نووسینی: عەلی ڕەبەری
فیلمی (ئێکس مەکینا – Ex Machina) یا (ئێکس ماشینا)، لە دەرهێنانی (ئەلێکساندر گارلاند – Alexander Garland) و لە ساڵی ٢٠١٤ بڵاوکرایەوە، فیلمێک کە پەیامێکی مەترسیداری پێیە بۆ ئایندەیەکی نێزیک. فیلمەکە باس لە مەترسییەکانی (دۆڵی سیلیکۆن – Silicon Valley) و سنووربەزاندنی زیرەکی یا هۆشی دەستکرد دەکات. لەم فیلمەدا ٧ خاڵ و چەمکی گرنگ و سەرەنجڕاکێش هەن کە تێگەیشتنیان بۆ بینەر کارێکی قورسە. (بۆ نموونە بۆ خودی منیش وابوو و ناچار بووم دوای بینینی فیلمەکە چەند وتارێکی لەسەر بخوێنمەوە و جارێکی تریش تەماشای بکەمەوە – وەرگێڕ).
وەک زۆرێک لە فیلمە زانستی – خەیاڵییەکان، لەم فیلمەشدا ئاماژە بە چەندین خاڵی ورد کراوە کە لەوانەیە بینەر تەنها بە یەکجار تەماشاکردنیان پەیان پێ نەبات. بۆیە لێرەدا دەمانەوێت شیکردنەوە بۆ ئەو ٧ خاڵە بکەین کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا:
١. وێناکردنی ژیان لەناو ئەلگۆریتمێکدا
لەم فیلمەدا، پاڵەوانی سەرەکی واتە کەیب ئیسمەیت (بە ڕۆڵگێڕانی دۆمنل گلیسۆن – Domhnall Gleeson) لە بابەتێکی ئاڵۆزەوە گلاوە. بەڕێوەبەرەکەی، واتە ناتان (بە ڕۆڵگێڕانی ئۆسکار ئایزک – Óscar Isaac)، کەیب دەخاتە نێو تاقیکردنەوەی مەترسیداری ڕۆبۆتی ئەندرۆیدی ئاوا (بە ڕۆڵگێڕانی ئەلیسیا ڤیکاندەر – Alicia Vikander) تا بیسەلمێنێت کە (ئاوا)ی ڕۆبۆت بوونەوەرێکی خودئاگایە، بۆیە چەندینجار لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەندرۆیدەکانیدا دەست بۆ ڕفتاری شێتانە دەبات. ئەمەش لە ڕەفتارەکانی بەرامبەر بە کیوکو (بە ڕۆڵگێڕانی سۆنۆیا میزونۆ – Sonoya Mizuno) کە ژنەڕۆبۆتێکی جوان و خزمەتکاری ماڵەکەیەتی و سەما و سەرجێییشی لەگەڵ دەکات، دیارە. (کەیب) کە لە کۆمپانیاکەی (ناتان) و بە باڵەفڕ هێنراوە بۆ ئەلەسکا، دارستانێک کە ماڵی (ناتان)ـی لێیە، دەبێتە شایەتحاڵی خراپڕفتاریی (ناتان) لەگەڵ ڕۆبۆتە ژنەکان، بۆیە بڕیار دەدات ڕزگاریان بکات.
ژنەڕۆبۆتی (ئاوا) کە لە ڕێگەی تۆڕێکی سێرچەوە و لە لایەن خەڵک دەوڵەمەند و پڕزانیاری کراوە، ڕۆبۆتێکی پێشکەوتوو و هەستدارە، لە گفتوگۆکانیدا (کەیب) ئاشقی دەبێت و نیگەرانی ئەوەیە (ناتان) کەسایەتیی (ئاوا) بۆ هەمیشە بسڕێتەوە، بۆیە دەست دەکات بە پشکنینی کۆدە کۆمپیوتەرییەکانی (ناتان) بۆ ئەوەی ئاوا ڕزگار بکات. (کەیب) بە بەکارهێنانی ئەلگۆریتمێکی کۆن لە جیهانی ڕاستەقینە کە بە (هێلەگی ئەراتۆستین – Sieve of Eratosthenes) ناسراوە، کۆدەکان دەگۆڕێت. هەرچەندە ئەم ئەلگۆریتمە هی خۆیەتی، بەڵام ئەو ژمارانەی سەرەتا کە دەردەکەون، سەرنجڕاکێشن. ژمارەکان بەم شێوەیە دەخوێنرێنەوە: (9780199226559). لە ڕاستیدا ئەم ژمارانە، ژمارە (ISBN)ـی کتێبی مامۆستای ڕۆبۆتیک (مورای شاناهان – Murray Shanahan)ن کە ناوی (تێگەیشتن و ژیانی دەروونی)ـیە و مێژوویەکی ورد لە هۆشی دەستکرد و تواناکانی ئەم هۆشە بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنی تەواو دەخاتە ڕوو.
٢. ناوی ئاوا، کەیب و ناتان لە پەرتووکی پیرۆز
یەکێک لە دیارترین نهێنییەکانی فیلمی (Ex Machina)، وەرگرتنی ناوی کارەکتەرەکانە لە پەرتووکی پیرۆز. هەروەک دەبینن، بەشی زۆری فیلمە زانستی -خەیاڵییەکانیش هەروەک ئایینەکان، هەوڵ دەدەن بنەمای دروستبوونیان هاوشێوەی چیرۆکە ئاسمانییەکان لێبکەن. لە پەرتووکی پیرۆزی عیبرییەکان، (ناتان) پێغەمبەر و ڕاوێژکاری پاشا داوودە کە بەردەوام پەیمانی یەزدان و نەتەوەی ئیسرائیلی بیر دەخرایەوە. (کەیب)یش لە پەرتووکی پیرۆز، نوێنەری نەتەوەی یەهودە لە کاتی ڕابەرایەتیکردنیان لە میسرەوە بەرەو خاکی بەڵێندراو. هەروەها، (کەیب) یەکێک بوو لەو ١٢ نێردراوەی پێغەمبەر موسا کە بۆ پشکنینی خاکی کەنعان نێردران. (ئاوا)ش بە جۆرێک هەمان (حەوا)یە، یەکەم ژن کە بە پێی گێڕانەوەکانی پەرتووکی پیرۆز لە بەهەشت و لە پەراسووی ئادەم دروست کرا. حەوا، سەرپێچیی خوڵقێنەرەکەی کرد و سێوەکەی خوارد و لە بەهەشت دەرکرا و هێنرایە سەر زەوی. (ئاوا)ی فیلمەکەش، سەرپێچی فەرمانەکانی خوڵقێنەرەکەی واتە (ناتان) دەکات و لە ماڵەکەی کە لە دارستانە جوانەکانی نەرویج وێنە گیراوە، دێتە نێو شارەکان و مرۆڤە ڕاستەقینەکان. بەمەش نیشان دەدرێت کە کەوتنی ئایندەی مرۆڤ، بەدوور لە ئەقڵ نییە.
٣. ئاماژەدان بە بۆمبی ئەتۆم
یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین ئاماژەکانی فیلمەکە، لەو دیمەنەدایە کە (کەیب) قسە لەگەڵ (ناتان) دەکات و پێی دەڵێت: «من بوومەتە فریشتەی مەرگ و ویرانکەری جیهانەکان». ئەمەش هەمان ڕستە بەنێوبانگەکەی (ج. ڕۆبێرت ئۆپنهایمەر – Julius Robert Oppenheimer)ی (باوکی بۆمبی ئەتۆم)ـە، کاتێک لە تەماشاکردنی تاقیکردنەوەی بۆمبەکە لە نیومەکزیکۆ هێنایە سەرزمان. هەروەها ئەم ڕستەیە لە کتێبی (باگاواد گیتا)ی یەکێک لە پەرتووکە پیرۆزەکانی هیندۆسەکان هەیە. لە سەرەتاکانی فیلمەکەدا، (کەیب) گوێ لە گۆرانییەکی ئەلیکترۆنی دەگرێت بە ناوی (ئەنۆلا گەی – Enola Gay) کە هەمان ناوی ئەو فڕۆکە بووینگەیە کە لە جەنگی جیهانیی دووەم بۆمبە ئەتۆمەکەی بەسەر شاری هیرۆشیمای ژاپۆن بەردایەوە. ئەمەش ئاماژەیەکە بەوەی کە هۆشی دەستکردیش هاوشێوەی چەکە ئەتۆمییەکان دەکرێت چەکی وێرانکەری مرۆڤایەتی بێت.
٤. ڕەنگ و مانیتۆرەکانی کۆمپیوتەر
ڕەنگە بینەر تێبینیی تێمە هاوبەشەکانی فیلمەکە بکات. سەوزایی دارستانەکانی دەوروبەری کۆشکەکەی (ناتان)، سووریی ژووری تاقیکردنەوەی (ئاوا) لە کاتی پچڕانی کارەبا و گڵۆپە سوور و شینەکانی هۆشدارییە ئەمنییەکان، چەند نموونەیەکن لەم تێمە ڕەنگییانە. هەرچەندە ڕەنگە تا ڕادەیەک ئەم ڕەنگانە وەک ستایلێکی وێنەگرتنەکە تەماشا بکرێن، بەڵام لە ڕاستیدا پەیوەندییەکی قووڵ لە نێوان هەڵبژاردنی ڕەنگەکان و ژینگەی تەکنۆلۆژیی دەوروبەر هەیە. زۆرێک لە سیستەمە ئەلیکترۆنییەکانی وەک شاشەکانی کۆمپیوتەر، کامێرا دیجیتاڵییەکان و تەلەڤزیۆنەکان، بە پلەیەکی ڕەنگی بە ناوی (مۆدێلی ڕەنگی RGB) کار دەکەن. ئەم مۆدێلەش سوود لە ڕووناکی و ڕەنگەکانی سوور، شین و سەوز وەردەگرێت بۆ دووبارە دروستکردنەوەی ڕەنگەکانی دیکە و دروستکردنەوەی وێناکان. ئەم گەڵاڵە ڕەنگییە لەسەر بنەمایەک کار دەکات کە چاوی مرۆڤ ڕەنگەکان دەناسێت و لێیان تێدەگات. بۆیە لە کۆتاییدا، بینەران سەرنجی ئەو سێ ڕەنگە سەرەکییە دەدەن کە بە چڕی و بە درێژایی فیلمەکە، دووبارە دەبنەوە.
٥. خواردنەوەی (کێکاکوو – Kikaku)
لە چەندین دیمەنی ئەم فیلمەدا، (ناتان) و (کەیب) خەریکی خواردنەوەی شەراب و گفتوگۆن و بۆچوونی یەکتری لەبارەی تاقیکردنەوەکانی (ئاوا) دەپرسن و لە کۆتاییشدا تووشی دەمەقاڵەیەکی توند دەبن. ئەم گفتوگۆیانە لەسەر ئەو بنەمایەن کە چۆن هۆشی دەستکرد جیهان دەگۆڕێت و تەنانەت چۆن (ناتان) ڕووخساری (ئاوا)ی لەسەر بنەمای ئارەزووەکانی (کەیب)ی هەتیو دروست کردووە. یەکێک لە گرنگترین چەمکەکانی فیلمەکە پەیوەندی بە پیلانگێڕییەکانی ئەو سێ کەسایەتییە سەرەکییەوە هەیە. (کەیب) و (ئاوا) بۆ ئەوەی ڕێگری لە خراپەکارییەکانی (ناتان) بکەن، دەست تێکەڵ دەکەن و (ناتان)ـیش هەوڵ دەدات چاودێرییان بکات و پیلانەکانیان تێکبدات. بۆیە یەکێک لەم سێ کەسە هەمیشە خەریکی پلاندانان و پیلانگێڕییە بە شێوەی نهێنی. لە دیمەنی خواردنەوەکانی (کەیب) و (ناتان)ـیش شووشەی مەشرووبێک بە مارکەی (کێکاکوو – Kikaku) دەبینرێت کە لە زمانی ژاپۆنیدا بە واتای (پیلانگێڕی – Conspiracy) دێت.
٦. پەیوەندی لیلی بە ئاوا و ناتانەوە
لە فیلمەکەدا کە باس لە داهێنانەکانی (ناتان) دەکرێت، (ئاوا) یەکەم کەسایەتیی بەرهەمهێناراو نەبووە و (ناتان) چەندین ڕۆبۆتی پەرە پێداوە تا لە کۆتاییدا گەیشتووە بە (ئاوا). یەکێک لەو ڕۆبۆتە ئەندرۆیدانە، (لیلی) بووە کە لە ڤیدیۆ ئەرشیفییەکەی (ناتان) پارێزراوە. لە گۆشەی سەرەوەی چەپی ڤیدیۆکەدا نووسراوە: (LILY v.2.4.0)، کە دەردەخات ناوی ئەم ئەندرۆیدە ڕۆبۆتییە (لیلی)ـیە و ئەمەش بە پێی بۆچوونی زۆرێک، هێمایە بۆ یەکەم ژنی مێژووی مرۆڤایەتی واتە (لیلیت) کە لە ئوستوورەکانی یەهود چەندینجار ئاماژەی پێکراوە و یەکەم هاوسەری ئادەم بووە پێش دروستبوونی حەوا. دەڵێن لەبەر ئەوەی (لیلیت) ڕازی نەبوو سووجدە بۆ ئادم بەرێت، وازی لە ئادەم هێنا و یەزدانیش حەوای وەک هاوسەری دووەمی ئادم دروست کرد. لە زۆربەی چیرۆکە کۆنەکان، (لیلیت) وەک شەیتانێکی فێڵباز یان خوێنمژ شووبهێندراوە. لە فیلمەکەشدا و لە دیمەنی خۆکووژییەکەدا، ڕووخساری ئەو سەرپێچیکارە بە جوانی دەبینرێت.
٧. ئەفلاتوون و دیمەنی کۆتایی
لە دیمەنی کۆتایی فیلمەکە، (ئاوا) لە کۆشکەکەی (ناتان) دەڕواتە دەرەوە بۆ شارێکی بێناو و خەڵک دەبینێت کە تێدەپەڕن و لە کۆتاییشدا سێبەری مرۆڤەکان دەبینرێت. ئەم دیمەنە ئاماژەیە بۆ تیرۆرییەکەی ئەفلاتوون واتە (ئەلێگۆریی ئەشکەوت – Allegory of the Cave) کە لەبارەی سروشتی تێگەیشتن و ئاگایی مرۆڤەوەیە. ئەفلاتوون پێی وابوو باوەڕبوون بە زانینی شتێک لەسەر بنەمای هەستەکانی مرۆڤ، تەنها ڕایەکە. بۆ تێگەیشتنی باشتر لەم بابەتە، نموونەیەکی پێشکەش کرد کە باس لە سێ زیندانی دەکات کە لە کاتی لەدایکبوونیانەوە لە ئەشکەوتێکدا گیردەکەن. ئەوان کە لە منداڵییەوە لە چوار دیوارێکدا بەندکرابوون، هیچ تێگەیشتنێکیان لە جیهانی دەرەوە نەبوو، بەڵام ئاگرێک لە پشت سەریانەوە هەڵکرابوو و ڕووناکییەکەی دەبووە هۆی دروستبوونی سێبەری جۆراوجۆر لەسەر دیواری ئەشکەوتەکە. زیندانییەکان بە ئەقڵی خۆیان سێبەرەکانیان پۆلێن دەکرد و باوەڕیان وابوو سیمبوولی بوونەوەری ڕاستەقینەن. لە کۆتاییدا، یەکێک لە زندانییەکان ئازاد دەبێت و دەتوانێت شکۆ و گەورەیی دونیای دەرەوە ببینێت و بۆی دەردەکەوێت سێبەرەکانی سەر دیواری ئەشکەوتەکە، ڕاستەقینە نەبوون، بۆیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەشکەوتەکە تا ئەمە بە زیندانییە هاوڕێکانی بڵێت، کەچی ئەوان بە گەمژە و نەزانی دادەنێن. ئەفلاتوون ئەم نموونەیەی بۆ ئەوە هێنایەوە تا نیشانی بدات نەزانی دەبێتە هۆی ئارامیی دەروونی مرۆڤ و هەستەکان جێگەی متمانە نین و مرۆڤ تەنها لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەقڵیەوە دەتوانێت بگاتە تێگەیشتنی ڕاستەقینە.
(ئاوا)ش کە بەردەوام لە ئەشکەوتەکەی (ناتان) بووە، ویستی دونیای دەرەوەی ئەشکەوتەکە ببینێت و تێبگات ئاخۆ ئەو تێڕوانینەی لەبارەی دونیاوە هەیەتی ڕاستەقینەیە یان نا. کە چاوەکانی دەکرێنەوە و بۆ یەکەمجار ڕاستی دونیای دەرەوە دەبینێت، ڕۆبۆتبوونی جەستەی پشتگوێ دەخات.
سەرچاوە:
سەرچاوە فارسییەکەی (www.digikala.com) و سەرچاوە ئینگلیزییەکەی (collider.com)

