رۆژنامەی ھەولێر

توركیا رەتی دەكاتەوە دەستوەردانی لەهەڵبژاردنی ئیسرائیلدا كردبێت

كارزان گلی – هە‌ولێر

ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل بڵاوكرایەوە، هیچ پارتێكی سیاسی نەیتوانی ٦١ كورسی بەدەستبهێنێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت. بونیامین ناتانیاهوو، سەرۆكی پارتی لیكۆد كە ٥٣ كورسی بەدەستهێنا، توركیا تۆمەتبار دەكات بەوەی دەستوەردانی لەهەڵبژاردنی ئیسرائبل كردووە و توركیاش ئەو دەنگۆیە رەتدەكاتەوە.

پارتە عەرەبییەكانی ئیسرائیل، سوپڕایزیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێ بوو، ئەویش بەدەستهێنانی ١٩ كورسی پەرلەمان بوو لە كۆی ١٢٠ كورسی، ئەمە ناتانیاهووی نیگەران كرد، توركیا و قەتەری تۆمەتبار كرد، بەوەی بەشێوەیەكی نایاسایی پاڵپشتی دارایی ئەو پارتە عەرەبییانەیان كردووە، بۆیە داوای كردووە لێكۆڵینەوە بكرێت و لەڕاستی ئەو بابەتە بگۆڵدرێتەوە.

سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، لەراگەیێندراوێكدا هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە و بەبێ بنەما ناوی برد.
لەراگەیێندراوەكەی سەرۆكایەتی كۆماری توركیادا هاتووە، ئەم پروپاگندەیە بەشێكە لەوەی دەیانەوێت رای گشتی پێ جۆش بدەن و بەئەنقەست و مەبەست بڵاوی دەكەنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەریش بەهەمان شێوە، گوتەی ناتانیاهوو بەبێ بنەما ناو دەبات و دەڵێت ئەمە مەترسییە و درۆیە بەناوی قەتەرەوە، چونكە بەهیچ شێوەیەك دەستوەردانمان لەهەڵبژاردنی ئیسرائیلدا نەكردووە.
دوو پارتی عەرەبی بەهێنانی ١٩ كورسی پەرلەمان، بوونەتە كلیلی كردنەوەی پێكهێنانی حكوومەت، چونكە بلۆكی ناتانیاهوو ٥٣ كورسی بەدەستهێنا و بلۆكی ئۆپۆزسیۆنیش كە بەبلۆكی ئایزنكۆت ٤٨ كورسی بەدەستهێناوە. پارتە عەرەبەكان ناچنە ناو هاوپەیمانیی لەگەڵ ناتانیاهوو، بۆیە ناتانیاهوو هەڕەشەی كردووە ئەگەر ئایزنكۆت لەگەڵ پارتە عەرەبەكان حكوومەت پێكبهێنێت خیانەتە و قبوڵی ناكات.
پارتی لیكۆد، بەسەرۆكایەتی ناتانیاهوو، لەبەردەم بارەگای پارتەكەیان بەڕوونی تۆمەتیان خستە پاڵ پارتە عەرەبەكان كە رەشوەیان بەدەنگدەر داوە بۆیە ئەو دەنگە زۆریان بەدەستهێناوە و هەروەها گوتیان توركیا و قەتەر رۆڵیان هەبووە لەوەی ئەو دوو پارتە ١٩ كورسی بەدەستبهێنن و داوایان كرد بەپەلە لێكۆڵینەوە ئەنجام بدرێت.
پارتە عەرەبەكانی ئیسرائیل، بەتوندی رەتیان كردەوە دەستوەردانی دەرەكی لەهەڵبژاردن كرابێت و ئەم تۆمەتە رەتدەكەنەوە و دەڵێن ناتانیاهوو دەیەوێت بەو تۆمەتە بێبنەمایانە رای گشتی تێكبدات، بەڵام بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت لەقورسایی ئێمە كەم بكاتەوە.
میدیاكانی ئیسرائیل، باس لەوە دەكەن لەهیچ هەڵبژاردنێكدا بەو رێژە زۆرە دەنگدەر بەشداری نەكردووە، بۆیە ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی پارەیەكی یەكجار زۆر بۆ پارتە عەرەبییەكان تەرخان كراوە تا دەنگدەری عەرەب بهێننە سەر سندوق و ئەو دەنگە زۆرە بەدەستبهێنن.
ناتانیاهوو ترسی هەیە، پارتە عەرەبییەكان لەگەڵ ئایزنكۆتدا حكوومەت پێكبهێنن و پارتی لیكۆد و راستڕەوەكان فەرامۆش بكەن، بۆیە گوتی: ”دوورخستنەوەی راستڕەوەكان لەپێكهێنانی حكوومەتدا بوومەلەرزەیەكی سیاسی گەورە لەئیسرائیل دروست دەكات، هەروەها پەلاماردانی دیموكراسیشە.“
ئایزنكۆت، كە بلۆكی ئۆپۆزسیۆنە و ٤٨ كورسی بەدەستهێناوە، لەبارەی ئەوەی راستە دەستوەردانی دەرەكەی لەهەڵبژاردندا كراوە دەڵێت: ”جارێ زۆر زووە باس لەوە بكەین ئاخۆ دەستوەردان كراوە یان نا، ئەمە لێكۆڵینەوەی وردی دەوێت، بەڵام ناكرێت شەرعییەتی هەڵبژاردن بەناشەرعی بكرێت و پروپاگندە بۆ ئەو مەبەستە بكرێت.“
دەبێت ئەوە بەبیر خوێنەر بهێنینەوە، لەپروپاگندەی هەڵبژاردندا، ناتانیاهوو زۆر دژایەتی پارتە عەرەبەكانی دەكرد و دەیگوت بەشداریكردنی ئەوان پێویستی بەوەیە باری نائاسایی لەوڵاتدا رابگەیەنین، چونكە بابەتەكە پەیوەندی بەمردن و مانەوەی ئیسرائیل هەیە.