د. شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەیەکی دوورودرێژ لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی گرفتی کارەبا لە کەرکووک، رەزامەندیی پێشان داوە بە زیادکردنی بڕی 150 مێگاوات کارەبا بۆ ئەو شارە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ئەوەی ڕاگەیاندووە؛ بەو بڕیارە پشکی کارەبای کەرکووک دەگاتە نزیکەی 800 مێگاوات. هاوکات رەزامەندی دراوە لەسەر زیادکردنی نزیکەی پێنج ملیۆن لیتر گاز بۆ موەلیدەکانی شارەکە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا د. شاخەوان عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد، کۆمەڵێک رێکاری کارگێڕی دەگیرێتەبەر بۆ باشتر بەڕێوەبردنی ئەو دۆسیەیە. هەروەها دڵنیایی دا بەوپەڕی دڵسۆزییەوە نوێنەرایەتیی خەڵکی شکۆمەندی شارەکەیان کردووە لە داواکردنی مافەکانیان.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، جارێکی دیکە گرفتی کەمی کارەبا و گرانی نرخی ئەمپێرەکانی مووەلیدەی گەڕەکەکان، خەڵکی شاری کەرکووکی نیگەران کرد. بەهۆی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی و بەرزبوونەوەی نرخی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان بۆ 18 هەزار دینار، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە چەند گەڕەکێکی شارەکە سەریهەڵدا.

