رۆژنامەی ھەولێر

وچـــــــــــــــــــــــــانێك لەژێر دارهەنارەكە خۆی

عەبدولڕەحمان فەرهادی

چەند مانگێك لەوەبەر، لە گوتوبێژێكم لەبارەی ڕۆمان و وەرگێڕانی ڕۆمان، هاوڕێی نووسەرم كاك سەباح هورمز، پێشنیازی كرد ڕۆمانی “وحدها شجرە الرمان”ی سینان ئەنتوون بكەم بە كوردی، من ئەم داوایەی كاك سەباح م لەبیر ما، تا ئەو كاتەی لە ڕۆژانی مانگی 10ی 2026، پیشانگای كتێب لە هەولێر كرایەوە، لەوێ دوای گەڕانم بەنێو خانەی داو و دەزگاكانی بڵاوكردنەوە، ڕۆمانەكەم لە خانەی “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم” بینی، كە لەلایەن كاك دلاوەر قەرەداغییەوە كرابوو بە كوردی، بەمە زۆر خۆشحاڵ بووم، بۆیە كتێبەكەم كڕی. لەبەر ئەوەی پێشتر نەمخوێندبووەوە، بەڵام ناوبانگیم بیستبوو. لە ڕۆژانی دواتر بە سێ ڕۆژ خوێندمەوە، ڕۆمانەكە زۆر سەرنجڕاكێش و جوانە، كە بابەتێكی كەتواریی كۆمەڵایەتیی ئاوێتە بە دەروونناسییە، باس لە مەرگ و جەنگ و ناسنامە و مرۆڤ لەنێو كاولكاری دەكات، تیایدا “جەواد كازم” كە بە جوودی ناسراوە، لە بنەماڵەیەكی عێراقییە، خەریكی مردووشۆری و كفنكارییە، ئەم پیشەیە بۆ جەواد هەر لە باوانییەوە ماوەتەوە و خەریكی بووە، ڕۆژانە لەگەڵ مردوواندایە و خەریكی شۆردن و كفنكردنیانە، ئەمەش لەنێو بنەماڵەكەیان بە كارێكی پیرۆز دانراوە، ئەگەرچی جەواد حەز ناكات لەو پیشە بۆماوەیییەی بەردەوام بێت، چونكە ئەو حەز و خولیای هونەر و پەیكەرسازی مێشكی تەنیوە، بەڵام جەنگی یەك لە دوای یەك، توندوتیژیی ژیان، مەرگ، داگیركاریی ئەمەریكا، ئاژاوە، شەڕ و ئاژاوەی نێوان مەزهەبەكان، كوشتار، تەقینەوەی بەردەوام و زۆربوونی كوشتنی خەڵك، وا دەكەن جەواد لە پیشەكەی بەردەوام بێت و خواست و ئارەزووەكانی نەیەنە دی. ئەم ڕۆمانە كە بە كوردییەكەی كراوە بە “تەنها دارهەنارەكە خۆی” باس لەو مەرگەسات و تراژیدیایانە دەكات كە لە عێراق ڕوویانداوە، هەروەها ڕۆمانەكە هەر تەنێ سەربردەی گەنجێكی وەك جەواد نییە كە خەریكی مردووشۆرییە، بەڵكە بریتییە لە چیڕۆكی مرۆڤێك كە ناچارە لەگەڵ مردندا بژیێت.

سینان ئەنتوون كە شاعیر و وەرگێڕ و ڕۆماننووسێكی بەغدایییە، دەنگێكی دیاری دونیای ڕۆمانی عەرەبیی هاوچاخە، سینان لە ساڵی 1967 لە بنەماڵەیەكی مەسیحی هاتووەتە دونیاوە، بەكالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزی لە زانكۆی بەغدا وەرگرتووە، پاشان دوكتۆرای لە زانكۆی هارڤارد بە پلەی نایاب بەدەست هێناوە. بەرهەمەكانی كە بۆ نزیكەی بیست زمان وەرگێڕراون، پێوەندییان بە مێژووی عێراق و ئەو سەردەمانەوە هەیە كە ئابڵۆقەی ئابووری و شەڕە بەدوای یەكەكان و ڕژێمی دیكتاتۆری بەعس، تەنگیان بە خەڵكی عێراق هەڵچنیبوو..
شێوازی نووسینی ئەم ڕۆماننووسە تا ڕاددەیەكی زۆر جوانگوزارشتی و ڕاستیی ڕووداوەكان و كورتبڕی و زمانێكی پتەوی شیعریی وایە، كە خوێنەر هەست دەكات هەمبەر خوێندنەوەی دەقێكی باڵادایە، هەروەها ڕۆماننووس خۆی لەوەش پاراستووە كە خوێنەر هەستی شێوەی ڕاپۆرتەهەواڵیی لە خوێندنەوەی ڕۆمانەكانی، لا دروست بێت. جەواد كەسایەتیی سەرەكیی گێڕانەوەكەیە، كە تەنیا هەست بە ڕووداوە سیاسییەكان ناكات، بەڵكە تراژیدیاكان لە هەست و هۆشیاریی مرۆڤیشەوە دەبینێت، ئەمەش چەند ڕەهەندێكی دەروونی دێنێتە نێو ڕۆمانەكە، بۆیەش خوێنەر پرسی ئەوەی لا سەر هەڵنادات كە چەندە مرۆڤی بێتاوان دەكوژرێن، بەڵكە هەست بەوە دەكات كە چۆن مەرگ بووەتە بەشێكی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان! چۆن تاكی عێراقی لەگەڵ توندوتیژیدا دەژیێت، چۆن خۆشەویستی لەنێو كۆمەڵگادا ون دەبێت و كاولكاری زاڵ دەبێت!
كات لە گێڕانەوەی ڕۆمانەكە تەنێ بەسەریەكەوە زنجیرە ئاسا ناگێڕدرێتەوە، بەڵكە زۆر جار گێڕانەوەكان، گەڕانەوە دواوە و بیرەوەری و خەون و مۆتەكەیان تێدایە، ناونیشانی ڕۆمانەكەش هەر پێوەندیی بە سروشت و بەردەوامی و تەنیایییەوە هەیە، كە هێزی مەرگ بەسەر مرۆڤدا زاڵ دەبێت، دارهەنارێك وەك سیمبوڵێك و توخمێكی بێدەنگ، بەرگەی ماڵوێرانی و مەرگ دەگرێت و لە بەرهەمداری ناكەوێت.
نووسەر لە ڕۆمانەكەیدا هەوڵی داوە دونیای هونەر و جوانی، ئاوێزانی مردووشۆری بكات، ئەمەی دوایییان پێوەندە بە توندوتیژی و لەنێوبردنی ژیان و هەموو جوانییەك، ئەمەش هێزێكی داوەتە ڕۆمانەكە و چێژی خوێندنەوە لای خوێنەر زیاتر دەورووژێنێت. بە كورتی دەتوانین بڵێین شێوەی نووسینی ڕۆمانی “تەنها دارهەنارەكە خۆی” ڕێبازێكی ئەدەبیی پێچەوانەی یۆتۆپیای هەیە كە بریتییە لە دیستۆپیا، چونكە زیاتر لەنێو دونیا و كۆمەڵگەیەكی گەندەڵ و نالەبار و مەترسیدار قووڵ بووەتەوە، كە مرۆڤ لە ژینگە و بارودۆخێكی پڕ لە ترس و تۆقین ژیان بەسەر دەبات، بەردەوام مرۆڤ ڕووبەڕووی هەڕەشەی كوژران دەبێتەوە، ڕۆژانە تەرمی هاووڵاتی لە زیادبووندا دەبێت و جەوادی كەسی یەكەمی ڕۆمانەكە، بە ناچاری و دوور لە ویستی خۆی خەریكی پیشەی مردووشۆری دەبێت.
وێڕای دەست خۆشیی زۆرم بۆ وەرگێڕی كوردیی ڕۆمانەكە، پێم وایە پەلەی لە وەرگێڕانەكەی كردووە و خوێنەر لە زۆر دێڕ و لاپەڕەدا، ڕووبەڕووی زۆر ڕستە و وشەی نالەبار دەبێتەوە، هەر هیچ نا، دەبووایە بەر لە چاپكردنی، دەزگای وەشێنەر “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم” بیانخوێندایەتەوە و لە خەوش و ڕستە نالەبارەكان و هەڵە جۆراوجۆرەكانی وەرگێڕانەكە بژاریان بكردایە. هیوادارین ئەگەر جارێكی تر چاپ كرایەوە، دەستێكی شارەزای زمانی كوردی بە كتێبەكەدا بچێتەوە، بۆ ئەوەی دەقەكە جوانتر بخرێتە بەر دەستی خوێنەر.
هەر لە ناونیشانی ڕۆمانەكەوە، دەبووا بنووسرێت “تەنیا دارهەنارەكە خۆی” نەك “تەنها…”
ل 16: چەند جارێك بە زگ و سێبەنگە و پشتیدا كێشام.
ڕاستكردنەوە: سێبەنگە هەڵەیە، سێبەندە تەواوە.
ل 56: داوای لێ كردین ئاگامان لە ڕێژەی نێوان شتەكان بێت لە بارستەدا.
ڕاستكردنەوە: داوای لێ كردین لە قەبارەدا ئاگامان لە ڕێژەی نێوان شتەكان بێت.
بارستە هەڵەیە، مەبەست لێی قەبارەیە.
لە چەند دێڕێكی دواتری هەمان لاپەڕە، دیسانەوە نووسیویەنی بارستە، ئەویش هەر مەبەست لێی قەبارەیە.
لاپەڕەكانی: 66، 79، 81، 120، 122، 164، 167، 179:
وشەی “ئیقنا” چەندبارە بووەتەوە، كە نەمبیستووە ئەم وشەیە پێشتر بەكار هاتبێت، مەبەست لێی “ڕازیبوون”ە. لە یەكەم بەكارهێنانی وشەی “ئیقنا” نووسیویەتی: ” خۆم پێی ئیقنا كردبوو.”
ڕاستكردنەوە: خۆم پێ ڕازی كردبوو.
ل 75:
كاتێك زیاتر متمانەت پێ دەكەم، وەڵامت دەدەمەوە.
ڕاستكردنەوە: هەر كاتێك زیاتر متمانەم پێ كردیت، وەڵامت دەدەمەوە.
ل 76: كاتزایەدان.
ڕاستكردنەوە: كات بەفیڕۆدان.
ل 78: نەمتوانی بوو.
ڕاستكردنەوە: نەمتوانیبوو.
ل 89: خوێن لە شاشەكەوە تەزوولەی كردە دەرەوە.
ڕاستكردنەوە: خوێن لە شاشەكەوە بازرەقەی كردە دەرەوە. یان خوێن لە شاشەكەوە بازرەقەی بەست.
ل 91: چونكە حەزم لە ئارامی و سروشتی دڵنەوازم خۆش دەویست.
ڕاستكردنەوە: چونكە حەزم لە ئارامی بوو و سروشتی دڵنەوازم خۆش دەویست.
ل 97: بینی بووم.
ڕاستكردنەوە: بینیبووم.
ل 98: كیمیاوی.
ڕاستكردنەوە: كیمیایی.
ل 103: دەنگی ڕژانی ئاو.
ڕاستكردنەوە: شوڕەی ئاو.
ل 105: ئاخێوەر.
ڕاستكردنەوە: وتەبێژ.
لە نووسینەكەم مەبەست لێی “وتەبێژ”ە نەك “ئاخێوەر”.
ل 105: بە لەپی دەست كێشای بە ساپیتەی ترومبێلەكەدا.
وشەی ساپیتە یان ساپیتك، واتە بنمیچ یان دیوی ناوەوەی سەقفی ژوور یان هەر شوێنێكی پێنج لا داخراوی سەر زەوی. مەبەست لەو دێڕەی ڕۆمانەكە، كێشانە بە دیوی سەرەوەی بانی ترومبێل، بۆیە دەبووایە بنووسێت: بە لەپی دەست كێشای بە بانی ترومبێلەكەدا.
ئەوێ ناكاتە ساپیتە!
ل 112: گردۆلكەی زبڵ.
ڕاستكردنەوە: قۆمەتە زبڵ.
ل 129: ویستوویەتی لە عەمانەوە تەلەفۆن بكات، بەڵام تەلەفۆن مردبوو.
هیچ لەو ڕستەیەی سەرەوە تێنەگەیشتم!
تەلەفۆن مردن!؟
ل 134: بایەكی شەرمێون.
ڕاستكردنەوە: كزەبایەك.
هەمان لاپەڕە: وەك ئەوەی ناقایلمەند بێت.
ڕاستكردنەوە: وەك ئەوەی ناڕازی بێت.
ل 141: حیزبی شیوعی ئامادەیی لە هەڵبژاردندا بچووك و ناچیزە بوو.
ئەم وشەی “ناچیزە”یە لە شوێنی خۆی نییە و بۆ حیزبان بەكار نایەت!
ل 163: توانای مادیم هیچ نەبوو، نەمدەتوانی تەنانەت باڵەخانەیەكیش بە كرێ بگرم.
لەم ڕستەیەدا، مەبەست خانووە، نەك باڵەخانە، بۆیە دەبووایە بنووسێت:
توانای ماددیم هیچ نەبوو، نەمدەتوانی تەنانەت خانووێكیش یان ژوورێكیش بە كرێ بگرم.
باڵەخانە و خانوو لێك جیاوازن. باڵەخانە زیاتر بۆ تەلار بەكار دێت.
ل 166: نەمتوانی خۆم ببوێرم لەوەی دزەنیگایەكی دەلاقەی ئێخەی كراسەكەی نەكەم.
دەلاقە شوێنی شتومەك لێ دانانە لە دیواری دیوی ناوەوەی ژوور، بریتییە لە كون یان كەلەبەری گەورە لە دیوی ژوورەوەی دیوار، وشەكە بۆ ئەم ڕستەیە ناگونجێت.
ڕاستكردنەوە: نەمتوانی خۆم ببوێرم لەوەی دزەنیگایەكی درزی ئێخەی كراسەكەی نەكەم.
ل 182: لە خۆشیدا باڵی دەگرت.
ڕاستكردنەوە: لە خۆشییان باڵی دەگرت.
ل 183: تا چەند دەیەیەك ناگۆڕێت.
“چەند دەیە” كتومت وەرگێڕانی وشە بە شەی عارەبییە! لە زمانی كوردی دەڵێین:
دەیان ساڵ ناگۆڕێت.
ل 195: چەند جارێكی زۆر بۆ سامەڕا چووبووین.
ڕاستكردنەوە: چەندان جار چووبووینە سامەڕا.
یان: زۆر جاران چووبووینە سامەڕا.
ل 195: ئای ئەگەر بمتوانیایە تاقیانم نەهێشتبا.
ڕاستكردنەوە: ئای ئەگەر بمتوانیایە شتاقیانم نەهێشتبا!
ل 205: ئامادەیی بە تێكڕای نمرەی “زۆر باشە” تەواو كرد بوو.
“زۆر باشە”، نمرە نییە، بەڵكوو ئاستی قوتابییە، لێرە لەم ڕستەیە نابێت بەكار بێت، تەنانەت ئەگەر ڕۆماننووس خۆی بە هەڵە نووسیبێتی، دەبووا وەرگێڕی كوردی لە پەراوێز هەڵەكەی بۆ ڕاست بكردایەتەوە. دەبێ ئەوەش بزانین كە لە مێژووی خوێندن و پەروەردە لە عیراق، لە قۆناغی ئامادەیی، تێكڕای پلەی قوتابی، تەنانەت پلەی هەر وانەیەكیشی، هەر بە نمرە هەڵسەنگێنراوە نەك بە ئاستی: پەسەندە، باشە، زۆر باشە،…
ل 207: تۆیش خەوزڕانت لەگەڵە؟
ئەمە، ئەو ڕستەیەم بیر دەخاتەوە كە هەندێك كۆلكە ڕۆژنامەنووس و كوردینەزان، كاتێك باس لە تەندروستیی یەكێك دەكەن، دەنووسن یان دەڵێن: “نەخۆشیی شەكرەی لەگەڵدایە” توخوا ئەمە كەی كوردییە! چما ئێمە ناڵێین: “نەخۆشیی شەكرەی هەیە؟!”
لەم ڕستەیەی ڕۆمانەكەیش دەبووا بنووسرێت: “تۆیش كێشەی خەوزڕانت هەیە؟” یان “تۆیش تووشی خەوزڕان دەبیت؟”
ل 226: گەنجە دانیشتووەكە چاوی خۆی داپۆشی.
ڕستەكە هیچ پێوەندیی بە چاو داپۆشینەوە نییە!
ڕاستكردنەوە: گەنجە دانیشتووەكە چاوی خۆی گرت.
لە هەمان لاپەڕە:
لە پیاوەكەم پرسی: ” چیت دەكات” گوتی: “كوڕمە!”
ڕاستكردنەوە: لە پیاوەكەم پرسی: ” ئەمە چیی تۆیە؟” گوتی: “كوڕمە!”
ل 229: كاتێك پاشان لەگەڵ مەهدیدا پێكەوە دانیشتین.
ڕاستكردنەوە: پاشان كاتێك لەگەڵ مەهدیدا پێكەوە دانیشتین.
ل 235: ئایا عادل بكوژەكەی دەبینێ كە بەرەو دۆزەخ ڕادەكێشرێ و تفی تێ دەكات.
ڕاستكردنەوە: : ئایا عادل بكوژەكەی دەبینێت كە بەرەو دۆزەخ ڕادەكێشرێت و تفی لێ دەكات.
ل 242: پێڵاوەكانم لە كەشوانییەكە داكەند.
لە ڕستەكەی سەرەوە تێنەگەیشتم، نەمزانی مەبەست لە كەشوانی چییە!
ئەمانە هەڵبژاردەیەك بوون لەو هەڵە و ڕاستكردنەوانەم. خۆ ئەگەر بە ڕستەكانیشدا بچمەوە كە هەڵەی ڕستەسازیی زۆریان تێدایە، ئەوا پێویستم بە نووسینی چەندان لاپەڕەی ترە، جگە لە هەڵەی یەكجار زۆری ڕێنووس كە ڕاستكردنەوەیان تاقەتپرووكێنە! بۆ نموونە، لەم هەڵانەی ڕێنووس:
نەیانگۆڕی بوو، پۆشی بوو، زانی بوو، ناسی بووم، نووسی بووم، دووعا، هەڵی لووشی،…
هەروەها لە خوێندنەوەی ڕۆمانەكەدا تووشی چەندان وشەی وا دەبین كە لە ڕستەدا وەك سەرەنگرێ لەبەردەم خوێنەر قیت دەبنەوە، لەوانە:
قونەوتلۆر، ناقایلمەند، ڕەساسی، ئیقناپێكەر، چەقەچەناو، وەرەم، فاتوورە، قایل، دەمەدەمێ، هێدمە، قەڵابەچن، دەیهاژوو، حێل،…
ئەمانە، جگە لە چەندانی دیكە كە لە زمانی كوردیدا بۆ هەر یەكەیان وشەی زۆر جوانتری بەرانبەریان هەن.

*تەنها دارهەنارەكە خۆی- ڕۆمانی سینان ئەنتوون- وەرگێڕانی لە عارەبییەوە: دلاوەر قەرەداغی-زنجیرەی كتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ژمارە 1376- سلێمانی 2026.