کتێبی (ئەو خانووەی تیایدا مردبووم – The House Where I Died) لە نووسینی نووسەری ژاپۆنی (کیگۆ هیگاشینۆ – Keigo Higashino)، نێوبانگێکی زۆری هەیە و وەرگێڕدراوەتە سەر چەندین زمان، بەڵام بە پێچەوانەی ناوەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە کوشتن یان چیرۆکێکی ڕۆحییەوە نییە، بەڵکو ژانرەکەی نهێنی و مەتەڵئامێز و دەروونشیکارانەیە، بە کورتی پەیوەندی بە توندوتیژییەوە هەیە.
کتێبەکە باسی چ دەکات؟
چیرۆکی کتێبەکە باسی کچێک دەکات بە ناوی (سایاکا). کچێک کە یادەوەرییەکانی پێش تەمەنی حەوت ساڵانی ونە. ساڵێک بەسەر کۆچی دوایی باوکیدا تێدەپەڕێت. لەناو کەلوپەلەکانی باوکیدا کلیل و نەخشەیەک دەدۆزێتەوە. هەست دەکات ئەم ڕووداوە پەیوەندییەکی تایبەتی بە دیارنەمانەکانی باوکیەوە هەیە کە بە بیانووی ماسیگرتن جار جارە ون دەبوو. بەوەی کە باوکی هەرگیز بە ماسییەوە نەدەگەڕایەوە، گوومانی لا دروست دەبێت کە ڕەنگە نەخشەکە بیگەیێنێتە بیرەوەرییە ونبووەکانی؟
دەیویست دواجار تێبگات کە بۆچی دایکێکی خراپە و زۆر خراپ لە کچە بچووکەکەی دەدات. هیوادار بوو بزانێت، بەڵام ئاخۆ دەیتوانی بە تەنیا ڕووبەڕووی ڕابردوو بێتەوە؟ گوومانی نەدەکرد، بۆیە بڕیار دەدات خۆی بگەیەنێتە لای خۆشەویستە کۆنەکەی. باشە بۆچی ئەو؟ ئەم ڕووداوە پرسیار لەدوای پرسیار دروست دەکات.
شێوازی گێڕانەوە و نووسینی نووسەر:
گێڕەڕەوەی ڕۆمانی (ئەو خانووەی تیایدا مردبووم) کەسی یەکەمە و حیکایەتەکە لەلایەن خۆشەویستی کۆنەکەی سایاکاوە دەگێڕدرێتەوە. ئەو کەسێکی خوێندەوارە و کەمتر دادوەری لەسەر رووداوەکان دەکات، بۆیە دەکرێت تا ڕادەیەک بێلایەنانە شوێن ڕووداوەکان هەڵبگیردرێت. ترس و هیوای گێڕەرەوە بۆ گەڕانەوەی پەیوەندییە کۆنەکە، تا کۆتایی چیرۆکەکە ڕۆمانسیەتێکی کاڵ دەخاتە ناو ڕووداوەکان.
لەم کتێبەدا وەسفکردنی شوێن و فەزا زۆر وردە. کیگۆ هیگاشینۆ هەموو شوێنەکانی وەک ڕاپۆرتێکی دۆسیەی تاوان وێنا کردووە، بەڵام ڕەنگە ئەم وەسفکردنانە بە دڵی خوێنەری ئێستا نەبن، چونکە شێوازی وەسفکردنی شوێن کەمێک کلاسیکە و زۆرینەی باری قورس هەر لە سەرەتای کتێبەکەوە لەسەر شانی ڕستە سەرەتاییەکانە. شێوازی هیگاشینۆ دروستکردنی گرێی بەردەوامە. هەر وەڵامێک پرسیارێکی نوێ دروست دەکات و وەرسووڕانێکی نوێ لە چیرۆکەکەدا دێنێتە ئاراوە کە بێگومان ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییە زۆر بەهێزەکانی قەڵەمی ئەم نووسەرە ژاپۆنییە.
توندوتیژی دژی منداڵان:
بابەتی سەرەکی ئەم چیرۆکە، توندوتیژیی خێزانی و لە بنەڕەتیشدا توندوتیژییە دژی منداڵانە. ڕەنگە ڕستەکانی ئەم کتێبە، گورزێکی جەرگبڕ بن بۆ قوربانیانی توندوتیژیی منداڵان. بۆ نموونە ئەم ڕستەیە تیرێکی توند لە دڵی خوێنەر دەدات کە دەڵێت: «لەوانەیە منیش لەو خانوو کۆنەدا مردبێتم. لە منداڵیدا لەوێ مردبووم و ئەم هەموو ماوەیە تەرمەکەشم چاوەڕێم بوو تا بچمە سەردانی.»
فەزاسازی و ترس و تۆقین لە خانوویەکی کۆن:
بەشێکی زۆری ڕووداوەکانی کتێبەکە، لە خانوویەکی کۆن و لە نێوەڕاستی دارستانێک ڕوودەدەن. لەم خانووەدا دەرگا لە ناوەوە کڵۆم دەدرێت و ناکرێتەوە و بۆ هاتوچۆ دەبێت بە ڕێگەیەکی ژێرزەمینیدا بڕۆیت. لە هەموو ساتەکاندا فەزای قورس و تۆقێنەری خانووەکە لەگەڵ ڕووداوەکاندایە تا سەر لە خوێنەر بشێوێنن. لەبەر ئەوەی ڕۆمانەکە باسی ڕابردوو و توندوتیژیی خێزانیی دژ بە منداڵان دەکات، فەزاسازییەکەی لەگەڵ ڕووداوەکان گونجاوە. چیرۆکەکەش ئەوەندە سەرنجڕاکێشە کە خوێنەر هەر لە هەمان خانوو گیردەخوات.
دەروونشیکاریی کەسایەتییەکان:
لەم کتێبەدا سایاکا ژنێکی ناسکە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا پێداگر و ڕژدە بۆ تێگەیشتن و دۆزینەوەی ڕابردووی. سەرەتادا کەمێک بێدەسەڵاتە، بەڵام چەندی چیرۆکەکە دەچێتە پێش، ئەویش زیاتر چالاک دەبێت. خۆشەویستە کۆنەکەی سایاکا لە کەسایەتییە پیاوانەکانی نێو ڕۆمانە کلاسیکییەکان ناچێت. ئارام، بێلایەن و تا ڕادەیەک بێدەسەڵاتیشە. نە ڕۆڵی پاڵەوانەکان دەگێڕێت و نە دژەپاڵەوان. زیاتر ڕۆڵی «ڕاوێژکارێکی بێدەنگ» دەگێڕێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەوەیە کە ئەم ڕۆمانە تەنها دوو کەسایەتی گرنگی زیندووی تێدایە و هەموو کەسایەتییەکانی دیکە مردوون و یادەوەرییەکانیان دەگێڕدرێنەوە.
ڕای خوێنەرانی نێودەوڵەتی لەسەر کتێبەکە:
زۆرێک لە خوێنەرانی ئەم کتێبە و کتێبەکانی دیکەی هیگاشینۆ، کارەکانی ئەم نووسەرە بە چێژبەخش وەسف دەکەن. هیگاشینۆ نووسەرێکی کاریگەرە لە ئەدەبیاتی ژاپۆندا، بەڵام زۆرێک لە خوێنەران بە نووسەرێکی جددی نازانن، هەرچەندە کارەکانی هیگاشینۆ ناوەرۆکێکی جددیشیان هەیە، بەڵام دەگوترێت نووسەر مامەڵەی ڕووکەشانە لەگەڵ بابەتە جدییەکان دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی کارەکانی هیگاشینۆ لانیکەم شایستەی ئەوەن یەکجار بخوێنرێنەوە.
هەروەها پۆلێک لە خوێنەرانیش پێیانوایە سەرەڕای ئەوەی ڕۆمانی (ئەو خانووەی تیایدا مردبووم) سادەیە، بەڵام شیکاریی دەروونیی کەسایەتییەکانی، بەهێزە. هەندێک لە خوێنەرانیش سوپاسی کورتیی کتێبەکە دەکەن و پێیانوایە خوێنەرەکەی ماندوو ناکات.

خەڵاتەکانی نووسەر:
ڕۆژنامەی (تایمی ژاپۆنی – The Japan Times ) لەبارەی هیگاشینۆ نووسی: «لە ژیانیدا ١٠٦ کتێبی نووسیوە». لە ساڵی ١٩٨٥ و لە تەمەنی ٢٧ ساڵی، خەڵاتی (ئێدۆگاوا ڕامپۆ – Edogawa Rampo)ی پێبەخشرا لەبەر نووسینی کتێبی (دوای قوتابخانە – After School). لە ساڵی ٢٠٠٦ (خەڵاتی نائۆکی – Naoki Prize)ی بۆ کتێبی (قوربانیدانی تاوانباری ئێکس) پێبەخشرا.
لە ساڵی ٢٠١٤، خەڵاتی ئەدەبیی (یۆشیکاوا ئیجی – Yoshikawa Eiji)ی پێدرا بۆ کتێبی (پەردەی کۆتایی – The Final Curtain) کە یەکێکی لە بەناوبانگترین کتێبەکانی و بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراوە و کراوەتە فیلم و زنجیرەی تەلەڤزیۆنیش.
لە ساڵی ٢٠٢٠ خەڵاتی نێودەوڵەتیی (پریکس پۆلەر – Prix Polar)ی بۆ کتێبی (ئەو خانووەی تیایدا مردبووم) پێبەخشرا. ئەم خەڵاتە یەکێکە لە خەڵاتە ئەدەبییە گرنگەکان بۆ ژانری مەتەڵئامێز و نهێنی. هەروەها خەڵاتی (Honkaku Mystery Awards) و ژمارەیەکی دیکەی خەڵاتی ژاپۆنی و نێودەوڵەتی بۆ کتێبەکانی پێبەخشراوە.
ژیانی نووسەری کتێبەکە:
هیگاشینۆ لە ٤ی شوباتی ١٩٥٨ لە ناوچەی (ئیکونۆ کو– ku Ikuno)ی کرێکارنشینی شاری (ئۆساکا – Osaka)ی ژاپۆن و لە بنەماڵەیەکی هەژار لەدایکبووە و منداڵییەکی قورسی هەبووە. لە قوتابخانەی بنەڕەتی (شووجی – Shoji) و لە قوتابخانەی ئامادەیی (هیگاشیی ئیکونۆ – Higashi Ikuno) خوێندوویەتی. هەر لەو کاتەوە دەستی بە خوێندنەوەی چیرۆکی مەتەڵئامێز و نهێنی کرد. دەرچووی بەشی ئەندازیاریی کارەبایە لە زانکۆی ئۆساکا (Osaka Prefecture University). دوای تەواوکردنی زانکۆ، لە کۆمپانیایەکی گەورە بە ناوی (نیپۆن دینسۆ – Nippon Denso) بووە ئەندازیار و تا ساڵی ١٩٨٦ تیایدا مایەوە و دواتر لە تۆکیۆ وەک نووسەرێکی تەواوکات دەستی بە نووسین کرد و بەرهەمەکانی بوونە پڕفرۆشتیرینەکانی ژاپۆن و دونیا.
هیگاشینۆ، لە ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٣، بووە سەرۆکی کۆمەڵەی نووسەرانی نهێنی ژاپۆن (MWJ)، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی خۆی لە میدیا بەدوور دەگرت و پێی باش بوو کارەکانی خۆیان بدوێن. لە ٢٣ی تەمموزی ٢٠٢٦ و لە تەمەنی ٦٨ ساڵی، بەهۆی شێرپەنجەی قۆڵۆن و ڕیخۆڵە کۆچی دوایی کرد. (کۆدانشا – Kodansha)ی دەزگا بڵاوکەرەوەکەی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس – X) مردنەکەی ڕاگەیاند و بەپێی خواستی خێزانەکەشی پرسەیەکی تایبەتی بۆ ئەنجام درا و لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە پرسە و سەرەخۆشییەکی زۆری بۆ هات لە لایەن ئەو ئەکتەرانەی ڕۆڵی کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکانیان گێڕابوو.
کتێبەکانی نووسەر:
بەپێی زانیاریی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکەرەوەکان، هیگاشینۆ تا ساڵی ٢٠٢٣، زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن کتێبی لە ژاپۆن فرۆشراون. لە بازاڕی کتێبی نێودەوڵەتیش خوێنەرێکی زۆری هەیە، بەتایبەت لە چین، کە تێیدا وەرگێڕانی کارەکانی لە نێو لیستی پڕفرۆشترینەکانن. هەر لەم ماوەیەی دواییشدا ڕۆمانی (یادەوەری هەمیشەیی – Eternal Memory) لە وڵاتی چین بووە پڕفرۆشترین کتێبی مانگ. لە خوارەوە بەشێک لە کتێبە دیارەکانی دەهێنینەوە:
– (قوربانیدانی تاوانباری ئێکس – The Devotion of Suspect X) کە بەناوبانگترین و پڕفرۆشترین ڕۆمانی نووسەرە
– (نامە – The Letter)
– (کەسایەتیی نوێ – Newcomer)
– (ڕزگارکردنی پیرۆزێک – Salvation of a Saint)
– (هاوکێشەی ئاوینە – A Midsummer’s Equation)
– (پەڕجووی فرۆشگای گشتیی نامیا – The Miracles of the Namiya General Store) کە شاکارێکی ناتاوانکارییە
– (زنجیرەی لێکۆڵەر کاگا – Detective Kaga Series)
– (کینە – Malice)
– (کەسایەتیی نوێ – Newcomer)
– (مردنێک لە تۆکیۆ – A Death in Tokyo)
– (ناوی یارییەکە ڕفاندنە – The Name of the Game is a Kidnapping)
– (گەشتێک لەژێر تیشکی نیوەشەو – Journey Under the Midnight Sun)
کۆتایی:
هیگاشینۆ خۆی ددان بەوەدا دەنێت کە حەزی لە نووسەرانی ڕۆژئاوایە، بەڵام زۆرترین هەست و کاریگەریشی لە نووسەرانی ژاپۆنی وەرگرتووە وەک (ئیدۆگاوا ڕامپۆ – Edogawa Rampo) و (سێیچۆ ماتسومۆتۆ – Seicho Matsumoto). خۆی لەمبارەوە گوتوویەتی: «کارەکانم لەبەر دڵسۆزیی مۆدێرن و خەمی هەستی مرۆڤ، سروشتیانە هەستێکی ژاپۆنییان تێدایە». ڕوو لە خوێنەرانی ڕۆژئاواییشەوە، هیگاشینۆ دەڵێت «کارەکانم بخوێننەوە و تێبگەن خەڵکی ژاپۆن چۆن بیردەکەنەوە و چۆن خۆشەویستی و ڕق دەردەبڕن. دەمەوێت سەرسام بن بەوەی کەسێکی ژاپۆنی هەیە چیرۆکی نائاسایی وەهای نووسیوە.»
تایبەتمەندییە دیارەکانی ستایل و شێوازی نووسینی هیگاشینۆ وەهایە کە مەتەڵئامێز و لۆژیکی دەنووسێت، بەڵام ڕەهەندە مرۆڤدۆستانەکەش پشتگوێ ناخات. لەم کتێبەیدا، سوودی لە لۆژیک و ماتماتیک وەردەگرتووە. فەزاسازییەکانی هێورانەن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پڕن لە گرژی و تەنگژە و گرێ. خۆی لە نووسینی توندوتیژیی نمایشکارانە بە دوور دەگرێت.
سەرچاوە:
ئاڤانگارد و هەندێک بابەتی دیکە

