نووسینی: ڕەزا عەلیپوور
خوێندنەوەی: باهۆز مستەفا
ڕۆمانی پاشنوێخوازی ئاوێنەی واقیع دەشکێنێت، تا پێمان بڵێت حەقیقەت وێنەیەکی ڕەها نییە، بەڵکو پارچە پەرشوبڵاوەکانی ناو خەیاڵی خوێنەرە.
ئەدەبیات لە سەدەی بیست و یەکەمدا وەک دەڵێن ئاوێنەیەک نییە بۆ گێڕانەوەی ڕووداوەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوانە، بەڵکوو بووەتە تاقیگەیەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی فۆڕم، یاریکردن بە کات و شوێن، خستنەژێر پرسیاری خودی پرۆسەی نووسین و گێڕانەوە. ڕۆمانی (لەوەی مەمرە)ی ڕەزا عەلیپوور، یەکێکە لەو ڕۆمانە کوردییانەی، بوێرانە هەنگاو دەنێتە ناو ئەم جوگرافیا ئاڵۆزەی ئەدەبیاتەوە. ئەم بەرهەمە چیرۆکێک نییە دەستپێک و کۆتاییەکی دیاریکراوی هەبێت، بەڵکوو پوزڵێکی دەروونی و مێژووییە، خوێنەر خۆی دەبێت پارچەکانی پێکەوە گرێ بداتەوە. لەم خوێندنەوەیەدا هەوڵدەدەین شیکاریی جۆر و تەکنیکی گێڕانەوەی ئەم ڕۆمانە بکەین، تیشک دەخەینە سەر ئەو توخمانە، کە وایان کردووە ئەم دەقە ببێتە دەقێکی فرەڕەهەند و جیاواز.
جۆر ڕۆمانەکە
لە ڕووی پۆلێنکردنەوە (لەوەی مەمرە) ڕۆمانێکە دەچەتە خانەی ڕۆمانی پاشنوێخوازییەوە، کە ڕەگەزەکانی ڕۆمانی سایکۆلۆژی، مێژوویی و پۆلیسی لە خۆیدا کۆکردووەتەوە. تەکنیکی زاڵ بەسەر ئەم ڕۆمانەدا، شەپۆلی هۆش و تەکنیکی گێڕانەوەی پارچە پارچەیە.
نووسەر پشتی بە یەک گۆشەنیگای ڕەها نەبەستووە، کە هەموو شتێک بە ڕێکوپێکی بۆ خوێنەر ڕوون بکاتەوە، بەپێچەوانەوە، گێڕەرەوەکانی ئەم ڕۆمانە ناجێگیرن، لەناو گێژاوی بیرەوەری، ئازار و تەنگەژە مێژووییەکاندان، زۆرجار قسەکانیان لە نێوان خەیاڵ و واقیعدا هاتوچۆ دەکات. ڕەزا عەلیپوور تەکنیکی مۆنتاژی ئەدەبی بەکارهێناوە، واتە دیمەنەکان وەک پارچە فیلمێکی بڕدراو بەدوای یەکدا دێن، کاتەکان تێکەڵ دەبن، خوێنەر لە پڕێکدا لە ساڵانی پەنجاکانی کۆچیی هەتاوییەوە فڕێ دەدرێتە ناو ساڵانی دواتر، یان لەناو دیمەنێکی ئاسایی کافێیەکەوە دەکەوێتە ناو بیرەوەرییەکی خوێناویی جەنگەوە.
تەکنیکی گێڕانەوەی پاشنوێخوازی لە ڕۆمانی (لەوەی مەمرە)دا
پاشنوێخوازی لە ئەدەبدا کۆمەڵێک خەسڵەت و تەکنیکی دیاریکراوی هەیە، بریتین لە: مێتافیکشن، تێکشکاندنی هێڵی کات، نێودەق (ئینتەرتێکستوالیتە)، گۆڕینی فۆڕمەکانی گێڕانەوە، گومانکردن لە گێڕەرەوە. ڕۆمانی لەوەی مەمرە پڕە لەم تەکنیکانە، کە لێرەدا بەوردی دەیانخەینە ڕوو:
مێتافیکشن، ئاگاداری لە پرۆسەی نووسین
یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی پاشنوێخوازی ئەوەیە، کە دەقەکە ئاگاداری خۆیەتی وەک دەقێکی دروستکراو، نەک وەک گێڕانەوەیەکی سروشتیی ڕووداوەکان. ڕۆمانەکە زۆرجار باسی خودی نووسین، کتێب و هونەری گێڕانەوە دەکات. بۆ نموونە، لە لاپەڕە ٦٣دا، گێڕەرەوە ڕاستەوخۆ دەستەواژەی (Call me Ishmawl) بەکاردەهێنێت، کە دەستپێکی ڕۆمانی (مۆبی دیک)ی هێرمان میلڤێلە. ئەم ئاماژەپێدانە نەک بۆ ڕازاندنەوە، بەڵکوو پێشان دەدات، کە کارەکتەرەکان لەناو دنیایەکی تەنراو بە دەقەکاندا دەژین. لە لاپەڕەی ٦٤دا، بەهەمان شێوە باسی کتێبێک دەکرێت، کە بە زمانەکانی کوردی، فارسی و عەرەبی نووسراوە، کە ئەمەش جەخت لەسەر فرەزمانی و تێکەڵبوونی دەقەکان دەکاتەوە.
هەروەها، لە لاپەڕە ٨٥دا، سنووری نێوان نووسەر و کارەکتەر دەسڕێتەوە، کاتێک گێڕەرەوە ڕاستەوخۆ ئاماژە بە توانای خۆی دەکات لە دروستکردنی وێنە و نووسیندا و دەڵێت، لێرە نانووسم، ئیدیت دەکەم، نازانم دەگا بە کوێ. گوتی ئەوە باسی چی دەکەی هێشتا باشترین بەرهەمەکانیت ماوە بیانخوڵقێنیت. ئەمە ئەو تەکنیکەیە کە پێی دەوترێت “نووسین لەسەر نووسین” ڕۆمانەکە نیشانی دەدات کە ڕووداوەکان چۆن فۆرمولە دەکرێن و دەکرێنە چیرۆک. لە لاپەڕە ٨٧ و ٨٨دا، باس لە خوێندنەوەی ڕۆمان دەکرێت و بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە لە بارەی کتێب و نووسنی سارا و دەدوێت، وەک ئەوەی کارەکتەرەکان خۆیان ڕەخنەگری ڕۆمان بن، ئاماژە بە کۆمەڵێک دەقی جیهانی دەکرێت و دەستەواژی بیرمەندان دەخزێتە نێو گفتوگۆکان وەک: لەژێر پاڵتۆ و نووسەران هەموویان یەک شت دەنووسن.
پارچەپارچەبوونی کات و تێکشکاندنی فۆڕم
ڕۆمانی کلاسیكی سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی هەیە و بە پێی ڕیزبەندی کات و یەک هێڵ دەڕوات. بەڵام “لەوەی مەمرە” ئەم یاسایە تێکدەشکێنێت. گێڕانەوەکە پڕە لە بازدانی زەمەنی. نووسەر بۆ زیاتر قووڵکردنەوەی ئەم هەستی پچڕانە، فۆڕمی گێڕانەوە دەگۆڕێت. بۆ نموونە، لە لاپەڕەکانی ١٣١، ١٣٢ و ١٣٣، ١٣٤، ١٣٥دا، شێوازی گێڕانەوەی ڕۆمانەکە لەناکاو دەگۆڕێت بۆ فۆڕمی “یاداشتەکانی من”. لەم لاپەڕانەدا، نووسەر بەرواری وردی وەک “١٣٥٩/١/١٩” و “١٣٥٩/٢/١٥” و “١٣٥٩/٣/٥” دادەنێت کە باس لە بۆردومان، ترس و ژیانی سەردەمی جەنگ دەکەن. ئەم هێنانەناوەوەی یاداشتی ڕۆژانە بۆ ناو ڕۆمان، فۆڕمێکی فرەچەشنی پاشنوێخوازییە، کە وا دەکات خوێنەر هەست بکات خەریکی خوێندنەوەی دۆکیۆمێنتێکی مێژوویییە نەک تەنیا خەیاڵ.
هەروەها لە لاپەڕە ٢٨دا، ڕۆمانەکە بە ڕوونی باسی بارودۆخی سیاسیی ساڵی ١٣٥٩ دەکات و پێکدادانی هێزە سیاسییەکان و ململانێکان دەخاتە ڕوو. بازدان لە نێوان ساڵانی ١٣٥٥ (کە لە لاپەڕە ٢٣دا ئاماژەی پێ دراوە سەبارەت بە هاتنیان بۆ سنە) و ساڵانی دواتر، نیشاندەری ئەوەیە کە بیرەوەریی وەک ئامرازێکی شێواو کار دەکات و کات بە شێوەیەکی هێڵی تێپەڕ نابێت.
پاستیش و نێودەقی
لە ئەدەبی پاشنوێخوازیدا زۆرجار چەندین جۆری جیاوازی نووسین لەیەک دەقدا کۆدەکرێنەوە، کە پێی دەوترێت پاستیش. ڕەزا عەلیپوور زۆر زیرەکانە ئەمەی بەکارهێناوە. بۆ نموونە لە لاپەڕە ٢٣٤دا، ڕۆمانەکە دەبێتە پەخشانە شیعر و پارچە شیعرێک کە بۆ کارەکتەری (سارا) نووسراوە، دەخرێتە ناو تێکستەکەوە.
«بۆنی ڕانت دەکەم ئەی یار،
دوو کاریلەی تێدا نووستوون
ماچی ناوکت دەکەم ئەی یار،
ساڵانێکە چ بێهودە لە پێستمدا ڕاکشاوە.
لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە لە لاپەڕەکانی ٢٥٩ و ٢٦٠دا، ڕۆمانەکە فۆڕمێکی تەواو جیاواز و فەرمی وەردەگرێت، نووسەر سەرناوی کورتەی ڕاپۆرتی پۆلیس و ڕاپۆرتی پزیشکی یاسایی دادەنێت و بە زمانێکی سارد و دۆکیۆمێنتاری باسی ڕووداوێکی مەرگ و پشکنینی تەرم دەکات. ئەم تێکەڵکردنی زمانە هونەرییەی ڕۆمان لەگەڵ زمانی ڕەق و یاسایی پۆلیس و پزیشکی دادوەری، لووتکەی یارییە پاشنوێخوازییە بە فۆڕم.
گێڕەرەوەی جێی متمانەنەبوو
پاشنوێخوازی گومانی لە هەموو حەقیقەتێک هەیە، بۆیە زۆرجار گێڕەرەوەکانی جێی متمانە نین و خاوەنی دەروونێکی ئاڵۆز و شێواون. لە لاپەڕە ٦ی ڕۆمانی (لەوەی مەمرە)دا، گێڕەرەوە بە زمانێکی سارد و تەنانەت تا ڕادەیەک شێواو باسی پرۆسەی کوشتن و بیرکردنەوە لە مەرگ دەکات، بە جۆرێک دەڵێت خەڵکی وا دەزانن ئەوانەی دەکوژرێن تەنیا ڕێکەوتە یان هەڵەیە. ئەم دەستپێکە سادەیە بۆ بابەتێکی ئەوەندە قورس، خوێنەر دەخاتە گومانەوە لە باری دەروونیی گێڕەرەوە. کارەکتەرەکان تووشی پارانۆیا و نامۆبوونن، نامۆبوونێک لە زۆربەی بەشەکانی ڕۆمانەکەدا هەستی پێ دەکرێت
. تێکەڵکردنی مێژوو و تراژیدیا بە ژیانی ڕۆژانە
ئەدەبی پاشنوێخوازی زۆرجار ڕووداوە گەورەکانی مێژوو بچووک دەکاتەوە و تێکەڵی ژیانی تاکەکەسییان دەکات. لەم ڕۆمانەدا، شاری سنە (کە لە چەندین لاپەڕەدا ناوی هاتووە، وەک لاپەڕە ٢٣ و ١٧٢) دەبێتە شانۆی ڕووداوەکان. مێژووی خوێناوی و شەڕەکانی ئەم ناوچەیە بە شێوەیەکی ئەکادیمی نەگێڕدراوەتەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی ئازارە تایبەتەکانی دیار نەمانی تارا و کارەکتەرەکانی دیکە و گێڕەرەوە خۆیەوە دەخرێتە ڕوو. وەسفکردنی کێشە سیاسییەکان و دۆخی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی
ئایرۆنی و بە زمانێکی پەرتەوازە، یەکێکی دیکەیە لە خەسڵەتەکانی ئەم ڕۆمانە.
دەرەنجام
ڕۆمانی (لەوەی مەمرە) تاقیکردنەوەیەکی ئازایانەی ئەدەبییە لە زمانی کوردیدا. ڕەزا عەلیپوور توانیویەتی لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنیکەکانی گێڕانەوی پاشنوێخوازی وەک مێتافیکشن، فرەفۆڕمی (یاداشت، شیعر، ڕاپۆرتی پۆلیس) و گێڕانەوەی پاڕچ پارچە، تابلۆیەک بکێشێت کە گوزارشت لە شێواوی و تراژیدیای مرۆڤی هاوچەرخ و بەتایبەت مرۆڤی کورد دەکات. بەکارهێنانی ڕاستەوخۆی دەقەکانی تر، تێکشکاندنی کات و یاریکردن بە ڕۆڵی نووسەر و کارەکتەر، وایان کردووە ئەم ڕۆمانە جگە لە خوێندنەوە، مەتەڵێکیش بێت بۆ شیکردنەوە. خوێنەر لەم ڕۆمانەدا نابێت چاوەڕێی کۆتاییەکی داخراو و حەقیقەتێکی ڕەها بکات، بەڵکوو دەبێت خۆی لەناو یاداشتەکان، ڕاپۆرتەکان و بیرەوەرییە پچڕاوەکاندا، حەقیقەتە تایبەتەکەی خۆی بدۆزێتەوە. ئەمە هێزی ئەدەبی پاشنوێخوازییە، ئەوەی کە دەقەکە هەمیشە کراوەیە و لە مێشکی هەر خوێنەرێکدا جۆرێک لە مانای نوێ وەردەگرێت. ڕاستە ئاڵۆز و بە خوێندنەوەی ماندوو دەبیت، بەڵام ڕۆماننووس هۆکاری خۆی هەیە بۆ هەموو دەستەواژە و ڕستەیەک. بەبێ خوێندنەوەی ڕۆمانەکە ناکرێ قسەی لەبارەوە بکەین، نەک هەر ئەم ڕۆمانە، بەڵکوو ئەمە بۆ هەموو کتێبێک ڕاستە.
سەرچاوە: ڕەزا عەلپوور، ٢٠٢٥، لەوێ مەمرە، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی کوردستان.

