رۆژنامەی ھەولێر

تاکە کلیلی چارەی کێشەی شنگاڵ و ناوچە کوردستانییەکان ماددەی ١٤٠ـە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

شنگال یەکێک لەو شوێنانەیە کە دەکەوێتە سنووری ماددەی ١٤٠، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی گرنگییەکی زۆر بە ناوچەکە دەدات. بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە نەینەوا، دەڵێت: وەکو پارتی بە ئەرکی خۆمان دەزانین کە خزمەتی ھەموو پێکھاتەکانی سنووری نەینەوا بکەین. دەشڵێ، لە ماوەیەکی نزیکدا بارەگاکانمان لە شنگال دەکەینەوە کە ئەوە داواکاری سەرەکی خەڵکی شنگال و ڕۆژئاوای دیجلەیە.

بڕیارەکان دەستوورین
بەپێی بەڵگەنامە و نووسراوێکی فەرمیی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـی دەستووری کۆماری عێراق کە بە ئیمزای ھادی عامری، سەرۆکی لیژنەکە ئاراستەی پارێزگای نەینەوا کراوە، قەزای شنگال و تەواوی ناحیەکانی لە پاڵ ناوچە کێشەلەسەرەکانی دیکەی پارێزگاکەدا، وەک ناوچەی جێناکۆک دیاری کراون و ھۆشداری دراوە کە بڕیارەکانی لیژنەکە دەستوورین و دەبێت وەک خۆیان پەیڕەو بکرێن.

لە سێی ئابی ساڵی ٢٠١٤، داعش شنگالی داگیر کرد و کۆمەڵکوژی زۆر و کاولکاری گەورەی لە سنوورەکە ئەنجام دا، ھەزاران کەس بوونە قوربانی و سەدان ھەزار کەس ئاوارە بوون، ژێرخان و سەرخانی شنگال و دەوروبەری دووچاری وێرانکاری گەورە بووەوە.
٨٠% خەڵکی شنگال لە کەمپەکانی پارێزگای دھۆکدان و ناگەڕێنەوە ناوچەکانیان ئەو ٢٠%ی کە لە شنگالن لەسەر چیای شنگال لە کەمپی سەردەشت دانە و ناگەڕێنەوە نێو شنگال بۆ ژێر دەسەڵاتی ھەندێک گرووپی چەکدار، خراپی بارودۆخی دارایی خەڵکی شنگال و نۆژەن نەکردنەوەی ماڵەکانیان و نەبوونی قەرەبوویەکی پێویست، خراپی بارودۆخی ئەمنی و سەقامگیری لە قەزاکە، نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی پێویست و کێشە کارگێڕییەکان، وێرانبوونی ژێرخان و خانوو، ئاوارەکانی ناچار بە مانەوە لە کەمپەکاندا کردووە و وەک خۆیان دەڵێن، بەم دۆخەوە ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
ڕۆژی نۆی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠، ڕێککەوتنی شنگال لە نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئیمزا کرا، بەڵام تاوەکو ئێستا حکوومەتی عێراق ڕێککەوتنەکەی جێبەجێ نەکردووە و ھەنگاوی جددی و ئامادەکاری پێویستی نەکردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە، کە ئامانج لێی ئاساییکردنەوەی شنگال و ئاوەدانکردنەوەی سنوورەکەیە. بەرپرسانی شنگالیش، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، حکوومەتی عێراق بە ئەرکی دەستووری و یاسایی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی شنگال ھەڵنەستاوە و قەرەبووی ئەو خەڵکەی نەکردووەتەوە، کە بەھۆی ھەرەسھێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی شارەکە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە.
لە ١٣/١١/٢٠١٥ ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، شنگالی لە دەست چەکدارانی داعش ڕزگارکرد.
سەرۆک بارزانی، لە ١٣/١١/٢٠١٥ بەبۆنەی ڕزگارکردنی شنگال لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزبایی لە خەڵکی شنگال و ھێزی پێشمەرگە، ڕایگەیاند، ئازادکردنی شنگال لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش لەڕووی سەربازی و سیاسی و مێژووییەوە سەرکەوتنێکی مەزن بوو بۆ گەلی کوردستان کە لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەکانمان تۆمار کرا، ئەم سەرکەوتنە بە ھەموو لایەک دەڵێت کە ئیتر ئەو ڕۆژە ڕۆیشت داگیرکار و ستەمکاران گەلی کوردستان بچەوسێننەوە، ئێستا گەلی کوردستان سەربەرزانە بەرگری لە خۆی دەکات و دوژمن دەشکێنێ و پارێزەری بەھاکانی مرۆڤایەتیشە.
سەرۆک بارزانی، لەدوای داگیرکردنی شنگال و ئەو کارەساتەی بەسەر خوشک و برا ئێزدییەکانماندا ھات ئامادە بووین ھەموو ڕێگەیەک بگرینەبەر و ھەموو نرخێک بدەین کە شنگال ئازاد بکرێت بۆ ئەوەی بڕوا بەخۆبوون بۆ گەلی کوردستان و خوشک و برا ئێزیدییەکانمان بگەڕێتەوە و دوژمن و تیرۆریستان لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەربکرێن.

پارتی دەگەڕێتەوە شارەکە
نەوزاد ھادی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا، لە کاتی دەستبەکاربوونی بەرپرسی نوێی لقی ١٧ پارتی لە شنگال، ئاشکرای کرد: وەکو پارتی بە ئەرکی خۆمان دەزانین کە خزمەتی ھەموو پێکھاتەکانی سنووری نەینەوا بکەین.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا، دەشڵێ: پارتی دەگەڕێتەوە شنگال، یەکێک لە بڕیارەکانە و بە مافی خۆمان دەزانین وەکو ھەر حزبێکی دیکە بارەگاکانی ئێمەش لە سنووری شنگال ھەبن، بۆیە خەڵکی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە لە ماوەیەکی نزیکدا بارەگاکانمان لەو ناوچانە دەکەینەوە، کە ئەوە داواکاری سەرەکی خەڵکی شنگال و دەوروبەرە، نە خەڵکی شنگال دەستبەرداری پارتی دەبێت، نە پارتییش دەستبەرداری شنگال دەبێت، ئەوە لای سەرکردایەتی پارتی بڕاوەتەوە.
نازم ھەرکی، بەرپرسی پێشووی لقی ١٧ی پارتی لە شنگال، دەڵێت: شنگال ناوچەیەکی کوردستانییە، ئەوەش مێژوو سەلماندوویەتی، کولتور، زمان، دار و بەردی ھاوار دەکەن و دەڵێن ئێمە کوردستانین، داواش لەو کەس و لایەنانە دەکەم کە دەڵێن، شنگال بەشێک نییە لە کوردستان با لاپەڕەکانی مێژوو ھەڵبدەنەوە، بۆ ئەوەی بزانن لە مێژووی کورددا چی بۆ شنگال کراوە، شنگال دەکەوێتە سنووری ماددەی ١٤٠، ئەو ماددەیەش، ماددەیەکی گرنگە لە دەستووری عێراقدا، ئەو دەستوورەی کە ٨٠% خەڵکی عێراق دەنگی بۆ داوە، بۆیە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین پێشێلی دەستوور نەکرێت و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان.

حکوومەتی عێراق شنگالی بە تەواوەتی پشتگوێ خستووە
شنگال لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە پشتگوێ خراوە، ھەر لە ڕۆژی ٣/٨ تا ئەمڕۆ حکوومەت ھیچ ھاوکاری نەکردووە، لە ھەمان کاتدا دەیانەوێت شنگال لە ھەرێمی کوردستان جیا بکەنەوە، ئەمە لە کاتێکدایە بەردەوام خەڵکەکەی داوا دەکەن بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان، چونکە لە دوای ئازادی عێراق تا ئێستا ھەر حکوومەتی ھەرێم ھاوکاری خەڵکی شنگالی کردووە و حکوومەتی عێراق پشتی تێ کردووە، حکوومەتی عێراق مووچەی گرووپە چەکدارەکان دەدات ئەوەش ھەموو بۆ ئەوەیە شارەکە نەگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەش نەگەڕێنەوە و خەڵکێکی دیکە لە شوێنی ئەوان نیشتەجێ بکرێن، تەنھا جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دەتوانێت کێشەی شنگاڵ و ناوچە کوردستانییەکان چارەسەر بکات.