رۆژنامەی ھەولێر

سەرکردایەتی لەخزمەت پەروەردەدا..نەک لەخزمەت پۆستدا

بەکر کەریم حەسەن
(پیته‌ر دراكه‌ر) نووسه‌ر و ئابووریناسى نه‌مساوی ده‌ڵێ”ئه‌وه‌ى نه‌پێورێت، به‌ڕێوه‌ش نابرێت”.
مه‌به‌ستى دراكه‌ر له‌و وته‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ تاوه‌كوو ئێمه‌ نه‌توانین كارایی به‌رهه‌م و ئاستى به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌ به‌ پێوه‌ری زانست و ژماره‌ى ڕاسته‌قینه‌ و واقیع حاڵ بپێوین. قه‌ت ناتوانین به‌ڕێوه‌بردنى قوتابخانه‌كان به‌ره‌وپێش ببه‌ین و چاكسازی بكه‌ین، چوونكه‌ شتی نه‌پێوراو. نه‌ده‌توانرێت هه‌ڵسه‌نگێنرێت نه‌ ده‌توانرێت په‌ره‌ى پێبدرێت و،كارگێڕیی قوتابخانه‌ ناوه‌ندی قورس و چه‌قی قورسایی و خاڵى ده‌ستپێكی پڕۆسه‌ى په‌روه‌رده‌یه‌. به‌رێوه‌به‌ر ته‌نها ڕێكخه‌ری كاروباری ڕۆژانه‌ى قوتابخانه‌ نییه‌، به‌ڵكوو نەخشەدانەر و دیاریكه‌ری ڕۆح و كواڵێتی كۆی ژینگه‌ی په‌روه‌رده‌كردن و فێربوونه‌، به‌ڵام كاتێك تێڕوانین و مه‌به‌ست و ئامانج بۆ پۆستی به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌ له‌ ئه‌رك و خزمه‌تكردن و ئیلتیزامات ده‌بێته‌ ده‌ستكه‌وت و ئیمتیازاتی هه‌میشه‌یی سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی تووشی چه‌قین و ئیفلیجی ده‌بێت. كاتێك به‌رێوه‌به‌ر هه‌ستى كرد هیچ میكانیزم و هه‌ڵسه‌نگاندن و ئالیه‌تێك به‌دی ناكات بۆ چاودێری كردن و هه‌ڵسه‌نگاندن و گۆڕانكاری ئه‌وا ته‌نها خه‌ریكی بارودۆخی تایبه‌تى خۆی ده‌بێت و به‌رگری به‌رامبه‌ر هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی په‌روه‌رده‌یی ده‌كات و نوێگه‌ری و په‌ره‌پێدان كه‌مده‌بێته‌وه‌.
گرنگه‌ میكانیزمی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان له‌ چاودێری ڕووكه‌شه‌وه‌ بگۆڕین بۆ پێوه‌ری زانستی ڕه‌نگه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان به‌ گشتی زۆر جار كورتكراونه‌ته‌وه‌ له‌ فۆرمی كاغه‌زی ڕۆتینی كه‌پشت به‌ حه‌ز و هه‌ستی كه‌سى ده‌به‌ستێت . بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانمان دووربن له‌ میزاج و بیركردنه‌وه‌ى كه‌سى و یان په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی، پێویسته‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان زانستى و به‌ڵگه‌داربن پاڵپشت به‌ گه‌شه‌ى ساڵانه‌ى قوتابخانه‌ و ڕاپرسی ساڵانه‌ی نهێنی مامۆستایان و قوتابییان و دایك و باوك به‌ پێوه‌رى ئاستی ڕه‌زامه‌ندی مامۆستایان و قوتابییان و كه‌مبوونه‌وه‌ى ڕێژه‌ى توندوتیژی و سزادان و ڕێژه‌ى سه‌قامگیری و ئاسوده‌یی كادیره‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان. هه‌روه‌ها ئاماری فه‌رمی تاقیكردنه‌وه‌كان و به‌رزبوونه‌وه‌ى ڕێژه‌ى ده‌رچوون و ئاستى خوێندنه‌وه‌ و نووسین و كه‌متربوونه‌وه‌ى دیارده‌ى وازهێنان له‌ خوێندن و كارایی ئه‌نجوومه‌نی مامۆستایان و دایباب و ڕوونی پێوه‌ره‌كانى وه‌رگرتنی قوتابییان له‌ قوتابخانه‌ و نه‌بوونى جیاكاری و ڕێژه‌ى سازدانى خوولى ڕاهێنان بۆ مامۆستایان و ڕای سه‌رپه‌رشتیاران و ڕاهێنه‌رانى په‌روه‌رده‌یی بێلایه‌نانه‌ ئه‌نجام بدرێت.
به‌پێى توێژنه‌وه‌ و دیراساته‌كان باشترین مۆدیلی كارگێڕیی ئه‌وه‌یه‌ به‌رێوه‌به‌ر له‌ نێوان( ٤ بۆ ٦ )ساڵ له‌ قوتابخانه‌یه‌ك بمێنێته‌وه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ به‌سه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى دیدگا و پلانه‌كانى له‌ هه‌مان كاتدا ڕێگه‌ له‌ خۆسه‌پاندن و قورخكاری ده‌سه‌ڵات و چه‌قبه‌ستوویی ده‌گرێت. وه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو به‌رێوه‌به‌رێك بۆماوه‌ى ( ٤ بۆ ٦ )ساڵ له‌ قوتابخانه‌ بوو بێئه‌وه‌ى هیچ گۆڕانكارییه‌كی جۆری ئه‌نجام دابێت ئه‌وا تەنها دروستكردنى خوولگه‌ و بازنه‌یه‌كی داخراوه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و هه‌موو داهێنان و حه‌ز و خوولیای مامۆستاكانیش ده‌كوژێت. به‌ره‌وپێشبردن ده‌وه‌ستێت، چوونكه‌ پۆستی كارگێڕیی ئه‌ركێكی دیاریكراوه‌ به‌كات و ئامانجه‌وه‌، نه‌ك مافێكی نه‌پچڕاو و چاوتێبڕاو تا خانه‌نشین بوون و، بۆ گۆڕانكاریش ده‌كرێت هه‌ر به‌رێوه‌به‌رێك له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانى پله‌ى پێویستى به‌ده‌ست نه‌هێنابێت له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كانی باسمان كرد ماوه‌كه‌ى به‌ كۆتا بێت و ئه‌وكات كێبڕكێ بۆ كه‌سانى شایسته‌ و توانادار و دڵسۆز ده‌بێت.
لە کۆتاییدا پێویستە بگوترێت و له‌ بیرمان بێت ڕێزگرتن له‌ گه‌شه‌ى نه‌ته‌وه‌ ده‌ست پێناكات تا ئه‌و كاته‌ى ده‌ست به‌ چاكسازی ڕیشه‌یی له‌ سه‌ركردایه‌تى قوتابخانه‌كانمان نه‌كه‌ین. پاڕاستنی پۆسته‌كان له‌ سه‌ر بنه‌مای سازش به‌ فیڕۆدانى داهاتووی نه‌وه‌كانه‌.
قوتابخانه‌ پێویستى به‌ سه‌ركردایه‌تى زانستى و په‌روه‌رده‌یی دڵسۆز و بوێر هه‌یه‌، نه‌ك به‌رێوه‌به‌ری پۆستپارێز.