رۆژنامەی ھەولێر

چالاکی ژینگەیی لە ناوەندەکانی خوێندن

بەمەبەستی گرنگیدان بە گەیاندنی هۆشیاری ژینگەیی لە ناوەندەکانی خوێندن، بەشی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر چەند چالاکیەکی ژینگەیی لە ناوەندەکانی خوێندن دەست پێکردوە کە خۆی لە هۆشیاری و کەلتووری ژینگە پارێزی و چەند چالاکییەکی جۆراوجۆر دەدۆزێتەوە.

لەم بارەیەوە مامۆستا ئاری ئاغۆک بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: لە دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە پێناو گەیاندنی پەیامی ژینگەپارێزی بۆ ناوەندەکانی خوێندن دەستمان بە چالاکییەکانمان کرد لە ( باخچەی منداڵان، قوتابخانە بنەڕەتی و ئامادەییەکان) ی سنووری پەروەردەی گشتی کە خۆی لە ٨ پەروەردەی قەزا دەدۆزێتەوە، چالاکییەکان بە پێی ئاست و قۆناغەکان دابەش کراوە، بریتین لە (سیمیناری ژینگەیی، نامیلکەی ژینگەیی، هۆشیاری ژینگەیی) ئەمەش لە پێناو جێبەجێکردنی ئەو فەرمانە وەزارییەیە کە وەزارەتی پەروەردە لە گشتاندنێک دا پرۆژەی (هاوڕێی ژینگە، بۆ ژینگەیەکی جوانتر) ی ڕاگەیاند، ئێمەش هەم بەدواداچوون لەسەر بە کرداریکردنی ئەم پڕۆژەیە دەکەین، هەم چالاکی ژینگەیی دەگەیەنینە ناوەندەکانی خوێندن.