مقداد شاسواری
یەك هەفتە دەبوو، نەمدەوێرا سەر لە دەرگای حەوشە بێنمە دەرێ، ئەو سیامەندۆكە خەپەیە، كە بەردەوام لە عەقاراتەكەی حەمە دەنگ گەورەی بەرامبەر ماڵمان دادەنیشت، بە دەست و بە دەنگ بانگی دەكردم و قاتێكی باش سووك و ڕیسوای دەكردم.
– ئا دەی وەرە شێرەكەم. وەرە ئێرە..
ڕایدەكێشامە لای ئەو جەماعەتەی وەك خۆی ئاسا، بێ كار و بێ ئیش هەر لە بەیانییەوە تا درەنگانی شەو لە عەقاراتەكە تەبڵەیان بەردەدایەوە و دەك چای دیشلەمەیان دەخواردەوە، ڕووی تێیان دەكرد و دەیگۆت: “ئەو شێرۆیە دەبینن جەماعەت، وا ڕەنگو ڕووی بنیادەمانی هاتۆتەوە بەرێ. سێ ساڵە كۆلێژی تەواو كردووە، وەكو مەڕی گێژ لە گەڕەكەكەیا دەیخولاندەوە و دەتگۆت بزنی گەڕە لە برسان ڕەنگ بە ڕوخسارییەوە نەمابوو. بەردەوام وەكو پشیلەی برسی بەدوای وردە ئێسقاناندا دەگەڕا. منیش ویژدانم قبووڵی نەكرد و تەلەفۆنم بۆ وەزیری ڕێگاوبان كرد، چونكە هەندێ دۆستایەتی و سووكە مەرحەبایەكمان هەیە، ڕاستە بەخۆی جوابی نەدایەوە، بەڵام سكرتێرەكەی تەكلیفی منی پێ گەیاندبوو، گۆتم پێی بڵێ سیامەند تەلەفۆنی كردووە. كوڕێك لە گەڕەكەكەمانە كوڕە شەهیدە و بەڵاكەریۆسیشی هەیە!
– بەكالۆریۆس…
– ئێ دەی. ئەدی من چ دەڵێم، خۆ هیندی قسان ناكەم!
ئەوە سێ ساڵە خوێڕی خوێڕی لە كۆڵانان دەسووڕێتەوە هیچ ئیشی نییەو سبەینان یا فەتاح وەك سەگی هار پڕ دەداتە ئەو خوشك و برایانەی و ئێوارانیش تا نیوەشەو لەگەڵ هەندێ لەخۆی خوێڕیتر هەر خەریكی كۆنكان و دۆمینەو ئەزنیفە، دووسەد و پەنجا دینارییەكیش لە گیرفانی دا نییە. قەت نابێ و ناكرێ دەستی لەكارێ گیر بكەن. گۆتم پێی بڵێ كوڕەكە لات و دەست و پێ سپییە هیچ كارێك نازانێ بەشكەم دایدەمەزرێنن دەبێتە پیاو. بەسەری ئەو جەماعەتەی هەمووی دە ڕۆژی پێ نەچوو لە شارەوانی ناردیان بەدوام و گۆتیان كا ئەو كوڕەی لەلای وەزیر واسیتەت بۆی كردووە با بێ دەست بەكاربێ. گۆتیان ئێمەش بۆ ئەم ئیشە كەسێكی ئەوهامان دەویست. كوڕە شەهید بێ و شەهادەی بەكالۆریۆسی هەبێ. منیش شێرۆم نارد. هەر دەست بەجێ كڵاوێكی باغەو ئێلەگێكی فسفۆڕیان دا پێی و ئاڵایەكیان دایە دەستی و بۆخۆی دامەزرا. من داممەزراند، وانییە شێرۆ؟ من داتممەزراند وانییە؟ دەبڵێ وایە كوڕم دەڵێی سەمغت خواردووە دەمت لێكنابێتەوە هەی بێ سیفەتی بەڕەڵڵا…
ڕاستە ئێستا بە ڕۆژانە دامەزراوە، بەڵام خۆی بسەلمێنێ لە ئیشەكەو بەرگەی سەرماو گەرما بگرێ و وەكو كەری چەمۆش لەقە لە بەختی خۆی و ناوبانگی من نەدا هەمووی پێنج شەش ساڵێكەو دەبێ بە گرێبەست. دوای دە دوانزە ساڵیش، ئەوپەڕی دوای پانزە بیست ساڵی دیكە دەیكەنە هەمیشەیی و بۆخۆی دەبێتە مووچە خۆری میری و خەنی دەبێ! بەڵام دەبێ بەرگە بگرێ و پشووی درێژ بێ. وەك دەڵێن هەموو سەركەوتنێكیش لە هەنگاوی یەكەم دەست پێ دەكا. ئەوە من هەنگاوی یەكەمم بۆت نا. باقیەكەشی لەسەر خۆتە!
ئیدی ئەو سیامەندۆكە هەر دەیگۆت و نەیدەبڕییەوە. یەكێك لەوانەی لەوێ دانیشتبوو گۆتی: ئەوجا ئیشی چییە شێرۆ. چ دەكا؟ سیامەند گۆتی “ئەوە قۆرتێكی هەندی دەمی ئەو دۆلكەیەی بەردەمتان لە ناوەڕاستی جادە سەرەكییەكە دروست بووە، ئیشی شێرۆ ئەوەیە لەدیار ئەو قۆرتە ڕابوەستێ و ئاڵا سوورەكەی دەستی لەهەوادا ڕاوەشێنێ و بیشەكێنێتەوە هەتا شۆفێرەكان خێراییان هێواش بكەنەوە و مل لەو قۆرتە نەنێن نەوەكا تایەو شتیان بتەقێ و زیانیان پێ بگات.
یەكێكی دیكە هەڵیدایێ و بە تەوسەوە گۆتی: كوڕە سیامەند هێندە پێتدا هەڵگۆت وامزانی كردۆتتە شۆفێری قیتار ماڵت ئاوەدان بێ یاخوا…
سیامەند گۆتی: دەبا قیتارەكە بێ. بزانە دەیكەمە شۆفێری قیتاریش یان نا؟ منیش دەتگۆت دارتێلی كارەبام، قیت و ڕەپ بەدیاریانەوە ڕاوەستابووم و ببوومە مەزەی جەماعەت.
كە هەموویان بێ دەنگ بوون ڕووم لە سیامەندۆك كرد و گۆتم:
– تەواو بوو. دەركرام. دامەزراندنەكەت هەر یەك هەفتە بڕی كرد!
وەك سەتڵێ ئاوی سارد بكەی بەسەریا، سیامەندۆكە حەپەساو گۆتی:
– بۆ. دیارە باش ئیشت نەكردووە.
– با.. باش ئیشم كرد. خەریك بوو شەهادەی ڕێزلێنانیشم بدەنێ! بەڵام دوێنێ ئێوارە جەماعەتی بەڕێوەبەرایەتی قۆرت و چاڵەكانی شارەوانی هاتن و قۆرتەكەیان پڕ كردەوە و منیان ئیزن دا.. ئێستاش بۆ یەك هەفتە دامەزراندن نازانم منەتباری كێ بم؟!

