رۆژنامەی ھەولێر

دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم..ئاوابوونی خۆری نێرسالاری

حەمەسەعید حەسەن
لە کاتێکدا زمان پێویستی بە ژنێک بووە، لە پێناوی بەمێکردنی قەڵەم و زمان و دەقدا خەبات بکات، زۆر مێ بە قەڵەمی نێر و بە زمانی نێر و بە بیرکردنەوەی نێرەوە نووسیویانە. ئەو جۆرە لە ژن، کە وەک خود هەر وەک پیاو وابوون، ڕۆڵێکیان دیتوە، لە دژی خۆیان و لە قازانجی پیاو، جۆرێک لە (بەها)یان جێگیر کردووە کە پیاو لە هەوڵی جێگیرکردنیاندا بووە و خزمەتیان بە بزربوونی ژن لە زماندا کردووە. ژنی وا لە نائاگایییەوە ئەو ڕۆڵەی وازی کردووە کە هاونیشتمانییەکی ناپاک دەیکات، کاتێک سەنگەری داگیرکاری وڵاتەکەی هەڵدەبژێرێت، وەک خەنساء لە زمانی عەرەبیدا و مەستوورەی ئەردەڵانی لە کوردیدا. ئەوە سووک سەیرکردنی ژنە، ئەگەر پێمان وابێت، مێ تەنیا لە بوارەیلی شیوەن و ستایش و شانازیدا، توانای نووسینی شیعری هەیە، شیوەن بۆ پیاو، ستایشی پیاو و شانازیکردن بە پیاوەوە.

بە نەمریی مانەوەی فه‌رووغ فه‌رووخزاد (١٩٣٥ – ١٩٦٧) زادەی ئەوەیە، بە زمانێکی ژنانە، خودێکی ژنانەی بە شیعر کردووە. ئەگەرنا ئەویش وەک دەیان ژنی فارسی پێش خۆی کە بە هەمان کەرەسەی پیاو دەیاننووسی، هەنووکە ناوێکی بزر دەبوو. ژنێکی کوردم وەبیر نایە، پێش ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ دەقێکی بڵاو کردبێتەوە، تەواو لە هی مێ چووبێت و ڕاستگۆیانە و بوێرانە دەربڕی خودی ژن بووبێت. کۆمەڵی کورد هێندە کێوی، دەشتەکی، ناشارستانی و داخراوە، ئێستایشی لەگەڵدا بێت، ژنێک شک نابەین، زات بکات بەو زمانە ژنانەیەی فەرووخزاد، یان جومانە حەدداد بنووسێت. ژن لە کۆمەڵی دواکەتووی کورددا، بەرکار بووە، نەک بکەر، بابەت بووە، نەک نووسەر یان داهێنەر، سەلما بابەتی دەقی جەزیری بووە، حەبیبە هی نالی، شەم هی وەلی دێوانە و عەنبەر خاتوون هی مەولەوی، دەڵێیت ژنێکمان شک نەبردووە، عاشق بووبێت، دەڵێیت ژنێکمان تێدا هەڵنەکەوتووە، شاعیرێکی داهێنەر بووبێت.

ئەو سەردەمە بەسەرچووە، ژن تەنیا بابەتی نووسین بێت، بابەتی زمان بێت، وەختی ئەوە هاتووە، ژن خۆی هەم نووسەری دەق بێت و هەم قارەمانی دەقیش، ئیدی دەبێت، پێوەندییەکی ئۆرگانیک لە نێوان ژنی دەرەوەی دەق و ناو دەقدا بێتە گۆڕێ، ئیدی نابێت ژن، بەرگی تێکست بێت، پێویستە کرۆک و دیسکۆرسی تێکست پێک بهێنێت. مەرگی نووسەر کە ڕۆڵاند بارت بانگەشەی بۆ دەکرد، بە دەردی ژن ناخوات، ئاخر چونکە کولتووری نێر بەگشتی بەسەر دەقەکاندا زاڵە، بۆیە پێویستە خاتوونەنووسەر لە هەموو دەقێکیدا ئامادەییی هەبێت، دەقەکانی زادەی مێبوون بن و نیشتمانێکی ئازاد بن، نەک لەلایەن پیاوەوە بە کۆڵۆنیالیکراو.

لەمێژە پیاو نیشتمانی زمانی داگیر کردووە، لەمێژە نێر قەڵەمی بە ئەندامی نێرینە چوواندووە، تەمەنی بەنێرینەکردنی زمان هێندە درێژە، زمانی ژنانە لەچاویدا، هەر دەڵێیت تازەکی چاوی کردووەتەوە. لەمێژە تەنیا وەک جەستەیەکی بێ ئاوەز، سەرنجی ژن دەدرێت، جەستەیەک وەکوو بێجگە لە بەخشینی چێژ بە نێر، هەڵگری هیچ مانایەکی دیکە نەبێت، جەستەیەک وەک هیچ پێوەندییەکی بە زانین و لۆگیکەوە نەبێت، جەستەیەکی بێ خود و بێ ئاگا لە ئازادی و خەمی گەورەی لە بەرهەمهێنانی چەند کوڕێکدا چڕ دەبێتەوە، ئەویش بۆ ڕازیکردنی پیاو. کێشەی گەورە ئەوەیە، یادگە و دیرۆک، بەرەنگاری زمانی ژن دەبنەوە و بە قازانجی نێر دەجووڵێن.

ئەوەی زمان لەبن هەژموونی نێر دەربچێت و ببێتە کەرەسەیەکی هاوبەشی دەربڕینی ئینسانی، هەم بۆ نێر و هەم بۆ مێیش بە یەکسانی، خەباتێکی دژواری درێژخایەنی دەوێت، هەم لە لایەنی ژنەوە و هەم لە لایەنی پیاویشەوە. نێر هەر زمانی داگیر نەکردووە، بەڵکوو دەستی بەسەر مێژوویشدا گرتووە و وەک ویستوویەتی و بە قازانجی خۆی و بە زمانی نێرانەی خۆی نووسیویەتییەوە. هێندە زۆر نییە، ژن بواری بۆ ڕەخساوە، دەست و پەنجەی بۆ نووسینیش وەگەڕ بخات، نەک وەک جاران، هەر چێشتیان پێ لێ بنێت و جلیان پێ بشوات. ‌هێندە زۆر نییە، ژن دەرکی بەوە کردووە، کۆیلە و کەنیزەک نییە، بەڵکوو یەکسانە بە نێر و وەک پیاو ئازادە و سەروەری خودی خۆیەتی. پیاویش قوربانیی دەستی سیستەمی نێرسالارییە، یەکسانبوونی ژن و پیاو تەنیا بە ئاوابوونی خۆری ئەو سیستەمە نائینسانییەوە بەندە کە بە خەباتی نێر و مێ، لە بەین دەچێت.