رۆژنامەی ھەولێر

پزیشکێکی پسپۆڕ هۆکار و مەترسییەکانی بۆنی لووتی منداڵ ئاشکرا دەکات

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

هەناسەی منداڵ هەمیشە پاک و بێگەردە، بەڵام دەرکەوتنی هەر جۆرە بۆنێکی ناخۆش لە لووت یان هەناسەیاندا ئاماژەیەکی نائاساییە و دەکرێت نیشانەی کێشەیەکی تەندروستیی شاراوە بێت کە پێویستی بە بەدەنگەوەهاتنی بەپەلە هەیە. پسپۆڕانی بواری قورگ و لووت و گوێ هۆشداری دەدەن لەوەی ئەم دیاردەیە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پشتگوێ دەخرێت یاخود بە هەڵامەتێکی ئاسایی لێک دەدرێتەوە، لە کاتێکدا پشتگوێخستنی دەبێتە هۆی هەوکردنی تووند و لێکەوتەی مەترسیدار.

لەو بارەیەوە، د. ساڵح ئەحمەد تۆفیق، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی لووت و قورگ و گوێ، هۆکارە سەرەکییەکان و ڕێگاکانی چارەسەر دەخاتە ڕوو و ڕایدەگەیەنێت: “سەرەکیترین هۆکار کە دەبێتە هۆی دەرچوونی بۆنی ناخۆش لە لووتی منداڵ، بوونی تەنی نامۆ و بێگانەیە لە ناو بۆشایی لووتدا؛ وەک پارچە ئیسفەنج، کاغەز، پاقلەمەنییەکان، یان وردە یارییەکان. هۆکاری دووەمیش وشکبوونەوەی پەردەی ناوپۆشی لووت و هەوکردنی تووندی ڕژێنەکانە.”
د. ساڵح ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر میکانیزمی ڕوودانی ئەم حاڵەتانە دەدات و دەڵێت: “منداڵان بەهۆی کەمیی چاودێری یان لە کاتی یاری لەگەڵ هاوتەمەنەکانیاندا، پەنا دەبەنە بەر خستنەناوەوەی تەنەوردەکان بۆ ناو لووتیان؛ وەک موروو، قۆپچە، پیچی ورد، یاخود دەنکە نۆک و فاسۆلیا. مانەوەی ئەم شتانە لەناو لووت پاش چەند ڕۆژێک دەبێتە هۆی بۆگەنبوون و هەوکردنی شانەکانی ناوپۆشی لووت. نیشانەی هەرە باوی ئەم حاڵەتەش دەرچوونی دەردراو و چڵمێکی بۆگەنی تێکەڵ بە خوێنە، کە تەنها لە یەک کونەلووتەوە دێت لە کاتێکدا کونەکەی تر بە تەواوی خاوێن و ئاساییە.”
لە درێژەی قسەکانیدا، ئەو پزیشکە پسپۆڕە ئاماژە بە هۆکاری دووەم دەکات و دەڵێت: “هەندێک جار لووت هیچ دەردراوێکی لێ نایەت بەڵام بۆنێکی ناخۆشی هەیە، ئەمەش بەهۆی وشکبوونەوەی ناوپۆش و تێکچوونی ڕژێنە شێدارکەرەوەکانی لووتەوە ڕوودەدات. لەم دۆخەدا، تۆز و خۆڵ و ئەو پیسییانەی هەڵدەمژرێن لەسەر ڕووی وشکی ناو لووت کۆدەبنەوە و تووشی هەوکردن و بۆگەنبوون دەبن، بەوەش بۆنێکی ناخۆش دروست دەکەن.”
ڕێنمایی بۆ دایک و باوکان و خۆپاراستن: ١. پێویستە چاودێریی بەردەوامی منداڵ بکرێت لە کاتی یاری و خواردندا، بۆ ئەوەی ڕێگری لە خستنەناوەوەی تەنە نامۆکان بۆ ناو لووت بکرێت.
٢. ئەو یارییانە بۆ منداڵ هەڵبژێردرێن کە لە پارچەی زۆر ورد پێک نایەن و بە ئاسانی لێک نابنەوە.
٣. لە کاتی تێبینی کردنی دەردراوی ناخۆش و خوێناوی لە یەک کونەلووت، پێویستە دەستبەجێ سەردانی پزیشکی پسپۆڕی قورگ و لووت و گوێ بکرێت بۆ پشکنینی ناوەوەی لووت.
شێوازی چارەسەرکردنی تەنی نامۆ لە لووتدا:
پزیشکی پسپۆڕ بە بەکارهێنانی ئامێری ڕۆشنایی تایبەت یان ناوزوور (نازوور) بۆشایی لووت دەپشکنێت و بەپێی جۆری تەنەکە چارەسەری گونجاو دەگرێتە بەر:
• تەنە نەرمەکان (ئیسفەنج، کاغەز): بە مەلکەت (فۆرسێپس)ی تایبەت دەردەهێنرێن.
• تەنە ڕەقەکان (پاتریی کاتژمێر، موروو، قەزوان): قەدەغەیە بە مەلکەت دەربهێنرێن چوونکە ئەگەری هەیە پاڵ بنرێنە قووڵایی لووت؛ بۆیە لە ڕێگەی قولاپێکی کوڵ و تایبەتەوە بە وریایی دەردەهێنرێن.
ئەم کارانە لەلایەن پسپۆڕەوە بەبێ پێویستی بە سڕکردنی گشتی ئەنجام دەدرێن، و پاش دەرهێنانی تەنەکەش، نەخۆش پێویستی بە کۆرسێکی هەفتانەی دژەزیندەیی (ئەنتیبایۆتیک) دەبێت بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنەکە.
چارەسەرکردنی وشکبوونی ناو لووت:
ئەگەر سەرچاوەی بۆنەکە وشکبوونەوەی درێژخایەنی لووت بێت، پزیشکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە چارەسەرەکەی پێویستی بە بەردەوامی و ئارامگری هەیە و لە چەند هەنگاوێک پێک دێت: ١.شۆردنی بەردەوامی ناو لووت بە گیراوەی خوێواو (نۆڕماڵ سەلاین / NaCl) ڕۆژانە دوو بۆ سێ جار.
٢. چەورکردنی ناوپۆشی لووت بە قەترەی ڤیتامین A و D یاخود گلیسیرین بۆ گێڕانەوەی شێداری.
٣. بەکارهێنانی دەرمانی دژەزیندەیی (ئەنتیبایۆتیک) لە ژێر چاودێریی پزیشک بۆ نەهێشتنی هەوکردن.
٤. لەو حاڵەتانەی بە دەرمان باش نابن، دەکرێت پەنا بۆ نەشتەرگەریی تایبەت ببرێت؛ وەک داخستنی کاتیی کونێکی لووت بۆ چەند مانگێک تاوەکوو ناوپۆشەکەی چاک دەبێتەوە، پاشان کردنەوەی و دووبارەکردنەوەی هەمان پرۆسە بۆ کونەکەی تر، کە ئەمەش ئەنجامی باشی لە چارەسەرکردندا داوە.