رۆژنامەی ھەولێر

نووسین و سنووردارکردنی نووسین چەند سەرنجێکی کورت سەبارەت بە ئەدەبیاتی نووخبە

ئارام کۆشکی

باوەڕ ناکەم هیچ قسەیەک لەوە پووچتر بێت، کە نووسەرێک باس لەوە بکات تێکستەکانی ئەو بۆ جەماوەر نییە و بۆ نوخبەیە. لە دونیای نووسیندا قسەی پووچم زۆر بیستووە، دەیان کەسم بینیوە بەبێ خوێندەوەی دە کتێب خۆیان بە نووسەر زانیوە، ئەمانەم زۆر لا پووچ نەبووە، بەڵام خۆبەنووسەرزانی نوخبە، لای من لە ڕیزی پێشەوەی ئەو قسە پووچانەی نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردییە لە چارەکە سەدەی ڕابردوودا بەری کەوتووم.

نووسین؛ یان هەر کایەیەکی تری هونەری بەبێ ئەوانی تر بوونێکی ناکامڵی هەیە. و لە بنەڕەتدا نووسین و بەرهەمی هونەری بۆ ئەوانی دیکە دەنووسرێن و بەرهەم دەهێنرێن. ئەم قسە پووچەی ساڵانێکە کۆمەڵێک نووسەر لەنێوەندی رۆشنبیریی کوردیدا لە هەوڵی ئەوەدان ڕەواجی پێ بدەن و هاوکاتیش کۆمەڵێک خوێنەریان فریوداوە، کە گوایە ئەوەی ئەوان دەینووسن نوخبەوییە و ئەوەی ئەوانیتر دەینووسن، لەبەرئەوەی خوێنەری هەیە و جەماوەرێک لێی کۆدەبێتەوە نوخبەوی نییە و ئاستێکی نزمی هەیە، بەڵام ئەم هاوکێشە وەهمییە تەنها لە خەیاڵی پووچی ئەو تایپە لە نووسەردا هەیە. هیچ ئەدەبیاتێک نییە، کە نەخوێنرێتەوە پۆزی ئەوە لێ بدات، کە نوخبەوییە. هیچ نووسەرێک نییە لەبەرئەوەی ناخوێنرێتەوە و شکستەکەی بخاتە ئەستۆی خوێنەر، کە لێی تێناگات و هاوکات پۆزی نوخبەویبوون لێ بدات.
سەرەتا دەبێت بپرسین کێن ئەوانەی بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن ئەو ئەدەبیاتەی (بە قەولی ئەوان) جەماوەری هەیە ئاستی ئەو ئەدەبیاتە نزمە؟ ئایا چ پێوەرێکیان خستووتەکار تا بەم ئەنجامە گەیشتوون. بڕیاردان لەسەر ئەدەبیاتی نووسەرێک، یان کاری هونەری هونەرمەندێک پێویستی بە لێکۆڵینەوە و خوێندنەوە و تەماشاکردن و سەرانجدانی وردە، ئەمە بێجگە لەوەی ئەو کەسەی ئەم حوکمە دەدات دەبێت لە پاشخانێکی مەعریفییەوە قسە بکات، نەک پێوەری سەرەکی چێژ بێت، چونکە “چێژی تایبەتی” پێوەری هەڵسانگاندنی تێکست و کاری هونەریی نییە. لەبەرئەوەیە زۆرجار ئەو کەسانەی تۆمەتی جەمارییبوون دەدەنە پاڵ تێکستێک بۆ ئەوەیە شکستی خۆیان ڕووپۆش بکەن، چونکە خۆیان لە ماوەی لانیکەم نیو سەدەدا 50 خوێنەریان نییە. واتە ساڵانە توانای دروستکردنی یەک خوێنەریان بۆ بەرهەمەکانیان نەبووە. ئیدی بۆیە کەوتوونەتە ئەوەی ئەوان بۆ نوخبە دەنووسن و پێیانوایە ئەدەبیاتی ئەوان ئاستەکەی بەرزە، بۆیە هەموان توانای تێگەیشتنیان نییە لێی، بەڵام ئەمە ڕێک پێچەوانەکەی ڕاستە. ئەمە بە نموونەیەک ڕوون دەکەمەوە.
هاوڕێیەکی خوێنەرم باسی یەکێک لەو “نووسەرە نوخبەوی”یانەی دەکرد، کە دوو ڕۆمانی خوێندووەتەوە و لێی تێنەگەیشتووە. ئەو هاوڕێیە نموونەی ڕۆمانەکانی ئەلبێر کامۆ، ژان پۆڵ سارتەر، فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی، فرانتز کافکا، میلان کۆندێرا، ئۆرهان پاموک، ج.د. سالینجەر و زۆر نووسەری دیکەی هێنایەوە کە خوێنەری بەرهەمەکانیان بووە و لێیان تێگەیشتووە و دەزانێت چی دەڵێن و چیرۆکەکان چین، بەڵام لەو نووسەرە کوردە نوخبەنووسانە نەگەیشتووە؟ من گوتم ئەوانە تێکستی ئاڵۆزی ساختەن، لە هەوڵی بەلاڕێدابردنی خوێنەردان. نووسەرەکانی بەهۆی ئاڵۆزی دەروون و هاوکات فیکریانەوە نازانن چی دەنووسن، بۆیە بەناوی ئاڵۆزییەوە تێکستێکی ئاڵۆزکاو پێشکەشی خوێنەر دەکەن.
یەکێکی تر لە کۆمیدیاکانی “نووسەرانی نووخبەنووس” ئەوەیە کە هەر نووسەرێکی کوردی و جیهانی بخوێنرێتەوە پێیانوایە عامەپەسەندە و لەبەرئەوەشی عامەپەسەند و زۆر خوێنراوەیە، کەواتە ئەدەبیاتێکی نزمە. بەپێی ئەو پێوەرە کۆمیدی ئەوان هەریەک لە فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی و ئەلبێر کامۆ و فرانز کافکا هەریەک لەو سێ نووسەرە ناودار و پڕفرۆشەی دونیای کوردی نووسەری خراپن، چونکە خوێنەر دەیانخوێنێتەوە! بێگومان ئەمانە هیچ بنەمایەکی دروستی ڕەخنەیی و میتۆدیان نییە، بەڵکو قسەی فڕێدراوی نێو جیهانی شکستی خۆیانە و لێرەوەیە پەسندی تێکستی ئاڵۆزکاو و بەحسابی خۆیان نوخبەوی دەدەن.
بێگومان هیچ تێکستێکی ئاڵۆز نییە تێگەیشتنی مەحاڵ بێت، دەشێ تێگەیشتن و درککردنی سەخت بێت، بەڵام مەحاڵ نییە. وەلێ تێکستی ئاڵۆزکاو تێگەیشتن لێی مەحاڵە، چونکە چیرۆک و حیکایەت و تێمە (هەڵبەت ئەگەر تێمە هەبێت) تێیدا تێکئاڵاون و ئەمەش ئاڵۆزکانی دروست کردووە، بۆیە ڕوون نییە نووسەر چی دەبێژێت. بۆیە لەپێناو پەردەپۆشکردنی ئەم جۆرە لە سەرلێشێواوییەدا دێت و بەرگی نوخبەویبوون دەکاتە بەری خۆی و تێکستەکەی و پێیوایە تێکستەکەی ئەو بۆ جەماوەر نییە، بەڵکو ئەو بۆ نووخبەیەک دەنووسێت دەشێت ڕۆژێک لەدایک بن و لەم تێبگەن؟!

دەشێ لێرەدا بپرسین ئەو نوخبەیە کێن، کە ئەم نووسەرانە بۆیان دەنووسن؟
هێندەی سەرنجمداوە ئەو نوخبەیەی ئەوان باسی دەکەن جگە لە وەهمی نێو خەیاڵی خۆیان هیچی دیکە نییە، چونکە کایەی ئەدەبیات، کایەیەکە بۆ زۆرینەی خەڵک، بەتایبەتیش بۆ خوێندەوارانە، ئیتر لەنێو ئەم گرووپە خوێندەوارانەدا چۆن نوخبە جیا دەکرێتەوە، ئایا بەپێی تەمەن جیا دەکرێتەوە، یان پێوەرەکە چییە؟ بێگومان من هیچ پێوەرێکی ئەوتۆ نابینم، بەڵام دەشێ نووسەران و رۆشنبیران و هونەرمەندان لە ڕیزی نوخبەدا دابنێین، بەڵام ئایا ئێمە تەنها بۆ ئەوان دەنووسین و کاری هونەریی بەرهەم دەهێنین؟ بێگومان ئەمە پرسیارێکی بەجێیە، بەڵام هیچ نووسەر/هونەرمەندێک لە هەر کایەیەکی ئەدەبی و هونەرییدا کار بکات ئەوەی لە خەیاڵدا نییە کە دەنووسێت بڵێ من تەنها بۆ نوخبە دەنووسم، ئامانجی نووسین گەیشتن نییە بە نوخبە، بەڵکو گەیشتنە بە زۆرینەی کۆمەڵگە تا وشیاریی بڵاو بکرێتەوە، ئیدی ئەم وشیارییە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووریی، ئابووریی، یان هەر ڕەهەندێکی دیکەی هەبێت. بۆیە هەر بەم لۆژیکە قسەکەی ئەو نووسەرە نوخباویانە هەڵدەوەشێتەوە. نووسین هونەری گەیشتنە بە بەردەنگە (ئەویتر)ە، نووسین دروستکردنی سنوورنییە لەنێوان ئەویترەکاندا و بڵێی من بۆ “کۆمەڵێک ئەویتر” دەنووسم، بەڵام بۆ “کۆمەڵێکی تری ئەویتر” نانووسم. نووسین بۆ هەر خوێنەرێکە لە هەر قوڕنەیەکی دونیا بێت. نووسین کێشانی سنوور نییە، نووسین تێپەڕاندنی سنوورە. ئەو نووسەرانەی خۆیان جیا دەکەنەوە و ئەدەبیات و هونەرەکەیان بە ئەدەبیات و هونەری نوخبە ناودەبەن، دیسان خۆیان دەخەنە نێو چوارچێوەوە و سنوور بۆخۆیان دەکێشن. لەکاتێکدا ئەدەب و هونەری ڕاستەقینە و داهێنەرانە دژی سنوورە، ئیدی ئەو سنوورە کۆمەڵایەتی بێت، یان سیاسی، یان جوگرافی، یان هەر جۆرە سنوورێکی دیکە. ئێمە مارکیز دەخوێنینەوە لەوپەڕی دونیاوە نووسیویەتی دەڵێی باسی ئێمە و کۆمەڵگەکەمانی کردووە. کافکا و کامۆ و سێرڤانتێس و ڕامبۆی و بۆدلێر دەخوێنینەوە دەڵێی دڵی ئێمە ئاو دەدەن و گوێیان لە خەم کۆژانەکانی ئێمە بووە. ئەمە بۆ مۆراکامی و مەحفوز و پاموک و مۆیان و زۆر نووسەری دیکەش هەر ڕاستە. نووسەران سنوورشکێنن، نەک خۆیان بخەنە نێو چوارچێوە و زیندانەوە و دونیا و خوێنەران بەسەر خۆیاندا دابخەن. لێرەوەیە کە نووسەران بۆ هەموو کەسێک دەنووسن لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت، نەک تەنها بۆ توێژێکی دیاریکراو بنووسن. شانازیی نووسەران ئەوەیە زۆرترین خوێنەر لە دەوری بەرهەمەکانی کۆببێتەوە و پەیامەکانی بگاتە زۆرترین خوێنەر، کاتێک پەیامەکانی نەگات دەبێت بە خۆیدا بچێتەوە و شێواز و دنیای نووسینی بگۆڕێت و رێگەی دیکە بگرێتەر بەر تا بگاتە هەر خوێنەرێک لە هەر شوێنێکی دونیا بێت، چونکە هیچ ئەدەبیاتێک لۆکاڵی نییە، ئەگەر لە هەستێکی ئینسانی بەرز و بە خەونێکی گەورەوە نووسرا بێت. ئەدەبیاتێک لۆکاڵییە کە خاوەنی خەونی گەورە و هەستی مرۆیی گەورە نەبێت.