رۆژنامەی ھەولێر

گەلی چین لە ئمباپێ تووڕەن و یاریزانەکە و یانەکەی و سەرۆکی خولەکەش داوای لێبوردنیان کرد

مامەیارە ئەحمەد – هە‌ولێر

 

ڕیاڵ مەدرید بە فەرمی داوای لێبوردنی لە چین کرد
لە پێشهاتێکی نوێدا سەبارەت بە پرسێک کە مشتومڕێکی بەرفراوانی لە چین بەدوای خۆیدا هێناوە، یانەی ڕیاڵ مەدرید بەیاننامەیەکی فەرمیی بڵاو کردەوە و داوای لێبوردنی کرد بە هۆی ئەو لێدوانەی ئمباپێوە کە مشتومڕی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا
پێشتر ئەستێرە فەرەنسیەکە (کیلیان مباپێ)، داوای لێبوردنی لە گەلی چین کردبوو، ئەوەیش وەکوو هەوڵێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو کێشەیەی بە هۆی لێدوانەکەی ئەوەوە دروست بوو.
ئەم هەنگاوەی یانە ئیسپانییەکە- کە لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمییەوە ڕاگەیەندراوە- دوای داوای لێبوردنێکی فەرمی ئمباپێ دێت سەبارەت بە کۆمێنتێکی لەسەر وێنەیەکی تەنزئامێز کە بەراوردی دەکات بە ماو تسی تۆنگ، ڕابەری پێشووی چین. جگە لەوەش خاڤیێر تیباس، سەرۆکی لالیگا، بەناوی خولەکە داوای لێبوردنی کرد. لەکاتێکدا فشارەکان لەسەر تۆپی پێی ئیسپانیا زیاد دەبن بۆ چارەسەرکردن و جڵەوکردنی دۆخەکە و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاندەران و هاوبەشەکانی لە چین.
دەقی بەیاننامەی ڕیاڵ مەدرید سەبارەت بە کێشەی ئمباپێ و چین
یانەی ڕیاڵ مەدرید داوای لێبوردن لە گەلی چین دەکات بۆ هەر ناڕەزاییەک کە ڕەنگە بەهۆی لێدوانەکانی ئەم دواییەی یاریزانەکەمان کیلیان مباپێ بووبێت.
یانەکەمان ڕێزێکی قووڵی بۆ چین و مێژووەکەی و کولتوورەکەی و هاوڵاتیانی هەیە، هەروەها بۆ ملیۆنان هاندەری چینی کە سۆز و سەرسامییان بۆ ڕیاڵ مەدرید هەیە.
یانەکەش بەشدارە لەو داوای لێبوردنە ئاشکرایەی کیلیان مباپێ کردوویەتی، تیایدا یاریزانەکە پەشیمانیی خۆی بۆ لێدوانەکانی دەربڕی و ڕێزی خۆی بۆ گەلی چین دووپات کردەوە.
ڕیاڵ مەدرید پابەندبوونی خۆی بە بەهاکانی ڕێزگرتن و پێکەوەژیان و لێکتێگەیشتنی نێوان کولتوورەکان دووپات دەکاتەوە، هەروەها خواستی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە دۆستایەتی و سۆز و خۆشەویستییە دەردەبڕێت کە بە چین و هاووڵاتیانییەوە دەبەستێتەوە.

ئمباپێ داوای لێبوردن لە گەلی چین دەکات
ئمباپێ بەیاننامەیەکی فەرمیی بڵاو کردەوە و دانی بەوەدانا کە لێدوانەکەی سەبارەت بە وێنەیەکی تەنزئامێز بۆچوونێکی خراپە، دان بەوەدا دەنێت کە قسەکانی هەستی زۆر کەسی لە چین و لەناو کۆمەڵگە چینییەکان لە سەرانسەری جیهاندا بریندار کردووە.
ئەستێرەی یانەی ڕیاڵ مەدرید ڕایگەیاند: لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییەدا کۆمێنتێکم لەسەر وێنەیەکی خۆم کرد، ئەوە لێدوانێکی خراپ بوو، ئێستا تێدەگەم کە بووەتە هۆی توڕەیی زۆر کەس لە چین و لەنێو کۆمەڵگە چینییەکان لەسەر ئاستی جیهان.
ئاماژەی بەوەش کردووە، داوای لێبوردن لە هەر کەسێک دەکەم کە ڕەنگە بە قسەکانی من دڵتەنگ بووبێت؛ هەرگیز مەبەستم ئەوە و سووکایەتی نەبووە، ڕێزێکی قووڵم بۆ گەلی چین و مێژووەکەیان هەیە، و پەشیمانییشم لەوەی کردم.
جێی سەرنجە، بە هۆی ئەو کارەی ئمباپێوە، کەناڵی سی سی تی ڤی، پەخشی یارییەکانی لالیگای ڕاگرتووە- هەروەها هەر یارییەک کە ئمباپێی تێدابێت، هاوکات ئەو ڕیکلام و ڤیدیۆ کلیپانەی لابردووە کە یاریزانەکە تێیدا دەرکەوتووە.
هەروەها چەندین کۆمپانیای چینی کۆتاییهێنانیان بە هاوبەشییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئەستێرە فەرەنسییەکە ڕاگەیاند- لەنێویاندا کۆمپانیای خواردنەوە دۆنگپێنگ، بەرهەمهێنەری شیرەمەنی مێنگنۆ و کۆمپانیای بەرهەمهێنەری پەنیر میلکگروند- دوای ئەو مشتومڕەی کە بەهۆی لێدوانەکانییەوە سەبارەت بە وێنە تەنزئامێزەکە سەریان هەڵدا.
لای خۆیەوە تیباس بە ناوی لالیگا داوای لێبوردنی لە گەلی چین کرد و دووپاتی کردەوە کە خولەکە لەگەڵ هاوبەشەکانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کاردەکات بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە. هەروەها جەختی لە گرنگیی پاراستنی ئەو پەیوەندییانە کردەوە کە تۆپی پێی ئیسپانیا بە درێژایی ساڵان لەگەڵ چین دروستی کردووە.