رۆژنامەی ھەولێر

پۆلیسی هەولێر هۆشداری دەداتە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئاگاداری سەرجەم بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە تایبەت پەخشکەرانی لایڤ لە پلاتفۆرمی “تیکتۆک” دەکاتەوە کە بەکارهێنانی وشەی نەشیاو، جنێودان و بڵاوکردنەوەی هەر ناوەڕۆکێکی نەگونجاو بە تەواوی قەدەخەیە؛ دەشڵێت: هەر کەسێک سەرپێچی سەرپێچی بڕیارەکە بکات رووبەڕووی لێپرسینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە.
سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە راگەیەنراوێکدا، ئاگادارییەکی گرنگ و بە پەلەی ئاراستەی سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە کرد کە بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن، بەتایبەتی ئەو کەسانەی لە پلاتفۆرمی “تیکتۆک” لە رێگەی دەرکەوتن و ئەنجامدانی پەخشی راستەوخۆوە (لایڤ) چالاکی ئەنجام دەدەن.
بە پێی راگەیەنراوەکەی پۆلیس، لەپێناو پاراستنی دابونەریت و کولتووری گشتیی کۆمەڵگە و پێشگرتن لە تەشەنەسەندنی دیاردە نەخوازراوەکان، لەمەودوا بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وشەی نەشیاو بەکاربهێنرێت، یان جنێو و سووکایەتی بە کەسایەتیی یەکدی بکرێت، هەروەها بڵاوکردنەوەی هەر وێنە و ناوەڕۆکێکی نەگونجاو کە پێچەوانەی ئادابی گشتی بێت، بە تەواوی قەدەخەیە.
پۆلیسی هەولێر روونی کردووەتەوە، کە ئەم جۆرە رەفتار و دەرکەوتنانە، سەرەڕای ئەوەی دژ بە بەها و بنەما کۆمەڵایەتییەکانن، هاوکات دەبنە هۆکاری سەرەکی بۆ دروستبوونی چەندین کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئەنجامدانی تاوانیش؛ بۆیە هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارانە بکات، رووبەڕووی لێپرسینەوە و رێکاری توندی یاسایی دەکرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، پۆلیسی هەولێر مەرجێکی نوێی بۆ ئەنجامدەرانی لایڤ راگەیاندووە و ئاگاداری کردوونەتەوە کە پێویستە لە ماوەی 15 رۆژدا، سەردانی بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بکەن.
ئامانج لەم سەردانە، وەک لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، بریتییە لە:
کردنەوەی پەڕاو و دۆسیەی فەرمیی تایبەت بۆ هەر کەسێک کە لایڤ ئەنجام دەدات.
پڕکردنەوە و واژۆکردنی بەڵێننامەی یاسایی لەسەر پابەندبوون بە یاسا و رێساکان.
وەرگرتنی رێنماییە فەرمییەکان تایبەت بە چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئەو پلاتفۆرمانە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، هۆشداریی داوە کە هەر کەسێک لە ماوەی دیاریکراودا پابەندی ئەم بڕیارە نەبێت و سەردانی پۆلیس نەکات، خۆی بەرپرسیار دەبێت لە بەرامبەر یاسادا و رێکاری پێویستی لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر.