عومەر چنگیانی
پشتیوان بە خوای گەورە، لە گوڵخەرمانی ئەمڕۆماندا (1)، باسی قاروونێك دەكەم كە لە نێو قورئانی پڕ لە بەخشش لە سوورەتی عەنكەبووت و غافیردا بە كورتی و، لە سوورەتی قەسەسیشدا لە ئایەتی (76تا82) زۆر بەدرێژی هاتووە و دەفەرمێت:
“قاروون كابرایەك بوو لە خێڵی مووسا”. ئیتر باسی ئەوە ناكات، كە لە چ كات و سەردەمێكدا ژیاوە، ئایا ئەم چیرۆكە، لە كاتێكدا ڕووی داوە، كە “بەنی ئیسرائیل” و مووسا دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت، لە میسر بوون، بەر لە دەرچوونیان؟ یاخود لە دووای دەرچوونەكەیان ڕووی داوە؟ لە ژیانی مووسادا؟ یاخود لە نێو بەنی ئیسرائیلیدا ڕوویداوە، لە دوای كۆچكردنی مووسا، هەربۆیە، بەدوور لە هەموو ریوایەتە لێكجوداكان، وەك قورئان خۆی، چۆن داستان و چیرۆكەكە دەهێنێت، ئێمەیش وا دەیهێنین و هەڵوەستەیش دەكەین بەدیار هەندێك وانەی پێویستەوە.
پەروەردگار لەبارەی گەنجینەنەكانی قاروونەوە دەفەرمێت: “كۆمەڵە كلیلی ئەو ژوورانەی، كە گەنجینەی قاروون بوون، ئەوەندە زۆر و قورس بوون، بە پیاوگەلێكی توانا و ئازا و بەهێز هەڵنەدەگیران!” جا، كە ئێمە زانیمان هەر كلیلی گەنجینەكان خۆی بەو شێوە بووبێت، دەبێ گەنجینە و زێڕ و زیو و شتە بەهادارەكان، چەند و چۆن بووبێتن؟ دوای ئەوەی، كە خوای گەورە، ئەم هەموو گەنجینە و زەنگینییەی بەخشییە قاروون، لایەنی خراپەی گرت و لە ڕێی هەق لای دا و گومڕا کەوت. پەروەردگار بۆمانی ڕوون ناكاتەوە، چۆن گومڕابوو؟ بۆ ئەوەی بوارەكە بۆ ئێمە جێ بهێڵێت، كە بۆخۆمان بیری لێ بكەینەوە و بزانین چۆن گومڕا بوو! بۆ ئەوەی ئێمە دەیان وێنەی گومڕایی بێسنوورمان بێتە بەر دەم و بکەوێتە بەر چاو و بیرمان بۆ هەموو جۆرەكانی گومڕایی بچێت. ڕەنگە گومڕاییەكەی لەو ڕووەوە بووبێت، كە ستەمی لە خەڵكەكە كردبێت! زەویوزار و سامان و مافی لێ داگیر كردبێتن. بەوە بووبێت، كە سامانی بۆ خۆی بردبێت و ئەو بەشانەی ئەوان، كە بیانكەوێت و پێی نەدابێتن؟ مافی ڕەوا و كەوتووی هەژاران لە ماڵ و سامانی زەنگینەكانی دەست بەسەردا گرتبێ. رەنگە بە زۆر شێوە و رێگەی دیكەیش بووبێت. بەهەرحاڵ قورئان باس لەوە دەكات، كە خاوەن عەقڵەكانی نێو گەل و نەتەوەكەی، ئامۆژگارییان كردووە، بۆئەوەی بەوشێوە و بەو بەربادییە، سامان خەرج نەكات و دەست پێوە بگرێت و پێیان گوتووە: با ئەوەندە زێدەخەرجی نەكات و مامناوەندی بێت، كە ئەمەیش رێگەیەكی تەواو ڕاست ودروستە بۆ ژیان.
هۆشدارییان دایە، لەسەر ئەوەی كە: ئاگای لەوە بێت كە هەندێك خۆشی، وا لەخاوەنەكەی دەكات، كە خاوەن فەزڵی هەقیقی لەبیر بچێتەوە و ئەوكەسە فەرامۆش بكات كە بەخشەری ئەو نازونیعمەت و بەخششانەیە و، لەلایەنی ئەوەوەیە. هۆشدارییان دایە كە با سوود لەوماڵەی دنیای بكات و چێژی حەڵاڵی لێ وەربگرێت، بەڵام دووا رۆژ لەبیرنەكات. دەبێ و پێویستە لەسەری كە بەوسامانەی كار بۆدوارۆژ و قیامەتیشی بكات. ئەوەیان بەبیرهێنایەوە كە ئەو سامانە بەخششی خوایە و ئیحسانی ئەوە. دەبێ بەوسامانەی كە هەیەتی و پێی بەخشراوە، وەڵام و بەرسڤی ئیحسانی خوا بە ئیحسان بداتەوە. هۆشدارییان دایە لەسەر ئەوەی كە خراپكاری نەنێتەوە لەسەر زەوی و تەعەدا لەكەس نەكات و دەستدرێژی نەكاتە سەر كەس و ستەمكارنەبێت و نزدیكی چاو پیسی و رژد – حەسوود – ی نەبێتەوە. قین و ڕكی لەخەڵك نەبێت و سامانی لە ڕێگە و شوێنی نابەجێدا خەرج نەكات و نەیگرێتەوە لە خەرجكردنی لە شوێنە باشەكان، چونكە خوای گەورە خۆشیی لە هیچ كەسێكی گەندەڵ و گەندەڵی نایەت. لەدوای ئەم هەموو ئامۆژگارییانەوە، كە ئاراستەی ئەو پیاوە بێئاگا ملهوڕە كرا، وەڵامی بۆ ئەو خەڵكە، تەنها یەك ڕستە بوو: “ئەمەی ئێوە بە منیەوە دەبینن، بەهۆی زانست و چالاكی و چەلەنگیی خۆمەوەیە!” . بە مانا گومڕاییەكەی، ئەم ناز و نیعمەت و بەخششەی خوای لەبیر بردەوە و حیكمەتی پێبەخشرانی نیعمەتی گەورەی خوای فەرامۆش كرد و كەوتە نێو بازنەی تاقیكردنەوەوە و، فریوی سامان، كوێراییی داهێنا، گوێی لە دەنگی ئەقڵ و حیكمەتی قەومەكەی نەگرت و هەستی بە بەخششەكانی خوا نەكرد. تا رۆژێكیان، كە لە نێو حەشەم و پاسەوانەكانیدا بوو، لە ئەوپەڕی خۆڕازاندنەوەی خۆی و كاڵاو واڵا و باڵایدا، كەوتە رێگا بۆ گەشتێك بەنێو خەڵكەكە، لەوكاتەدا دڵی هەندێك لە خەڵكەكەی بۆ لا فڕی و هیوایان خواست كە ئەوانیش، وەك ئەوەی قاروونیان پێ ببەخشرێت و ئەوانیش ئەوەیان هەببێت، وای تێدەگەیشتن كە قاروون زۆر لە نیعمەتێكی گەورەدایە. بەڵام ئەوانەی ئەهلی ئیمان و زانست بوون و گوێیان لە قسەی ئەوان بوو، پێیان گوتن: ئەی هەڵخەڵەتاوینە! ئاگاتان لە تاقیكردنەوەی خوایی بێت، تەقوای خوا بكەن و بزانن، كە پاداشتی لای خوای گەورە زۆر زۆر باشترە لەوەی، كە ئێوە دەیڵێن و دەیبینن، ئەوەی كە ئێوە بەقاروونەوە دەیبینن لە ڕازاندنەوە و خۆبادانی دنیا تێناپەڕێت. ئەوكاتەی، كە فیتنە و تاقیكردنەوەكە، گەیشتە هەرە چڵەپۆپەی، نەفس و دەروون دەگاتە ئەوپەڕی داڕمان و پێوەرەكان تێك دەچن، دەستی قودرەت و دەسەڵاتی خوایی دێتە پێشەوە، بۆ ئەوەی سنوورێك دابنێت بۆ ئەو فیتنە و تاقیكردنەوانە و بەزەیی دێتەوە بەوخەڵكەدا بۆ ئەوەی تووشی تاقیكردنەوە و ئاشوب نەیەن و سەریان لێ تێك نەچێت و گومڕایی و گەندەڵی تێك دەشكێنێ و ئەو لووتبەرزییە لە زەوی دەدات و دەفەرمێت: “زەویمان لە ئاستی ئە و لە ئاستی سامانەكەی بەڕۆچووندا برد و رۆم بردن”. ئەوها لە چاوتروكانێكدا، زەوی، خۆی و سامان و دەسەڵاتەكەی بەقووتا برد. بەم شێوە بە لاوازی و نوشست، بێبەها و بێپشتیوان، لەناو چوو و كەس فریای نەكەوت و دەسەڵات و سامانەكەی پێی ڕا نەگەیشتن. ئیتر خەڵكی لەنیو خۆیاندا كەوتنە، قسەكردن و راگۆڕینەوە، ئەوانەی، كە تا دوێنێ بوو دەیانگوت: بەراستی خوای گەورە بیەوێت بۆ كێی بڕێژێت بۆیی دەڕێژێت و بۆ كێش بیەوێت لێی بگرێتەوە لێی دەگرێتەوە، دەیانگوت: سوپاس بۆخوا، كە ئێمەش لەگەڵ ئەو نەبووین و تووشی سزا ببین. خوایە ئێمە تەوبە دەكەین بۆ لای تۆ و تۆ خاوەنی سەرەتا و كۆتاییت. بەم شێوە لاپەڕەكانی ژیانی ئەودیكتاتۆرە دادرایەوە”.
پەراوێز: ئەم بابەتەم لە لاپەڕە “17” ی ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە 2622 سێشەممە 6 ی حوزەيرانی 2017 بڵاو كراوەتەوە.

