رۆژنامەی ھەولێر

مامۆستا و رەنگدانەوەی ڕەفتار و زانست لەناوەندەكانی خوێندندا…

بۆكان عیزەددین
مامۆستا رۆڵێكی گەورەو كاریگەری هەیە لە بونیاتنانی كەسایەتی قوتابی و رام و گۆشكردنیان بۆ داهاتوویەك كە ببنە مایەی سەرنج و تێڕامان و دروستكردنی كۆمەڵگایەك هەمووان شانازی پێوە بكەن.
ئەگەر بۆ رابردوو بگەڕێینەوە هێشتا تەمەنم بچووك بوو كاتێ لە گۆڕەپانی قوتابخانە ریز دەكراین بەتایبەت لە بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان و كاتێكیش دەنگ و سەدای سروودە نیشتمانیەكانی وەك (خوایە وەتەن ئاواكەی چەند لگیرو شیرینە) و (ئەی ڕەقیب) و (ئەی شەهیدان) بەئاسمانی ئەو دەوروبەرە بڵاو دەبۆوە، سەرەڕای ئەو تەمەنە كورتەی هەمانبوو، وەلێ ئەو سروودانە هەستێكی قووڵ و جوانی پێ دەبەخشین و ڕووح و دەروونی دەتەنین كە هەندێ جار فرمێسك بەچاوانمان فوارەی دەبەست وەك هێمایە بۆ خۆشەویستی خاك و نیشتمان.
لەو رۆژانەوە تا بەئەمڕۆ دەگات وەك مامۆستایەك فێری ئەوە بووم چۆن دڵخۆش بووم بەو هەستە ناسكانە، هەمان هەست و ئەو خۆشەویستیە بۆ نەوەكانم بگوازمەوە كە قسەكانم تەنها ڕووتەنێ وشەی سەر زار نەبن و بەكردار ئەو جۆش و خرۆشە ئاڕاستەی قوتابیان بكەم.
هەڵبەتە لەجیهانی ئەمڕۆی عەولەمەو تەكنەلۆژیادا ڕەنگە ئەو تێگەیشتنە بۆ كەسی بەرامبەر واتە قوتابیان پێویستی بەئاڕاستەكردنێكی بەهێز هەیە تا ئەو هەست و نەستەیان لەناخدا بڕوێنین و كەسایەتیەكیان لێ بەرهەم بێنین كە بۆ داهاتوو ببنە مایە شانازی و سەربەرزی و ڕەفتاری راستەقینە لەچەند خاڵگەڵێك بەرجەستە دەبێ و لەگرنگترینیان:
*هەوڵ و تەقەڵا و تێكۆشان لەخوێندن: ئەوەش لەوەدا ڕەنگ دەداتەوە قوتابی كە بەبایەخەوە ڕووی كردە خوێندن، دەبێتە قوتابیەكی زیرەك، كەسی زیرەك رێزلێگیراوەو ئەویش درك بەو هەقیقەتە دەكات كە دەبێ وڵاتەكەی خۆش بوێ و ئەوەی لەتوانایدایە خزمەت بە گەلەكەی بكات.
**پاراستنی ژینگە: ئەوەش لەو روانگەوە دەردەكەوێ كاتێ گۆلێك لەقوتابخانە دەچێنین و قوتابخانەو گەڕەك و كۆلان و شارەكەمان پاك ڕاگرت، شتمان فڕی نەدا، نمونەیەكی جوان نیشانی ئەوانە دەدەین كە دێنە هەرێمەكان و كە دەبینن هەرێمەكەمان پاك و خاوێنە، بەبایەخەوە بۆی دەڕوانن و گەورەیی ئەم وڵاتە بەرز دەنرخێنن.
*یارمەتیدانی هاوڕێ و هاوەڵانمان: ئەمەیش لەوەدا بەدی دەكرێ ببینە كەسێكی میهرەبان و رێز لەهاورێكانمان بگرین، ئەو هەنگاوە پێمان دەڵێ: وڵاتێكی ئارام لە ئارامی خەڵكەكە ڕەنگ دەداتەوە.
لێرەوە منیش ئەوە رادەگەیەنم وەك چۆن مامۆستاكانمان ئەو هەستەیان لەدڵ و دەروون دەچاندین، لەم رۆژگارەدا ئێمەیش كە بوینەتە مامۆستا بەهەمان روحیەتەوە ئەو پەیامە بەنەوەكانی ئێستا دەگەیەنین.