و شاندەکەی جەختی کردووەتەوە، ناتوانن ڕۆژانە ٤٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە بکەن.
ھەر بەپێی زانیارییەکان، حکوومەتی عێراق لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٧، بڕی ١٣ ترلیۆن دیناری بۆ ھەرێمی کوردستان دیاری کردووە، ئەم بڕە پارەیەش بەشی مووچە و خەرجییەکانی ناکات.
داھاتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧ بە ١٧٤ ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە و خەرجییەکانیش دەگەنە ٢١٧ ترلیۆن دینار، بەمەش ٤٣ ترلیۆن دینار کورتھێنان لە بودجەدا دروست دەبێت و بڕیارە حکوومەت لە ڕێگەی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکییەوە پڕی بکاتەوە.
سبەی سێ شەممە بە سەرپەرشتیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە، کۆبوونەوەکەش بە مەبەستی دەستپێکردنی گفتوگۆ و تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی دەوڵەتە بۆ ساڵی ٢٠٢٧، پێش ئەوەی بە فەرمی ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.
تەوەری سەرەکی دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت دەبێت بە یەکلاکردنەوەی خەمڵاندنی داھات و خەرجییە گشتییەکان، دیاریکردنی پشکی وەزارەت و کەرتە جیاوازەکان و داڕشتنی ڕەشنووسی کۆتایی بودجە بە شێوازێک کە لەگەڵ دۆخی دارایی و ئابووریی وڵاتدا بگونجێت، ئامانج لەم کۆبوونەوەیە تەواوکردنی ڕێکارە یاسایی و داراییەکانی پڕۆژەکەیە بە شێوەیەکی کۆتایی، تاوەکو لە زووترین کاتدا بنێردرێتە ئەنجوومەنی نوێنەران بە مەبەستی ئەوەی لە ماوەی یەک مانگدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت بۆ پەسەندکردن.
حکوومەتی فیدراڵی نەک تەنیا لە ڕووی داراییەوە، بەڵکو لە ڕووی دیمۆگرافیشەوە ستەمی کردووە، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٤، ڕێژەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان “١٤.١٤%”ـی کۆی عێراقە، کەچی تێکڕای ئەوەی بە کردار نێردراوە تەنیا”٢.٠٤%” بووە. سەرباری ئەمەش، لە ڕەشنووسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧، پشکی ھەرێم بەبێ گوێدانە ئامارەکان بە “١٢.٧٠%” دیاریکراوە.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، شاندێکی فراکسیۆنەکەیان لەگەڵ لیژنەی وەزاریی حکوومەتی فیدراڵ کۆبووەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی بەندەکانی پڕۆژەیاسای بودجە، دۆسیەی نەوت و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.
فراکسیۆنی پارتی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێدا ھاتووە، لە دوای کۆبوونەوەی پێشووتری شاندی فراکسیۆنەکە لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، بڕیاردرا لیژنەیەکی وەزاریی تایبەت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و بەندەکانی پڕۆژەیاسای بودجە پێکبھێندرێت.
لیژنە وەزارییەکە بە سەرۆکایەتیی محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و بە ئەندامێتی وەزیرانی نەوت، دارایی، ئاوەدانکردنەوە و دیوانی چاودێریی دارایی پێکھات، ھاوکات شاندی فراکسیۆنی پارتی بە سەرۆکایەتیی شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و سەرۆکی فراکسیۆن لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، بە وردی گفتوگۆ لەبارەی کۆمەڵێک پرسی گرنگ و جێی بایەخ کرا، کە لە سەروویانەوە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی، دۆسیەی نەوت، زامنکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بوون.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرجەم لایەنەکان ھاوڕا بوون لەسەر گرنگی دروستکردنی کۆدەنگیی سیاسی لەسەر یاسای بودجە، بە شێوازێک کە زامنی دەستەبەرکردنی مافەکانی سەرجەم ھاووڵاتییانی عێراق بکات.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگاتە ئەو دەرەنجامەی کە کێشەی دارایی ھەولێر و بەغدا ھەرگیز کێشەی پابەندنەبوونی ھەرێم نەبووە وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت، بەڵکو ئەمە پرۆسەیەکی سیستماتیک و مەبەستدار بووە بۆ دروستکردنی ئاستەنگ بۆ ھەرێمی کوردستان و بێبەشکردنی ھاووڵاتییان و فەرمانبەرانی ھەرێم لە سادەترین ماف و شایستە داراییەکانیان.
ئەمە لە کاتێکدیە قەبارەی گشتیی بودجە و داھاتەکان گۆڕانکارییان بەخۆیانەوە بینیوە، نیگەرانی و سەرنجەکان لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان چڕ بوونەتەوە، بە جۆرێک کە جگە لە تەرخانکردنی بودجەی تەشغیلی، ھیچ بڕە پارە یان پڕۆژەیەک بۆ دامەزراندن و پەرەپێدانی ھەرێم لە ڕەشنووسەکەدا دیاری نەکراوە.
پەیوەست بە ھەرێمی کوردستان، تەنیا بودجەی تەشغیلی نووسراوە کە ئەویش کەمترە لەوەی بەشی تەواوی مووچە بکات و کەمترینی پێنج ساڵی ڕابردووە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ناکۆکییەکان تەنیا لەسەر پرسی مووچە نین، بەڵکو پرسەکانی ئەسیکۆدا، داھاتی ناوخۆ و نەوت تا ئێستا ناکۆکییان لەسەرە و پێویستیان بە گفتوگۆی زیاترە.
ئەو پەرلەمانتارە، ئاشکراشی کرد: ھەرێمی کوردستان بەردەوام دووپات لەسەر پشکی یاسای خۆی دەکاتەوە کە بریتییە لە ١٤.١٤%ـی بودجەی عێراق، بۆیە گفتوگۆ لەبارەی بودجە لە گفتوگۆکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەرھێنرا و خرایە سبەی سێ شەممە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: بەپێی بنەما یاساییەکان دەبێت بودجە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی عێراق دابەش بکرێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە بودجەی ھەرێمی کوردستان بەگوێرەی ئامارەکانی سەرژمێری بێت، واتە ڕێژەی ١٤.١٤%ـی بودجەی گشتی بۆ تەرخان بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: ئامانجی سەرەکی ئێمە چارەکردنی یەکجارەکیی کێشەی مووچە و زامنکردنی پشکی ھەرێمی کوردستانە لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٧، سەرجەم تێبینی و بۆچوونەکانی خۆمان داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغدا بە مەبەستی زامنکردنی تەواوی ماف و شایستە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، لە ڕەشنووسی بودجەدا.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، دەشڵێ: داخوازیی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە کە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان گەرەنتی بکرێت، بە جۆرێک کە ھیچ لایەن و کەسێک نەتوانێت بە بڕیاری سیاسی یان میزاجی کەسی کێشە و ئاستەنگ بۆ خەرجکردن و ناردنی مووچە دروست بکات، لە ھەمان کاتدا پێویستە داواکارییەکانی حکوومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی نەوت، لە ئاستی توانای جێبەجێکردنی ھەرێمی کوردستاندا بێت و مەرجی قورس نەخەنەڕوو، بە تایبەت کە ھەمووان ئاگادارن ھەرێمی کوردستان ئێستا توانای بەرھەمھێنانی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی نییە، بۆیە پێویستە ئەم پرسە بە شێوازێکی واقیعی یەکلایی بکرێتەوە تا لە داھاتوودا سەر نەکێشێت بۆ دروستبوونی کێشە لە شایستە داراییەکان و مووچەی ھاووڵاتییاندا.