ڕائیب جادر – هەولێر
بە بڕیاری سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی گوندەکانی سنووری سحێلا گەڕانەوە سەر ماڵەکانیان، بەڵام ھەندێک لایەن گەڕانەوەی ئەو خێزانانە بۆ خۆیان کردووتە دەستکەوت، ھەر ئەوەش وای کرد کەسایەتی ئەو ناوچانە سەردانی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە نەینەوا بکەن و پشت ڕاستیان کردەوە، کە تەنیا سەرۆک بارزانی و پارتی خۆ لە ئەوان دەکاتە خاوەن.
حوسێن محەممەد، کەسایەتی گوندەکانی سنووری سحێلا، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: سوپاسی سەرۆک بارزانی، مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە نەینەوا و دەزگا ئەمنییەکان دەکەین، کە بەردەوام پارێزگاری لەسەر و ماڵی ئێمە دەکەن، ھەروەھا ھاوکار بوونە بۆ گەڕانەوەی خەڵکی ئێمە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
زیاد مەنسوور، کەسایەتییەکی دیکەی ناوچەکەیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ھاتنی ئێمە بۆ مەکتەبی ڕێکخستنی نەینەوا بۆ ئەوەیە کە سوپاسیان بکەین کە دەنگی ئێمەیان گەیاند، ھەروەھا سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەین، کە ھاوکاری زۆری ئێمەیان کرد، بۆ گەڕانەوەی ئێمە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی ئێمە، ھێزەکانی پێشمەرگەش بەرگری لە ئێمە دەکەن، ھۆکاری گەڕانەوەی ئێمەش ھەر ئەوە بووە، ئەگەرنا خەڵکی دیکە کە لە شوێنەکانی دیکەنە تا ئێستاش ئامادەنین بگەڕێنەوە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە ھێزە عێراقییەکان ئەو توانایەیان نییە بەرگری لە ئەوان بکەن و سەر و ماڵیان بپارێزن و ناوچەکانیان ئاوەدان بکەنەوە.
ئەو گوندانەی خەڵکەکەیان گەڕاونەتەوە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی ھێزی پێشمەرگە، ھەر ئەوەش وای کردووە کە بەردەوام سوپاسی سەرۆک بارزانی بکەن، کە لەژێر ئەمن و ئەمانی ھێزی پێشمەرگە و کوردستان دان، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، ھێزی پێشمەرگە ڕەبیعەی تا شنگال لە دەست تیرۆریستانی داعش ڕزگار کرد، ئێستاش ھەر ئەوان سەر و ماڵی ئێمە دەپارێزن.
ئەوە جاری یەکەم نییە خەڵک دەگەڕێتەوە سەر گوند و ئاواییەکانی خۆیان لە سنووری ماددەی ١٤٠، پێشتریش بە ھیمەتی پارتی و سەرۆک بارزانی لە سنووری خازر خەڵکێکی زۆر گەڕابوونەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئێستاش گەڕانەوەی خەڵک بەردەوامە، لە داھاتوودا ئەو گوندانەی کە ماون ئەوانیش ئاوەدان دەکرێنەوە.

