رۆژنامەی ھەولێر

لە کێڵگەی کۆرمۆر توانای بەرهەمهێنانی گازمان بە رێژەی 50% زیاد کردووە

بەگوێرەی راگەیەندراوە کۆمپانیای دانەگاز، کۆی داهاتی نۆ مانگی ئەمساڵ بە رێژەی 48% هەڵکشاوە و گەیشتووەتە 377 ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی 2025ـدا 255 ملیۆن دۆلار بووە. هەروەها تەنیا لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا، قازانجی پوخت بە رێژەی 50% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 45 ملیۆن دۆلار.

کۆمپانیای دانەگاز، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە؛ پڕۆژەی فراوانکردنی (KM250) لە کێڵگەی کۆرمۆر کە لە تشرینی یەکەمی 2025 تەواو بوو، توانای بەرهەمهێنانی گازی بە رێژەی 50% زیاد کردووە و گەیاندوویەتییە 750 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا. تێکڕای بەرهەمهێنانی دانەگاز لە هەرێمی کوردستان لە نۆ مانگی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 42 هەزار و 300 بەرمیل هاوتای نەوت لە رۆژێکدا.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئاماژە بەوە دراوە، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا کۆمپانیاکە ناردنی گازی بۆ وێستگەی کارەبای تازە لە کەرکووک دەستپێکردووەتەوە، کە ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدایە لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ دابینکردنی 100 ملیۆن پێ سێجا گاز لە رۆژێکدا، کە سەرەتا لە مانگی ئاب دەستی پێکردبوو.
سەبارەت بە پڕۆژەکانی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکە ئاشکرای کرد کە پەرەپێدانی کێڵگەی چەمچەماڵ لەژێر چەتری کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆلیۆم بە گوژمەی 160 ملیۆن دۆلار بەردەوامە. بڕیاریشە پێش کۆتایی ئەمساڵی 2026 دەست بە هەڵکەندنی بیرەکان بکرێت و لە سەرەتای ساڵی 2028 یەکەم بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی چەمچەماڵ دەست پێبکات. پێشتریش گرێبەستی درێژخایەن بۆ فرۆشتنی تا 170 ملیۆن پێ سێجا گاز لە رۆژێکدا لەگەڵ کڕیارە پیشەسازییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە.
هاوکات لە مانگی تشرینی یەکەمدا، پێرڵ پێترۆلیۆم بە سەرکەوتوویی بڕی 500 ملیۆن دۆلار سەنەدی قەرزی پێنج ساڵەی دەستەبەر کردووە بۆ دانەوەی قەرزە کۆنەکان و بەردەوامیدان بە وەبەرهێنان لە کێڵگەکانی کۆرمۆر و چەمچەماڵ.
سەبارەت بە شایستە داراییەکان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکە ئەوەی خستووەتەڕوو؛ لە نۆ مانگی ئەمساڵدا توانیویەتی 156 ملیۆن دۆلار لە شایستە داراییەکانی لە هەرێمی کوردستان وەربگرێتەوە، بەمەش قەرزە شایستەکانی کۆمپانیاکە لە هەرێم لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا گەیشتووەتە 189 ملیۆن دۆلار. کۆمپانیاکە جەختی کردەوە بەردەوامە لە دیالۆگی بنیاتنەرانە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی باشترکردنی کاتی وەرگرتنەوەی شایستەکان و کەمکردنەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکان.