ئا: عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
بە پێیەکانم
لە ئاوم هەڵدا،
ئیتر سروشتی خۆمم ناسی
و ئاویشم ناسی.
شیعری هاوچەرخی عێراقی، بەهۆی مێژووە پڕ لە ژانوژوارەكەی و ئەزموونی ماڵوێرانی و جەنگ، دیکتاتۆرییەت، گۆشەگیری و ئاوارەیی.. بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ئەدەبیاتەکانی عەرەبی لە بەریەککەوتنی لەگەڵ چەمکی «تووڕەیی»دا دەبینرێت؛ هەڵبەتە نەكـ وەكـ هەڵچوونێکی کاتی و سۆزداریی، بەڵكە وەكـ زمانێكـ بۆ ئەو شتانەی كە زمانی ئاسایی ناتوانێ بیانگەیەنێت. كاتێكـ مرۆڤ ڕووبەڕووی ستەم، بێدەسەڵاتی، نادادپەروەری دەبێتەوە وشە ئاساییەكان لە دەربڕیندا كورتی دێنن، تووڕەیی دەبێتە دەربڕینێكی ڕووت.
لە شیعری هاوچەرخی عێراقیدا تووڕەیی گۆڕینی هاوارە بۆ پەیام، گۆڕینی ئازارە بۆ هێزێكی داهێنەرانە، بونیادێکی بوونگەرایی و هەڵوێستێکی مەعریفییە. وزەیەکی وێرانکەر و لە هەمان كاتدا ئاوەدانکەرەوەیە؛ لەو تێگەیشتنەوە شاعیر هەوڵدەدات واقیع ڕەتبکاتەوە و نەریتە بە بەردبووەکان تێكبشکێنێت.
«دالان تۆماس» دیاریترین شاعیرانی سەدەی بیستەمی جیهانی (لە بەریتانیا)، تووڕەیی لەڕێگای (ڕستەسازیی) و تێکەڵكردنی بە (مۆسیقا و تاریكی)، كردە ئامرازێكـ بۆ پشكنینی هاوكێشەی (ژیان و مەرگ و كات). وەكـ هاوارێکی گەردوونی و دەرەکیی دەڵێت: “تووڕە بن، تووڕە بن بەرامبەر بە خامۆشبوونی ڕۆناکی”. بەو مانایە كاتێكـ لە ئەدەبیاتی نوێی جیهاندا وشەی تووڕەیی دەبینرێت، ڕاستەوخۆ ناوی شاعیری وێڵزی «دالان تۆماس»مان بیر دەكەویتەوە. لای ئەو، هونەری تووڕەیی تەنها هەڵچوونێكی بێ ئامانج یان هاوارێكی بێزاركەر نییە، بەڵكە (هەڵوێستێکی فەلسەفی و بوونگەراییە)، تێکەڵ بە وێنەی جەستەیی، خنکان و برسییەتی دەبێت. لای ئەو، تووڕەیی ڕەتكردنەوەی مردن و بێدەنگی شاراوەی گەردوونە..
بەڵام كاتێكـ ئەمڕۆ لە شیعری شاعیرە لاوەکانی عێراقی لە چەمكی تووڕەیی نزیک دەبینەوە، ناوی «صالح رحیم» وەک یەکێک لە دەنگە دیارەکان، لە شوێنێكی دیاریكراوی ئەو خاكـ و ئاوە دەردەکەوێت کە تووڕەیی لە ترۆپكی (هونەری و فەلسەفیی) بە (وێنەی وردی سینەمایی) گرێ دەدات. تووڕەیی شاعیر لە بۆشاییدا هاوار ناکات، بەڵکە لە وێرانەیی ناوەوە ڕادەمێنێ و تراژیدیای ڕۆژانەی ئەمڕۆی مرۆڤی عێراقی بە زمانێکی (تووند هێمائامێز) دەخاتە بەر دیدی خوێنەران.
«صالح رحیم»ی شاعیر، لەدایکبووی ١٩٩٤ پارێزگای (موسەننا)یە؛ بەشی فەلسەفەی لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی «موستەنسرییە» تەواو كردووە. خاوەنی سێ کۆمەڵە شیعرە بە ناونیشانی: «ئایا کەسێک هەیە ببینێت؟» لە بڵاوکراوەکانی ئەحمەد مالیکی، بەغداد- ٢٠١٧. « پەڕی باڵندەیەکی قڕبوو» لە چاپخانەی دەراویش، لە بلغاریا چاپكراوە. «کۆست سەرچاوەیەکی نییە» چاپخانەی لازورد، هۆڵەندا. زۆر لە دەقەکانی بۆ زمانەکانی ئینگلیزی و ئیسپانی و كوردی وەرگێڕدراون و لە چەندین گۆڤار، ڕۆژنامە و ماڵپەڕی ئەلیکترۆنیی عێراقی و عەرەبیدا بڵاوکراونەتەوە.
شاعیر پێیوایە، تەنها خوێنەرە دەگمەنەكانن بایەخ بە شیعر و هزر دەدەن. دەڵێت: ئەمڕۆ، خوێنەری عەرەبی زێتر چاوی لە ڕۆمان و چیرۆکە، نەک شیعر!. ئەوەش ڕەنگە بۆ نوخبەییبوونی شیعر و ئاستی خوێنەر و بارودۆخی تووندی ژیان بگەڕێتەوە؛ مەبەستم ئەوە نییە کە نووسینی گێڕانەوە بازاڕیی یان ئاسان بێت. بەڵکە مەبەستم ئەوەیە کە مرۆڤی ماندوو، قەیراناوی پێویستی بە فەزایەكی كشاو و هێوركەرەوە هەیە —بە پێچەوانەی شیعرەوە— چونکە فەزای شیعریی چڕ و پڕ و تایبەت و زێتر خودییە. ئەوە، ئەوەیە کە من دەیبینم و مەرجیش نییە تەواو وردبم.
باوەڕم بە وشەی “نەوە” نییە، بەڵام ئەگەر وای دابنێین کە ئەو وشەیە مەبەستی ئەو شاعیرە گەنجانە بێت کە هاوسەردەمن، ئەوا دەڵێم: من سەر بە نەوەیەکم کە مۆسیقای کارەسات و نەهامەتییەکان پەروەردەی کردووە؛ نەوەی جەنگەكانم. پێموایە ئەو نەوەیەی من تێیدا هەڵکەوتووم، یەک ئەزموون و یەک خەونیان هەیە، بۆیە شیعرەكانیان لێکدەچن. بەڵێ، زۆرینەی شیعرەكانی ئەو نەوەیە لە یەک دەچن! شیعری شاعیرە لاوەكانی عیراق، لەنێوان شکستەكانی ڕاپەڕین و گۆشەگیری و نامۆییدا جەستەیەکی تووڕە و بریندارە. وێنەی مرۆڤێكـ دەكێشێت کە لەنێوان ستەمی گەندەڵکاراندا بە چۆكداهاتووە. هەمیشە بۆ ئەوەی شاعیر ببێتە خاوەن قەڵەمێکی سەربەخۆ و تایبەت بە خۆی، پێویستە بە ڕۆح و خوێنی خۆی بنووسێت.
كەواتە «تووڕەیی» لەبەرامبەر دەسەڵاتدارانی گەندەڵ (ئەوانەی بە هەموو هێزێکەوە کورسی دەسەڵات و سامانەکەیان گرتووە) جۆرێک لە گەشبینی و ئازادی لەخۆدەگرێت. هەرچەندە خەڵكـ (جەماوەر) لەسەر ئاستی بەشداری و پشتگیریی دەسەڵاتەوە، بەسەر دیدی جیاواز دابەش دەبن؛ بەوەش گەندەڵکاران دەرفەت و ڕێگایەك بۆ پێچەوانەکردنەوەی هاوکێشەکە و پەراوێزخستنی دیدگای دژ بە دەسەڵات دەقۆزنەوە. دەسەڵاتداران هەمیشە هەوڵدەدەن دوژمنی وەهمی و چەمكی خیانەت، وەكـ ترسێكی نادیار بەرز بكەنەوە و دواتریش ناسنامەی ئایینی، مەزهەبی، نەتەوەیی و عەشایەری بەگەڕ دەخەن. ئیتر مرۆڤی عیراقی هەر دەبێ شیوەنی ئەو وەهم و نائومێدییە یەكـ بەدوا یەکانە بگێڕێت. لێرەدا پرسیاری «صالح رحیم»، ئەوەیە: «ئایا کەسێک هەیە ببینێت؟!»
شاعیرە لاوەكانی عیراق و بە تایبەتی صالح رحیم، چەمكی تووڕەیی لە دروشمەوە بۆ ئیستاتیکایەکی فەلسەفی و فیكری دەگوازێتەوە. لێرەوە شیعرییەتی تووڕەیی لە ئاستێكی بەرزی مەعریفەی شیعری ڕەنگ دەداتەوە. ئەوە شیعرییەتی تووڕەییە، ئەو زمانە ساختەیەی دەسەڵات، لەڕێگای بەکارهێنانی وێنەی ڕەق، ئاماژەی تیژ، ڕەمزی تاریک… هەڵدەوەشێنێتەوە. بەمجۆرە شیعر دەبێتە پەناگەیەک بۆ پاراستنی شکۆی مرۆڤ و مرۆڤی زەوتکراو.
(لە شیعرەكانی صالح رحیم)
« شیعری کاتی»
ئارەزوومە
باوەش بە لۆرییەکدا بکەم
کە باری نەبڕاوە و
هەمیشەیی پێیە.
ئارەزوومە
مردن تاقی بکەمەوە و بگەڕێمەوە.
ئارەزوومە
هیچ نەکەم.
*
یان
بە خەمباری بژی،
یان بە خەونەوە بخەوە.
لەنێوان ئەم و ئەودا،
کات نەماوە
بۆ پشوودان.
*
ئەو دەستەیە لە خەڵک
بێئاگان،
نەخێر،
مەزنتر لە بێئاگایین؛
ئەوان
عاشقن!
*
ئەوان
سەرقاڵی خۆشەویستین.
عەزیزەکەم،
هیچ سوودێکی نییە،
خۆت بکوژە.
*
خۆشەویستی
لەو ڕۆژگارە پەڕجوێكی پواوەیە.
پیاوێک دەناسم
ژنێکی لە دڵەوە خۆش دەویست،
کەچی دوای تەمەنێکی درێژ
درێژ،
پەڕجوێكی گەورەتری دۆزییەوە:
کە خودی بوون
پووچییە.
*
بە ئەنقەست
هاوڕێکەمم بەجێ هێشت،
بەرەو کەناری چۆلەکان
کەوتمە ڕێگا.
کەچی
شوێنەکە بۆنی خۆی لە دەست دابوو،
دووکەڵەکە
ئەو دووکەڵەی جاران نەبوو،
وێرانەیی
هەموو بوو.
*
بە کاتی کام زامەوە
ڕووبەڕووت دەبمەوە، ئەی خودا؟
بە کام وێرانییەوە
ناڕەزایی بەرامبەر جیهان دەربڕم؟
تەنانەت
کەنار و شەپۆلەكانیش
بەرگەم ناگرن!
*
«تابوتەکان
لەسەر ترسی ئێمە دەژین»
پێ دەكەنم
لەبەر خاتری
دواین سوێندت،
لەسەر درۆكانی جەستە؛
لە بری
درۆ لووسەكان و
گریانە دەستکردەكان،
دەخەوم
و کونێک لەو باڵۆنە دەكەم
بەجێی دێڵم
تاكو کاتێکی دیكە دێ.
چونکە من هێشتا منداڵم
و بۆ من زۆرە
کە بگریم
بۆ هەڵەکان،
بۆ من زۆرە
کە وێنەیەک لەنێو دڵمدا بکێشم،
پزیشکانی نەشتەرگەری
تێیدا ون بن؛
دواجار
ئەوان تێگەیشتن
من دەترسم
و خەمبارم..
جەستەی خۆم
لە باوەش دەگرم
لەبەردەم ئەو
تابووتانەی
بە شانم
پەروەردەم کردن
تا گەورە بوون.
تابوتەکان
لەسەر ترسی ئێمە دەژین،
هەر لەگەڵ تابووتەکاندا
گەورە دەبین،
دەنگدانەوەی تابووتەکان
بەرز، بەرز دەبنەوە.
تابوتەکان
کچی بیرکردنەوەی
زەوین،
زەوی
هزری چۆلەکەیە،
و چۆلەکەکان
هزری ئاسمان
و ئاسمان
ترس.
ئاسمان
کەی پارەکانی وەردەگرێتەوە؟
لە نرخەکانمان
ڕزگارمان دەکات.
ئێمەی كۆیلە
سووتاین و گەشاینەوە
و تەمەنمان گشت
بەفیڕۆ چوو
لەپێناو
سلامەتیی ئەو؛
شەوان پاسەوانیی دەبین
و لە ڕۆژیشدا
ئەو پاسەوانیمان ناکات.
چ قازانجێ!
ئای لەو بەختە!
حەپەساوین!
«خودای شتە وردیلەکان»،
خودای شتە مەزنەكان،
ئەی تاک و تەنیا
و بێ مەكان،
ئایا کاتی نەهاتووە
بماندەیتە بەر چەپۆکان؟
کلیل
لە گیرفانمدایە
و
جگە لە تۆ کەسێكـ نییە،
كەوا ڕەتمان بکاتەوە.
*
سەرچاوەكان:
بڕوانە ئینترنێت: عيال الظالمي: الغضب في الشعر العراقي.. صالح رحيم انموذجاً
صحيفة المثقف. https://almothaqaf.org
– صوت جديد: مع صالح رحيم- العربي الجديد
https://www.alaraby.co.uk
– الشاعر صالح رحيم: ميتافيزيقا الغياب.
https://www.jadaliyya.com
– التوابيت تتغذى على خوفنا || شعر صالح رحيم

