ڕائیب جادر – هەولێر
لە چوارچێوەی پلانەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگای دھۆک، تەواوی ئامادەکارییەکان و ڕێکارە پێشوەختەکان بۆ ڕێگریکردن لە ئەگەری دروستبوونی لافاو و کۆبوونەوەی ئاوی زیادە لە وەرزی زستاندا بە سەرکەوتوویی کۆتاییان ھاتووە.
بریندار حەیدەر، قائیمقامی قەزای دھۆک، ڕایگەیاند، سەرجەم ڕێکارە پێویستەکان بۆ ڕێگریکردن لە لافاو گیراونەتەبەر، ھاوکات پرۆسەی خاوێنکردنەوەی کەندەکان و بەتایبەت ڕووباری ھشکەرۆش لە شارەکەدا بەردەوامە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەندازیار یونس جانۆ، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆکانی پارێزگای دھۆک، ئاشکرای کرد، پڕۆژەیەکی گرنگی ئاوەڕۆ لە ناوچەی “ماڵتا خوارێ” بە درێژایی ٨٤٠ مەتر و بە گوژمەی ٨٤٠ ملیۆن دینار بە ھاوکاریی ڕێکخراوی ILO و وەزارەتی دەرەوەی ھۆڵەندا تەواوکراوە.
ھەروەھا لەسەر بودجەی پێشینەی مانگانە، چەندین پڕۆژەی تر بە بەھای نزیکەی ٤٨٠ ملیۆن دینار جێبەجێ کراون، ھاوکات کێشەی ئاوەڕۆی چوارڕیانی “ئێتێتێ” بە گوژمەی ٣٤ ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پارێزگا چارەسەر کرا، تا ئەمساڵ زستان بە کەمترین زیانەوە دەرباز ببێت.

