ماکوان عێزەت – هەولێر
هاوکات لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و دابەزینی پلەکانی گەرما، شەپۆلی هەوکردنە ڤایرۆسییەکانی کۆئەندامی هەناسە بەرەو هەڵکشان دەچن. لە کاتێکدا زۆرینەی خەڵک سەرجەم نیشانەکان بە “هەڵامەتێکی ئاسایی” ناوزەند دەکەن، پزیشکانی پسپۆڕ هۆشداری دەدەن لەوەی ئینفلەوەنزا پەتایەکی جیاواز و زۆر تووندترە، کە پشتگوێخستنی دەکرێت لێکەوتەی مەترسیدار و نەخوازراوی بۆ سەر ژیانی بەشێک لە هاووڵاتییان لێ بکەوێتەوە.
لەو بارەیەوە، د. هێرش قادر دەربەندی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو، دڵ، سنگ، شەکرە، بەرزیی پەستانی خوێن و غودە، ڕوونکردنەوە لەسەر سرووشتی پەتا وەرزییەکان دەدات و ڕایدەگەیەنێت: “لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی پایز و زستان، ڕێژەی تووشبوون بە هەوکردنی ڕێڕەوی هەناسە بەهۆی کۆمەڵێک ڤایرۆسی جۆراوجۆرەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات؛ لەوانە هەڵامەت و پەسیویەکی سادە تا دەگاتە ئینفلەوەنزای توند. دەبێت هاووڵاتییان هۆشیار بن لەوەی ئینفلەوەنزا لە هەڵامەت تووندترە و جۆری ڤایرۆسەکەشی بە تەواوی جیاوازە.”
د. هێرش قادر ئاماژە بەوەش دەکات کە ڤایرۆسی ئینفلەوەنزا یەکێکە لە ڤایرۆسە هەرە باوەکانی ئەم وەرزە، و ئاستی توندیی نیشانەکانیشی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت. ناوبراو دەڵێت: “زۆربەی تووشبووان دەتوانن بە ڕاوێژی پزیشک، پەیڕەوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و وەرگرتنی چارەسەری پێویست بە سەلامەتی چاک ببنەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا، دەکرێت پەتایەکە لە هەندێک کەسدا زۆر توند و ئاڵۆز بێت؛ بەتایبەت لە بەساڵاچووان و تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان، کە زۆرجار ڕەوشەکە پێویست بە خەواندن لە نەخۆشخانە دەکات و ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت، ئەگەری گیانلەدەستدانیش زیاد دەکات.”
بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئاستی تووشبوون و پاراستنی چینە مەترسیدارەکان، پسپۆڕان جەخت لە گرنگیی بەرزکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی و کوتانی وەرزی دەکەنەوە.
ئەو کەسانەی لە پێشینەی وەرگرتنی ڤاکسینەکەن:
١. کەسانی سەروو تەمەن ٦٥ ساڵ.
٢. کەسانی تەمەن ١٨ بۆ ٦٤ ساڵ کە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە (وەک: نەخۆشییەکانی سی، پەککەوتنی دڵ، جگەر، گورچیلە، شەکرە، یان کەمیی بەرگری بەهۆی شێرپەنجەوە).
٣. خانمانی دووگیان (پێویستە جۆری ڤاکسینی ناچالاککراو وەربگرن).
٤. ئەو کەسانەی لە خانەکانی بەساڵاچوواندا دەژین.
٥. ئەو کەسە لەشساغانەی بەرپرسیارن لە خزمەتکردن و چاودێریکردنی بەساڵاچووان.
٦. ئەو کەسانەی لەگەڵ نەخۆشێکی تووشبوو بە کەمیی بەرگریی جەستەدا لە یەک ماڵدا دەژین.
کاتی گونجاو و کاریگەرییە لاوەکییەکان:
بە وتەی شارەزایانی تەندروستی، ئێستا گونجاوترین کاتە بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی ئینفلەوەنزا، و دەرفەتەکە تا کۆتایی مانگی ١١ بە کراوەیی دەمێنێتەوە، بەڵام جەخت لەوە دەکرێتەوە پێش وەرگرتنی ڤاکسین ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت.
شایەنی باسە دوای کوتان، جەستە پێویستی بە دوو هەفتە دەبێت بۆ دروستکردنی بەرگریی تەواو دژ بە ڤایرۆسەکە. وەرگرتنی ڤاکسینەکەش دەکرێت هەندێک کاریگەریی لاوەکیی سووکی کاتیی لێ بکەوێتەوە، لەوانە:
• ئازارێکی کەم و سووربوونەوە لە شوێنی دەرزییەکە.
• بەرزبوونەوەی کاتیی پلەی گەرمیی لەش.
• هەستکردن بە بێهێزی و ماندوێتییەکی کەم.
جێی ئاماژەیە، لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە هەڵمەتی وەرگرتنی ڤاکسینی ئینفلەوەنزا بە فەرمی دەستی پێکردووە، و هاووڵاتییان دەتوانن بە مەبەستی خۆپاراستن لە مەترسییەکانی پەتاکە، سەردانی بنکە تەندروستییە حکوومییەکان بکەن بۆ وەرگرتنی پشکەکانیان.

