رۆژنامەی ھەولێر

هەڕەشەی جەڵتەی مێشک و کەمبوونەوەی بەرهەمداری بەهۆی زۆری کارکردن

ماکوان عێزەت – هە‌ولێر

لە سەردەمی ئێستادا و بەتایبەت لە شارە گەورە و قەرەباڵغەکاندا، دابینکردنی بژێویی ژیان زۆرجار وادەکات مرۆڤ ناچار بێت بۆ سەعاتی دوورودرێژ و تەنانەت لە دوو شەفتدا کار بکات. بەڵام توێژینەوە نوێیە پزیشکییەکان زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدەن و دەیسەلمێنن کە ئەم کارکردنە لەڕادەبەدەرە نەک تەنها زیان بە ژیانی کۆمەڵایەتی دەگەیەنێت، بەڵکوو مەترسییەکی گەورەشە بۆ سەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونی، بە جۆرێک ئەگەری تووشبوون بە جەڵ٣٤تەی مێشک و نەخۆشییە درێژخایەنەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە.

ماڵپەڕی زانستیی “ساینس دەیلی” ڕاپۆرتێکی کۆمەڵەی دڵی ئەمریکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا شیکاری بۆ داتای نزیکەی ١٤٣ هەزار فەرمانبەری فەڕەنسی (لە نێوان تەمەنی ١٨ بۆ ٦٩ ساڵ) کراوە. ئەنجامەکان ئەوە دەردەخەن، ئەو کەسانەی بۆ ماوەی دە ساڵ یان زیاتر بە بەردەوامی سەعاتی زۆر کار دەکەن، مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتەی مێشک بە ڕێژەی ٤٥٪ زیاترە بە بەراورد بەوانەی کەمتر کار دەکەن. بەپێی پێوەری توێژینەوەکە، کارکردنی دوورودرێژ بریتییە لە مانەوە لە شوێنی کار بۆ زیاتر لە ١٠ سەعات لە ڕۆژێکدا و لانی کەم ٥٠ سەعات لە هەفتەیەکدا.
زانایان هۆکاری سەرەکیی ئەم مەترسییە بۆ چەند فاکتەرێک دەگەڕێننەوە:
• فشاری دەروونی (ستریس): دڵەڕاوکێ و ڕاڕایی بەردەوامی پەیوەست بە کار، کاریگەریی ڕاستەوخۆی نەرێنی لەسەر مێشک و سیستەمی بەرگری دادەنێت.
• کاری شەوانە و ناڕێک: تێکچوونی کاتەکانی خەو و حەوانەوە توانای جەستە بۆ خۆنوێکردنەوە کەم دەکاتەوە.
• ماندووبوونی جەستەیی: بێبەشبوون لە پشوو لە درێژخایەندا جەستە تووشی پەککەوتن دەکات.
لە لایەکی ترەوە، توێژینەوەکان دەریدەخەن کە زیادکردنی سەعاتی دەوام سوودی بۆ خاوەنکار و کۆمپانیاکانیش نییە. ئەو کەسانەی لە هەفتەیەکدا دەگەنە ٨٠ سەعات کارکردن، بەرهەمدارییان زۆر کەمترە لەوانەی کاتەکانیان ڕێکخراوە.
سارە گرین کارمیشێل، توێژەر و ڕۆژنامەنووس، ئاماژە بەوە دەکات کە ماندووبوونی بەردەوام وا دەکات فەرمانبەر لە ئەرکە ئاساییەکانی ڕۆژانەیدا تووشی هەڵەی زۆر بێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی مەترسیی نەخۆشییەکانی وەک شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ. هەروەها توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٨ جەختی لەوە کردووەتەوە کە کارکردنی زیاتر لە ٤٥ سەعات لە هەفتەیەکدا، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.