رۆژنامەی ھەولێر

پرسی کارەبا لە عێراق بووەتە یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکان

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

لە سایەی گەندەڵیی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکان بە تایبەتی کارەبا بێبەشن و بەهۆی مۆلیدە ئەهلییەکانیش بارگرانیی دارایی خراوەتە سەر شانی خەڵکەوە.

پرسی کارەبا لە عێراق بووەتە یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکان کە زۆربەی پارێزگاکان بەدستیەوە دەناڵێنن. لە نێو پاریزگاکان پارێزگای کەرکووک وەک ناوچەیەکی کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ستەمی زیاتری لێ دەکرێت و کارەبای کەمتری نیشتمانی بۆ دابین کراوە.
دەگوترێ ئێستا تەنیا هەشت کاتژمێر کارەبای نیشتمانی لەو پارێزگایە هەیە و شازدە کاتژمێرەکەی دیکە لە ڕێی مۆلیدە ئەهلییەکانەوە دابین دەکرێت کە لە گەڕەکەکان داندراون.
ئەمە وایکردووە هاوبەشەکانی کەرکووک مانگانە کارەبای زیاتری مۆلیدەیان بۆ بێتەوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هەر ئەمپێرێک بە هەژدە هەزار دینار ڕاگەیەنرا کە ناڕەزایەتی خەڵکی کەرکووکی لێکەوتەوە.
خەڵک گلەییان لە حکوومەتی فیدراڵی و ئیدارەی پارێزگاکە هەیە و دەڵێن ناکرێ شارێک لەسەر کانگای نەوت بنیات نرابێت بەڵام لە سەرەتاییترین خزمەتگوزاری بێبەش بێت. ئەوان دەڵێن توانای ئەوەیان نییە پارەیەکی زۆر بە مۆلیدە بدەن و لە دۆخێکدا کە هەر خۆی هەڵاوسان دروست بووە و نرخی زۆربەی شتومەکەکان بەرز بووەتەوە ئێستا دەبێت پارەیەکی زیاتر بە کارەبا بدەن.
لە ڕۆژی یەکشەممەوە خەڵکی ئەم پارێزگایە دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە و داوا دەکەن پارەی کارەبای مۆلیدەیان بۆ کەم بکرێتەوە و سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆژی دووشەممە ئەنجوومەنی پارێزگاکە بڕیاری دا نرخەکەی لە هەژدە هەزارەوە بۆ سێزدە هەزار کەم بکاتەوە بەڵام هێشتا خەڵک ناڕازین و داوای کەمکردنەوەی زیاتر دەکەن.
کێشەی سەرەکیی کەمیی کارەبا و گرانیی نرخی ئەمپێری مۆلیدە لە ڕاستیدا خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکانیش نین چونکە ئەوانیش نرخی سووتەمەنی بە گران دابین دەکەن و کاتێک کاتژمێرێکی زیاتر کارەبا بە هاووڵاتییان دەدەن ئەوا مافی خۆیانە کرێی زیاتری بۆ هەر ئەمپێرێک کارەبا لە ماڵەکان بستێنن.
ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی کەرکووک لە هاووڵاتییانی ئاساییەوە گۆڕدرا بۆ خاوەن مۆلیدەکان و وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگا خاوەن مۆلیدەکان بۆ چەند کاتژمێرێک مۆلیدەکانیان کوژاندەوە.
ئەوەی لە کەرکووک ڕوودەدات کە سووچی هاووڵاتییان و نە سووچی خاوەن مۆلیدەکانە بەڵکوو پەیوەندی بە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق هەیە کە دوای زیاتر لە دوو دەیە لە دامەزرانی نەیتوانیوە کارەبا بۆ دانیشتووانی عێراق دابین بکات.
ئەم دۆخە وایکردووە کە مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای كەركووك و گەرمیان – خانەقینی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی خۆپێشاندانەكانی كەركووك بێتە سەر خەت و دژایەتی خۆی بۆ گرانبوونی نرخی ئەمپێری کاربا دەرببڕێت و داوا لە لایەنە بەرپرسەكان بکات كارئاسانی بۆ خاوەن مۆلیدەکان بکات بەتایبەت لە دابینكردنی سووتەمەنی بە نرخێكی پاڵپشتیكراو، بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن بەبێ زەرەر كارەبا بە هاووڵاتیان بدەن.
هاوکات بەڵێنی دا لەڕێگەی فراكسیۆنی پارتی لەناو ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بە ڕژدی کار بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بکات هەرچەندە حكومەتی عیراق دەبێ وەڵامدەرەوەی داواكاری و دابینكردنی خزمەتگوزاری هاووڵاتییان بێت.
جێی باسە حکوومەتی عێراق سالانە بە دەیان ترلیۆن دۆلان بودجە بۆ گرووپە میلیشیاکان خەرج دەکات و ئەگەر نیو هێندەی ئەو پارەیەی بۆ پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا خەرج کردبا دەمێک بوو کێشەی کارەبا لە عێراق چارەسەر دەبوو.
ئەو چەند کاتژمێر کارەبایەش کە عێراق دابینی دەکات بەشێکی لە وێستگەکانی بەرهەمهێننای کارەبای خۆیەتی و بەشێکیش هەر لە هەرێمی کوردستانەوە بۆی دابین دەکرێت.
هەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە زۆر لە پێشەوەی عێراقە و بە پڕۆژەی ڕووناکی توانیویەتی بیست و چوار کاتژمێر کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات و ئەگەر هەندێک جار پچڕانی کارەبا ڕوو دەدات ولە هەندێک گەڕەک چەند کاتژمێرێک کارەبا دەدرێت پەیوەندی بە هەندیک پلانی پیشەسازی و نۆژەنکردنەوەی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی هەیە کە دەگوترێت ئەویش خەریکە بە تەواوی چاک دەبێت.