رۆژنامەی ھەولێر

فۆرمی ئۆبجێکتی جووڵاو وەک ئامرازی بەرهەمهێنانی مەعریفە لە جیهانی منداڵدا

 

 

هونەری شانۆ وەک یەکێک لە دێرینترین دەرکەوتە فیکری و ئەستەتیکییەکانی مرۆڤایەتی، بە درێژایی مێژووی دوو هەزار و پێنج سەد ساڵەی خۆی، هەمیشە وەک ڕووبەرێکی زیندوو بۆ چێژبەخشین، تێفکرین و گەیاندنی بەها مرۆییەکان ناسراوە. لەناو ئەم پانتاییە بەرفراوانەدا، (شانۆی بووکەڵە) پێگەیەکی تایبەت و ڕەسەنی هەیە؛ سەرەڕای ئەوەی لە قۆناغە مێژووییە سەرەتاییەکانیدا زیاتر وەک فۆرمێکی سەربەخۆ بۆ تێفکرینی گەورەسالاران و ڕەخنەی کۆمەڵایەتی سەیر دەکرا، بەڵام لە سەردەمی مۆدێرندا پەرەسەندنی گەورەی بەخۆوە بینیوە و بووەتە نزیکترین و کاریگەرترین فۆرمی درامی بۆ جیهانی منداڵان. شاره‌زایان و تیۆریستانی بوارەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە منداڵ بەهۆی سروشتی یارییەکانی لەگەڵ بووکەڵەداو کارکردنی هزرو ئەندێشەی خۆی لەو پرۆسەیەدا، خێراترین پردی پەیوەندی لەگەڵ ئەم هونەرەدا دروست دەکات، بە جۆرێک کە مامۆستایان و راهێنەرانی شانۆ لە باخچەکان و ناوەندە پەروەردەیییەکاندا وەک هۆکارێکی بنەڕەتی بۆ راهێنانی خەیاڵ، جەستە، دەنگ و گەشەپێدانی هەستەکان لێی دەڕوانن.
لە پاشخانی مێژوویشدا، ڕەگەکانی شانۆی بووکەڵە دەگەڕێنەوە بۆ پەرستگا کۆنەکانی میسر، هیندستان و چین.و گریک لە کۆمەڵگە دێرینەکاندا، بووکەڵە تەنیا ئامرازێکی یاری یان کات پێ بەسەربردن نەبووە، بەڵکو فۆرمێکی ئایینی و ئەفسوناوی بووە بۆ بەرجەستەکردنی هێزە مێتافیزیکییەکان، ڕۆحەکان و خواوەندەکان.
بە تێپەڕبوونی سەدەکان و لە سەردەمی پەرەسەندنی شارستانییەتەکاندا، ئەم فۆرمە گۆڕا بۆ سەکۆیەکی ئازاد بۆ تەنز، ڕەخنەی سیاسی و گەیاندنی بەها مرۆییەکان. لە سەدەی بیستەم و بیست و یەکەمدا، لەگەڵ پێشکەوتنی تیۆرییەکانی پەروەردە و دەروونناسی منداڵ، شانۆی بووکەڵە وەک ئامرازێکی کاریگەر لە پرۆسەی فێرکردن و گەشەپێدانی مەعریفی و دەروونی زارۆکدا ناسرا.
تێگەیشتن لە چەمکی (ئۆبجێکتی جووڵاو- (Animated Object لە جیهانی شانۆی بووکەڵەدا، دەربڕینی تێپەڕاندنی بێگیانی ماددەیە بۆ پانتاییەکی پڕ لە مانا و زیندوێتی. ئۆبجێکت لە چوارچێوەی شانۆییدا بریتییە لە شت، تەنێکی بێگیان، یان کەرەستەیەکی ماددی بەهێز کە پێش وەگەڕخستنی، هیچ ئاگایی و جووڵەیەکی سەربەخۆی نییە. بەڵام کاتێک هونەرمەند لە ڕێگەی دەست، ڕووناکی، یان تەکنیکەکانی ئەداء گیانی بەبەردا دەکات و دەیکاتە (ئۆبجێکتی جووڵێنراو)، ئیدی ئەو کەرەستە سادەیە لە ئامرازێکی بێدەنگەوە دەگۆڕێت بۆ بەرکەوتەیەکی مەعریفی و سیمیۆلۆژیی کارا.
لە جیهانی زارۆکدا، ئۆبجێکتی جووڵاو رۆڵێکی ئاوێتە و بنەڕەتی لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی مەعریفەدا دەگێڕێت. منداڵ بە سروشتی دەروونی خۆی توانایەکی سەرسوڕهێنەری هەیە لە بەکارخستنی خەیاڵ و سۆز بۆ سەر بووکەڵە و شتە بێگیانەکان، کاتێک ئۆبجێکتێک لەسەر تەختەی شانۆ بە جووڵە و دەنگ دەڕازێنرێتەوە، دەبێتە پردێکی بێمەترسی بۆ گواستنەوەی چەمکە ئاڵۆزەکانی ژیان، بەها ئەخلاقییەکان و زانیارییە زمانەوانییەکان.
لێرەدا، بووکەڵە وەک ئامرازێکی مەعریفی (Knowledge Production Tool) کار دەکات؛ چونکە ڕێگە بە منداڵ دەدات لە ڕێگەی تێبینیکردن و بەشداریکردنی سۆزدارییەوە، زەینی خۆی بۆ بیرکردنەوەی گریمانەیی و بەهێزکردنی خەیاڵی داهێنەرانە و دەستنیشانکردنی جیهانی دەوروبەری ببات. بەم جۆرە، ئۆبجێکتی جووڵێنراو سنوورەکانی واقیع دەبەزێنێت و پرۆسەی فێربوون لە فۆرمێکی سەختی دیسپلینییەوە دەگۆڕێت بۆ ئەزموونێکی زیندووی پەروەردەیی و ئەستەتیکی.
ئامادەکردن و نمایشکردنی شانۆی بووکەڵە پێویستی بە نەخشەسازیی ورد، زانیاریی تەکنیکی و، تێگەیشتن لە سروشتی هەر فۆرمێکی تایبەت هەیە. دەرهێنەر (ڕاهێنەر) دەبێت پێش دەستپێکردنی پڕۆژەکە جۆری بووکەڵەکەو کەرەستەی دروستکردن و شێوازی جووڵاندن و پەیوەندی نێوان دەنگ و جەستەی بووکەڵەکان دیاری بکات . شانۆی بووکەڵە پشت بە چەندین فۆرم و شێوازی تەکنیکی دەبەستێت کە هەر یەکەیان تایبەتمەندیی هونەریی خۆی هەیە وەک:
• بووکەڵەی دەستەوانە : لە ڕووی تەکنیکییەوە ساناترین و بەربڵاوترین شێوازە؛ بووکەڵەکە لە قوماش، چەرم، یان مادەی سووک دروست دەکرێت، بە جۆرێک کە سەری بووکەڵەکە لەسەر پەنجەی نیشانە یان پەنجە گەورەی دەست جێگیر دەبێت و لە پشت سەکۆیەکی بچووکەوە نمایش دەکرێت کە دەستەکانی ئەکتەر بەرزتربن لە ئاستی نیگای بینەرەوە.
• مارێۆنێت (بووکەڵەی تەل): بووکەڵەی تەواوی جەستەییە و یەکێکە لە ئاڵۆزترین جۆرەکان، کە تێیدا بووکەڵەکە بە ڕێگەی تەل و دەزولەی وردەوە بە دەستگایەکی دارین لە سەرەوە دەبەسترێتەوە و پێویستی بە ڕاهێنانی قووڵی جەسەتی هەیە بۆ ئەوەی جووڵەی بووکەڵەکە لە رۆشتن یان ئاخاوتن یان فڕین بە فۆرمێکی سروشتی دەرکەوێت.
• شانۆی خەیاڵی سیبەر: پشتیوانی بە خستنەڕووی سێبەر لەسەررووبەرێک یان پەردەیەکی سپی دەبەستێت کە بەهۆی رووناکییەکی ئاراستەکراوەوە کەسایەتییەکان بەرجەستە دەکات .
• بووکەڵەی دار : لە خوارەوە یان پشتەوە بە دارێک ڕاگیراوە و جووڵەی هێمن و جێگیر پێشکەش دەکات.
• بووکەڵە زەبەلاحەکان یان دەمامکەکان: ئەکتەر خۆی دەبێتە بووکەڵە یان دەمامکێکی گەورە لەبەر دەکات، کە زۆر جار لە فێستیڤاڵە کراوەکاندا بەکاردێت.
بە هەموو ئەم پێکهاتانەوە، شانۆی بووکەڵە تەنیا کایەیەکی نمایشکاریی و پێرفۆرمانسی نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە زانستی پەروەردەیی و هونەریی جۆراوجۆر کە نەوەیەکی خاوەن خەیاڵی فراوان و هۆشیاریی دەروونی دروست دەکات.
شانۆی بووکەڵە کاریگەرییەکی قووڵ و فرەچەشنی لەسەر پێکهاتەی دەروونی منداڵ هەیە. منداڵ لە قۆناغەکانی سەرەتایی تەمەنیدا ناتوانێت هەستە ئاڵۆزەکانی، ترسەکانی، یان توندوتیژییە شاراوەکانی بە زمانێکی ڕوون دەرببڕێت؛ کاتێک سەیری شانۆی بووکەڵە دەکات یان خۆی یاری بە بووکەڵە دەکات، هەستەکانی دەگوازێتەوە سەر بووکەڵەکە و بووکەڵە دەبێتە (کەسێکی سێیەم) کە منداڵ دەتوانێت بێ ترس نهێنی و تووڕەیی یان غەمگینی خۆی پێ ببەخشێت، ئەمەش دەبێتە هۆی پاکژبوونەوەی دەروونی و کەمکردنەوەی فشارە سایکۆلۆژیەکان.
لە ناوەندە کلینیکی و پەروەردەیییە پیشەگەرەکاندا، شانۆی بووکەڵە وەک ڕێبازێکی چارەسەرکاری بۆ منداڵانی تووشبوو لە تراوما و دڵەڕاوکێ بەکاردێت، چونکە منداڵ لە ڕێگەی دروستکردنی کارەکتەری بووکەڵەوە، توانای زاڵبوونی بەسەر ترسەکانیدا پەیدا دەکات. هاوکات بینینی نمایشێکی بووکەڵە کە تێیدا کارەکتەرێک تووشی زوڵم یان کێشەیەک دەبێت، هەستی هاوسۆزی لەلای منداڵ گەشە پێ دەدات و فێری چۆنیەتی ڕەفتارکردن لەگەڵ ئەویتر دەکات.
لە ئاستێکی فراوانتردا، شانۆی بووکەڵە تەنیا کایەیەکی سۆزداری نییە، بەڵکو دامەزراوەیەکی مەعریفییە کە بە شێوازێکی زانستی پرۆسەی فێربوون ئاراستە دەکات، لە کاتی بینینی نمایشدا منداڵ ڕووبەڕووی کۆمەڵێک وشەو ڕستەسازیی نوێ و گوزارشتی ئەدەبی دەبێتەوە کە فەرهەنگی زمانەوانیی فراوان دەکەن. هاوکات، لەبەر ئەوەی شانۆی بووکەڵە جیهانێکی گریمانەیی پێشکەش دەکات کە تێیدا دار دەتوانێت قسە بکات و یاساکانی فیزیک بشکێنرێن، سیستەمی بیرکردنەوەی ڕەمزی لە مێشکی منداڵدا چالاک دەکات، کە ئەمەش بنەمای سەرەکییە بۆ داهێنانی زانستی و هونەریی.
هەروەها ئەم هونەرە باشترین ئامرازە بۆ گەیاندنی بەهاکانی هاوکاری، دادپەروەری، ڕاستگۆیی، ژینگەپارێزی و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان، و بەهێزکردنی ناوەندی سەرنج و یادگەی کارا لە ڕێگەی ڕەنگەکان، دەنگەکان و جووڵەی خێرای دیمەنەکانەوە.
شانۆی بووکەڵە لە سیستەمی فیکری و پەروەردەیی هاوچەرخدا، وەک پردێکی پتەو لە نێوان هونەر، پەروەردە و دەروونناسیادا دەردەکەوێت. ئەم هونەرە سیستمێکی مەعریفی سەراپاگیرە کە لە ڕێگەی ئامادەکاریی تەکنیکی و تێگەیشتن لە لێکەوتە سایکۆلۆژییەکان ؛ توانای ئەوەی هەیە هزری منداڵ گەشە پێ بدات، هەستەکانی پاراوتر بکات و جیهانێکی پڕ لە هێما و بەها و داهێنانی بۆ بونیاد بنێت.
گرنگیدان بە شانۆی بووکەڵە لە باخچەی ساوایان، قوتابخانەکان و کایە گشتییە کەلتووریەکانی نێو گۆمەڵگادا، وەبەرهێنانێکی ڕاستەقینەیە لە دروستکردنی نەوەیەکی خاوەن خەیاڵی فراوان و هۆشیاریی دەروونی بەرز و توانای شیکارکردنی ئاڵۆزییەکانی جیهانی داهاتوو، بەو ئومێدەی کە بایەخێکی زیاتری پێ بدرێت لەناوەندە هونەرییەکان و بەتایبەتی لەنێودامەزراوە پەروەردەییەکانی کوردستاندا.

سەرچاوەکان:
1- مسرح الطفل | أبو الحسن سلام ، دار الوفاء- الاسكندرية ،الطبعة الاولى 2004
2- مسرح الملائكة | فاضل الكعبي ،دار الثقافةوالاعلام- الشارقة ، الطبعة الاولى 2009
3- عرائس المسر‌ح ‏| عزیز یوسف ، کلیة ریاض الاطفال-جامعة الاسکندریة2009
4- العرائس |مۆریس چاندۆرف ،دار المعارف -مصر الطبعة الاولى 1969