لە چوارچێوەی ئامادەکارییە چڕوپڕەکانی وەرزی زستاندا، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە ڕێگای شارەوانیی یەک، هەستا بە جێبەجێکردنی پلانێکی پارێزراو بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان و ڕێکخستنەوەی ژێر پردی سەیداوە.
دوای ئەوەی تیمەکانمان، تەواوی ژێر پردی سەیداوەیان لە پاشماوە و خۆڵ و خاشاک پاککردەوە و بە تەواوی چارەسەر کرا، هاوکات ئەمڕۆ شارەوانیی یەک بە دانانی بەربەستی کۆنکرێتی ڕێگری لە وەستانی ناڕێکی ئۆتۆمبێل کرد لەو شوێنەدا.
جێی باسە بەپێی هەڵسەنگاندنە ئەندازیارییەکان، ژێر پردی سەیداوە دەکەوێتە ناو زۆنی لاواز بۆ کۆبوونەوەی ئاو لە کاتی شەپۆلە بەهێزەکانی بارانبارین. بۆیە ئەم ڕێکارە وەک هەنگاوێکی خۆپارێزییە لەپێناو دوورکەوتنەوە لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو و پاراستنی سەلامەتیی گیان و سەروماڵی هاوڵاتیان.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ئەمە تەنها هەنگاوی یەکەمە. جگە لە پاککردنەوە و دانانی بەربەست و فراوانکردنی ڕێڕەوەکانی ئاو، شارەوانیی یەک پلانێکی تۆکمە و ستراتیژی داناوە بۆ گۆڕینی تەواوەتی ڕووخساری ژێر پردی سەیداوە و بەکارهێنانەوەی بە شێوازێکی شارستانیانە و ڕێکخراوتر لە داهاتوویەکی نزیکدا.
ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر

