عەبدولقەهار هەولێری
خاتوو گەشاو جەواد، کارگێڕی لێژنەی ناوچەی دوسڵدۆرفی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ لقی ٦ی ئەوروپا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت و بەرهەمداری لەگەڵ کۆمەڵێک ئافرەتی توانا و چالاکی ناوچەکەدا کرد.
ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی هەوڵ و هەنگاوەکانی لێژنە بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ئافرەتان و گەنجانی کورد و، بەشدارکردنی زیاتریان لە بوارە کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەییەکاندا بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، نەخشەڕێگایەک بۆ پەرەپێدانی تواناکان، دەرفەتەکان و بەهرەکانی ئافرەتان و گەنجان خراوەتە ڕوو. هەروەها گفتوگۆی ورد لەسەر ڕێکخستن و کردنی کۆمەڵێک چالاکی، کۆڕ، سیمینار و بەرنامەی جۆراوجۆر کرا، کە ئامانجیان هاندانی بەشداریی چالاکی ئافرەتان و گەنجان، پەرەپێدانی تواناکانیان و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای کوردی لە ناوچەکەدایە.
ئەم کۆبوونەوەیە هەنگاوێکی دیکەیە لە پێناو دروستکردنی بنەمایەکی بەهێزتر بۆ بەشداریی کاریگەر و ڕۆڵگێڕانی ئافرەتان و گەنجان لە خزمەتکردن و پەرەپێدانی کۆمەڵگای کوردی لە دیاسپۆرادا.
لێژنەی ناوچەی دوسڵدۆرف جەخت لە گرنگی بەردەوامبوونی ئەم جۆرە چالاکییانە دەکاتەوە و بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ پشتگیریکردن لە تواناکانی ئافرەتان و گەنجان و ئامادەکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ بەشداری و داهێنان.

