رۆژنامەی ھەولێر

لەیەک ساڵەی ژیانئاوایی هونەرمەند سدیق عوسمان دا

ئاری ئاغۆک

دەنگێک لە ساڵانی هەشتاکانەوە بە حەز و خەون و خولیاو بەهرەی هونەرییەوە لەدەرگای هونەری گۆرانی و میوزیکی دا و بە کاریگەریی دەنگی هونەرمەندان (حەسەن زیرەک و فوئاد ئەحمەد و تەحسین تەها و عوسمان عەلی و چەند دەنگێکی دیکەی ڕەسەن) هاتە نێو گۆڕەپانەکە و بە دەنگێکی خاوێن و گۆرانی جوان و چێژدار خۆرسکانە بە گوێگرانی گوت: منیش هەم.
لەگەڵ ئەوەی خۆرسکانە گۆرانی پێشکەشکرد، بەڵام بە توانایەکی باش و بە شێوازێکی هونەرییانە گۆرانییەکانی دەنگدانەوەی هەبوو،کاتێ دەچینە نێو ئەرشیفی بەرهەمەکانی ساڵی نەوەتەکان (دوای ڕاپەڕین) نوستالیژیایانە وێنەیەکی هونەری و دەنگێکی حەزین لە قوڕگێکی حەزین دێتەوە یادمان و دەڵێت:

سەفەر دەکەی سەفەری خێرت بێ
پێم بڵێ تاکەی چاوم لەڕێت بێ
بۆ جێم دێڵی لەسەرچی دەڕەنجێی
لە هێلانەی خۆشەویستیم ناگونجێی

ئەم تێکستە بە ئاوازێکی نازک بەدەنگێکی هونەری، هەر زوو ناسراو چووە نێو دڵ و هەستی گوێگر، ئەودەنگە خۆشەش هونەرمەند (سدیق عوسمان) بوو. هەرچەند پسپۆری ئەو هونەرمەندە لە بوارێکی دوور لە هونەربوو، بەڵام بە هۆی حەز و خولیاو دەنگ خۆشی خۆی و کاریگەرییەکان و هەوڵی بەردەوامی، ئەوا توانی لە ماوەیەکی کەم (سدیق عوسمان) ببێتە ناوێکی دیار و درەشاوەی هونەری گۆرانی گوتن، لەگەڵ ئەوەی ژمارەی گۆرانییەکانی هێندە زۆر نەبوو بەڵام بە هۆی بەهێزی تێکست و جوانی ئاواز و ووردبینی خۆی لە دەستنیشانکردنی هەر بەرهەمێک ئەوا زوو دەناسراو گوێگر بە عەشقەوە چاوەڕێی بەرهەمی تازەی لێ دەکرد. ئەوەتا دەقە شیعرێکی شاعیر (سەعدوڵڵا پەرۆش)ی لە بەرگێکی هونەرییانە ئاوازی بۆ داناوە و کردوویەتی بە شاکارێکی ئەدەبی و هونەری جوان، خودی خاوەن شیعر سەرسام بوە بە ئەدا و ئاوازی ئەم گۆرانییە ئەویش دەقە شیعری (گەر دەمزانی)

گەر دەمزانی دەوارێکی بێ سێبەری
وڵاتێکی سەر بە هەزاران کیشوەری
چۆن دڵی خۆم دەدایە دەست چەتەی نیگاکانت بە ئاسانی
گەردەمزانی،،،،،
چۆن دڵی خۆم دەخستە سەر لەپی حەزت
بۆ مەینەتی و سەرگەردانی !!!.

ئەم بەرهەمەی خوالێخۆشبێ هونەرمەند سدیق عوسمان لە ئاوازی خۆیەتی، بە دەنگێکی هونەرییانە ڕۆحێکی زیندووی داوەتە دەقی شیعرەکە، وەک ئاماژەم پێ کرد هی شاعیری کۆچکردوو خوالێخۆشبێ سەعدوڵڵا پەرۆشە، کاتێ دەڵێین هەندێ دەنگ و دەق و هونەر نەمرن و هەر بە زیندوویی دەمێننەوە، مەبەستمان لە بەرهەمێکی ئاوایە، ئەوەتا دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ لە تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی، دوای ژیانئاوایی خاوەن شیعر و ئاواز دانەر و دەنگبێژ، کەچی کە گوێبیستی دەبین هەست دەکەین تازە تۆمارکراوە، بۆیە ئەمەش یەکێکە لە بەرهەمە جوان و لەیاد نەکراوەکانی هونەرمەندی کۆچکردوو سدیق عوسمان.
ئەم هونەرمەندە لە ریتمی شادی و کەیف خۆشیش دا توانیویەتی هونەرییانە بەرهەمی شیاو پێشکەش بە گوێگران بکات، یەکێک لەو گۆرانییانەی کە تائێستاش بە بەرگێکی شادی و دڵخۆشی دەناسرێتەوە گۆرانی (دەستت لە نێو دەستم نێ):

دەستت لە نێو دەستم نێ، بچینە ئەم کەژ و کێوە
لێم گەڕێ هەتا ماوم شادبم بەم دەم و لێوە
بابەس بێ چاوەڕوانی مردن وادێ بەڕێوە
هەتاکەی چاوەڕوانی مردن وادێ بەڕێوە

لەم تێکستەدا وێنەیەکی جوانی شادی و بەیەکەوەبوون نیشان دەدات، کە گوزارشتە لە کەیف خۆشی و بەیەکەوەبوونی تاهەتایی، کە ببوە گۆرانی سەرزاری ساڵی نەوەتەکان.
ئەم بەرهەمانە و چەند بەرهەمێکی دیکە بە نزیکەی ٢٠ ساڵەی تەمەنی هونەری هونەرمەند سدیق عوسمان دا (١٩٨٣-٢٠٠١) بوە ئەرشیف و مێژوویەکی زێرین نەوەی ئەو کات و ئێستاش بە هونەرمەندە سەنگینەکە پێناسی دەکەن، ئەو ساڵی ٢٠٠١ کۆتایی بەکاری هونەری خۆی هێنا، توانی لە ماوەیەکی کەم جوانترین بەرهەم پێشکەش بکات، دوای ساڵانێک خزمەت کردن لە بواری هونەر و پەروەردە و کارگێری بەداخەوە ساڵێک لەمەوبەر بە هۆی نەخۆشی ژیانئاوایی کرد، بەڵام یاد و گۆرانی و بیرەوەریەکانی هەر لە یادگەمان دەمێنێتەوە، لێرەدا وەک یادێکی تاڵ بۆ شیرینی تەمەنی هونەریی ئەم هونەرمەندە خۆشەویستە، وەک وەفایەکی بچوک بۆ گەورەیی ئەم هونەرمەندە دێرین و سەنگینە، لە ساڵیادی ژیانئاوایی دا، گەشتێک دەکەین بە ژیاننامەی کەسی و هونەریی، کە لەبەرنامەی دیداری تایبەت لە کەناڵی ڕەسەن وەک ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامە دیدارێکی یەک کاتژمێریم لە ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ هونەرمەندی ناوبراو سازدا، لێرەدا وەک ئەرشیفێکی ڕۆژنامەوانی بەشێک لە ژیاننامەی دەخەینەڕوو:

ژیاننامە:
سدیق عوسمان خدر شێخ مەموندی، لە ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی ترپەسپیان لەدایکبووە، بە هۆی ئەوەی لە گوندەکەیان قوتابخانە نەبووە، قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی دووگردکان تەواو کردوە، دواتر لە قۆناغی ناوەندی هاتۆتە هەولێر، قۆناغی ناوەندی لە قوتابخانەی قوتەیبییەی کوڕان تەواو کردوە، پاشان چۆتە ئامادەیی هەڵمەتی کوڕان، شەوانیش لە بەشی ناوخۆیی نەوجەوانان ماوەتەوە، دوای تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی لە زانکۆی سەلاحەدین، کۆلیژی زانست، بەشی بیرکاری وەرگیراوە ئەمەش هەر حەز و ئارەزووی خۆی بووە. لە قۆناغی زانکۆ جگە لە لایەنە پەروەردەیی و زانستییەکە، حەزی لە کاری هونەری گۆرانی گوتنیش بووە، بۆیە لە بۆنە و ئاهەنگی یەکترناسین و بۆنە و یادە تایبەتییەکان گۆرانی گووتوە.

کاری هونەری:
وەک ئاماژەم پێکرد ئەم هونەرمەندە جگە لە خوێندنی زانکۆ حەزی لە کاری هونەریش بووە، ئەویش بەهۆی کاریگەری دەنگ و هونەری هونەرمەندان (حەسەن زیرەک و فوئاد ئەحمەد و تەحسین تەهاو عوسمان عەلی)، لە زۆربەی بۆنەو ئاهەنگەکان بەرهەمی ئەم هونەرمەندانەی گوتۆتەوە، لەساڵی ١٩٨٣ پەیوەندی بە ( دار الفن ) دەکات بەشی مۆسیقا و گۆرانی هەڵدەبژێرێ، بەڕێوەبەری ئەم خانەیە مامۆستا سەید تەڵعەت بووە و بەرپرسی بەشی مۆسیقاش مامۆستا نەجات عەساف بووە، هەروەها مستەفا ڕەنجەرۆش وەک مۆسیقا ژەن لەم خانە هونەرییە بووە، لەگەڵ ئەوەی سەرەتا سدیق عوسمان وەک کۆرس بەشداربووە، بەڵام هەر زوو هەوڵی داوە بەرهەم پێشکەش بکات، ئەوەبوو ساڵی ١٩٨٤ یەکەم بەرهەمی خۆی تۆمار دەکات کە تێکستە بەناوبانگەکەی (هێمن موکریانی) یە بەناوی (مووناپسێنم)، هەرچەند ئەم تێکستە لەلایەن هونەرمەند محەمەدی ماملێ کراوە بە گۆرانی، بەڵام سدیق عوسمان وەک گەنجێکی بەهرەداری ئەوسەردەمە، خۆی ئاوازێکی تازەی بۆ دادەنێت. لە تەلەفزیۆنی موسڵ بەرنامەیەک هەبوو بەناونیشانی (نسمات من بلادی) لە پێشکەشکردنی (فرقد ملکۆ) دەرهێنانی (غازی فیصل-خلیل ابراهیم) بوو، لەوێ گۆرانی (مووناپسێنم) لەسەر قەڵای هەولێر وێنەی دەگرن، بەڵام بەداخەوە ئەم بەرهەمە پەخش نەکرا، ئەمیش بەهۆی ئەو دێرەی کە دەڵێت: (حەپسی ئینفرادی) دواتر کاسێتەکەی بۆ ڕەوانە دەکەنەوە، بەڵام لە تەلەفزیۆن پەخش ناکرێ، ئیدی ئەم هونەرمەندە بەردەوام دەبێت و سارد نابێتەوە.
دوای ڕاپەڕین دەرفەتێکی باشتری بۆ دەرەخسێ لەساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ تیپی مۆسیقای کۆلیژی ئەندازیاری کاسێتێک تۆمار دەکات کە ٩ بەرهەم لەخۆ دەگرێ، زۆربەی ئاوازەکانی هی خۆی بووە و تێکستەکانیش هی شاعیران (هێمن موکریانی، مۆفق ئەکرەم کانی، سەعدوڵڵا پەرۆش، فاتیح شەیدا، ئەیوب قادر) بووە. لە ساڵانی دواتر چەند بەرهەمێکی دیکە تۆمار دەکات لەوانە: (خەیاڵ، گەردەمزانی١٩٩٣)،( دەستت لەنێو دەستم نێ، خوات لەگەڵ ١٩٩٤) جگە لەوەش لە پەیمانگەی نابینایان وەک مامۆستایەک و بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتووی کارگێڕی لە ماوەی خزمەتی پەروەردەیی دا چەند چالاکییەکی هونەری و ڕۆشنبیری ئەنجام داوە.
لە ساڵی ٢٠٠١ بەیەکجاری وازی لەگۆرانی گوتن هێناوە، لە ڕێکەوتی ٧ ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ بەهۆی نەخۆشی ژیانئاوایی کرد، ڕۆحی شاد و یاد و بیرەوەری هەمیشە بەخێر.