شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی
شاعیری بەسەلیقەو خودان ئەزموون، قەڵەمێكی بە بڕشت،توانسێكی هەست ناسك مامۆستا (سەلما تۆما) لەو ماوانەی رابردوو، یەكەم نۆبەرەی خۆی بەناونیشانی (سۆراخ) لەدووتوێی128 لاپەڕەو بەتیراژی 500 دانە چاپ و بڵاوكردەوە.
شاعیر بەزمانێكی سادەو ساكار، بەتێڕوانینێكی ژیربێژانەو وشەو وێنای دنیابینی جوانەوە،تابلۆی ئەرخەوانی بەبەرگی شیعرەكانی كردووە، سەرنجی خوێنەر بەرەو خۆی پەلكێش دەكات كە تا دوا پەڕە چاوی لەسەر هەڵنەگرێ كە بەبۆچوونی من زۆرێ لە شیعرەكانی حەوجە بەوەن لەلایەن هونەرمەندانەوە بكرێن بە گۆرانی چونكە ریتم و ئیقاع و گوێی مۆسیقی لە دێڕەكاندا بەجۆرێ بەرجەستە بووە هەمووان تێی دەگەن، هەمووان گوێی بۆ شل دەكەن.
ئەگەر گوزەرێكی خێرا بەنێو ئەو بەرهەمەی مامۆستا سەلما تۆما كاكۆ بكەین، سەرەتا دەرگای شیعرەكانی بەژان و ئازاری غوربەت و پەتا ئۆتیزمەكەی (لابان) ی رۆڵەكەی كردۆتەوە كە سەرەڕای ماندووبون بەدیارییەوە، كەچی نائومێد نابێ لە خزمەتكردن و گۆشكردنی،ئەوەتا ئەو هەستەی دەردەبڕێ و دەڵێت:
(تا زەردەخەنەكەت مابێ __ نائومێدی لە فەرهەنگی __ ژینی مندا بوونی نابێت __ هەر چاوەڕێم ئێوارەبێ __ لەگەڵ ئاوابوونی خۆرا __ خۆری خەمم لێ ئاوابێت).
كاتێك بەحەزو تامەزرۆوە باس لە گەورەیی (نیشتمان) دەكات، دەڵێت:
(كۆچمان كرد، بەبێ نیشتمان __ خەم بوو بەتوێشووی گشتمان __ خەم و دووری خاك و ئەوین __ دوور لەخەندەی سەر لێوی ژین __ خەندە بۆ مەكۆی ئازادی __ گەیشتن بەلوتكەی شادی __ ئازادی بۆ گەل و وڵات __ هەڵاتنی خۆری خەبات __ خەبات بۆ نیشتمانی دڵ __ خەندە بخاتە لێوی گوڵ).
مامۆستا سەلما حەز بەكاتژمێر ناكات چونكە تەمەنی خۆی لەبەرێكردنی كات بەسەر بردووەو كات دێ و لەتەمەنی دەكوژێ، بۆیە نایەوێ گوێبیستی كات ببێ و كاتی خۆش ناوێ:
(هەرگیز كاتژمێرم خۆش ناوێ __ چونكە تەمەنم دەژمێرێ __ ژیانم لەتەك خۆیدا دەبا و __ بەپەیكی مەرگم دەسپێرێ! __ لەوەتی هەم __ مژدەی خۆشیم لەكاتژمێرێك __ نەبیستووە!__هەر بۆیەشە __ بۆ جارێكیش __ كاتژمێرم خۆش نەویستووە!؟).
شاعیر هەر بەوە ناوەستێ، لەشیعری (نەورۆز)بۆ یادی (نەورۆز) خۆشی دەردەبڕێ و بەجۆش و خرۆشەوە دەڵێت:
(نەورۆزبێ. __ وەك نەورۆزی ساڵانی زوو __ داستانی كاوەو زوحاكمان __ بەبیر بێنێ! __ بەچەكووشی یەكڕیزی بوون __ بۆ سەربەستی و ئازادی و نان __ سەری زۆردار بپەڕێنێ__نەورۆزبێ. __ لەتۆڵەی خوێنی شەهیدان __ هەروەك جاران __ خەونی ئاڵاو دەوڵەتی كورد__گەنج و لاوان لەكەلەپچەو __ لەسێدارە نەترسێنێ! __ نەورۆزبێ).
شاعیر وەك ئاشقێكی سەرسەختی خۆشەویستەكەی، پانتاییەكی گەورەی لەو كتێبە تەرخان كردووە، لە شیعری(لەدووری تۆ ئۆقرە ناگرم) بەیانی حاڵی خۆی بۆ مەعشوقەكەی دەردەبڕێ:
(ئازیزەكەم __ لێم مەبە بەخۆری رۆژی باراناوی __ لەپەنا پەڵە هەورەكان __ خۆت حەشاردەی __ لەگەڵ هاتنی ئێوارە ئاوا بیت و __ ماڵ ئاواییشم لێ نەكەی __ ئەی نازانی؟ __ وەك جاران نیم __ بەرگەی دیارنەمانت __ بگرم __ هەتا دوارۆژ هەڵدێیتەوە __ هەناسەم لێ دەبڕێت و __ ئۆقرە ناگرم).
لە (بەستەی عەشق) پەردە لەسەر عەشقەكەی لادەداو دەڵێت:
(قەت بۆ عەشق نەگریاوم __ لەشەوانی تەنیاییشدا __ خەو بۆی نەزڕاوە لەچاوم __ درۆیە بڵێم: __ عاشق نەبووم، نەوێراوم).
هەندێ جار پەنا دەباتە بەر تەنیایی و لەشیعری (تەنیایی)دا خەمەكانی بەبا دەكات:
(هێندە تەنیام وەك درەختی پاییزان __ كەلەبچەم من، بەدەست فیراق و هیجران __ یەخسیری حوكمی ناڕەوای خەزانم __ لەجیاتی خەم، خۆشی لێ هەڵوەرانم __ درەختێك نیم، بێباك، لەگەڵا رێزان __ بەهاران دەركەوم، جوانتر لە جاران).
كاتێكیش غوربەت ئاوێزانی ناخ و دەروونی دەبێ، هەستی دووری دەیهەژێنێ:
(ئێستا من لێرەم __ لێرە..لەگەڵ میوانێكی، __ بێ موبالاتی بەردەوام و __ كوڕێكی پاییزیی و. __ دوو كچی دڵكەسكی بەهاریی! __ لێرەم لەگەڵ __ رۆحی سپی فریشتەیی __ شیعری ژنێكی خۆشناوەتی! __ لێرەم. هەر لێرەوەش __ سەر ئەكەم بەماڵی غوربەتتدا __ ئەو ماڵەی، __ ژیان لە غەریبییدا دەچنێتەوە! __ چركە بەچركە بۆگەڕانەوە دەژمێرێ و __ رۆژ لە تەمەن و __ مانگ لە چاوەڕوانیدا متوربە دەكا).
لە شیعری (گریانی من و مێژوو) ئەو هەستەی زیاتر قووڵ دەكاتەوە:
(نازانم __ خۆم هەر بەپیری __ لەدایكبووم یان __ غوربەت پیری كردم و. __ خۆر لەئاسۆی دڵی مندا ئاوا بوو __ ژیانیش لەمندا ژان گرتی و __ خەم لەدایك بوو).
شاعیر وەك هەر كەسێكی ئاسایی خۆزگەی خۆی هەیە، خۆزگەی جوانیەك كە تەنها خۆشەویستەكەی جوانی ئەوی ببینیایە، ئەوەتا بەحەسرەتەوە دەڵێت:
(بۆ جارێكیش خۆزگەم __ نەبووە، __ لەجوانیی وەك گوڵ بوومایە! __ لەدوورەوە.. __ چاو شەیدای جوانیم بوایە! __ لەناسكی وەك __ پەپوولە __ بۆشیعرێكی جوان پێنووس و __ بۆ شاعیرانیش ئیلهام و __ كتێبی سووری دڵ بوومایە! __ سەدخۆزگە __ دیوانێك شیعری لاسارو __ رۆمانێكی هەزار لاپەڕەی سەركێش بام __ بەبیانووی خوێندنەوەیان.. __ لەوڵاتی دەستەكانتا داسەكنایە! __ سەرت بەسەر داگرتباو __ چاوەكانت لەو زیاتر __ هیچ جوانێكی نەدیبایە! ).
مامۆستا سەلما حەزێكی زۆری بۆ شیعر هەیەو ئاوێتەی ئەو جیهانە بووە، لە (ناڵەی كاغەز)كاتێك بیر دەكاتەوە، دەیەوێ بیرەوەری و یادەوەری و شتێك بنووسێ،شیعرێك بهوێنێتەوە، فرمێسك بەر بەنووسینەكانی دەگرن، بەڵام لە نووسینەوەی ناكەوێ:
(هەموو شەوێ لە خەیاڵم __ یادەكانم دەنووسییەوە. __ هەر كە دێڕێك تەواو دەبوو. __ گوێم لەناڵەی كاغەز دەبوو. __ هەر زوو بە زوو __ نووسینەكانم تێكەڵ دەبوون! __ لەیەكەم دێڕ تا كۆتایی __ بەفرمێسكی چاو تەڕ دەبوون).
شەقڵاوەئەو شارە دڵگیرو دڵرفێنەی بەشێكی زۆری تەمەنی تێدا بەسەر بردوەو یادگاری زۆری لەو شارە بەجێ هێشتووەو لێی دوورە، بەڵام بەرۆح هەر لەو شوێنە ژیان دەكا، ئەوەتا لە شیعری (سۆزێك بۆ شەقڵاوە) دەڵێت:
(ئێستا لێت دوورم. __ تاڵەكانی قژم وەك بەفری سەفینت سپی بوونەو __ بێ تۆیی تەنگی پێ هەڵچنیوم! __ شیعریش خەریكە دەستكاریم دەكا، __ بەم هەموو قورسایی ژیانەوە __ هێشتا دڵم لاتە. __ ئەی نیشتمانی من، ئەی ناسنامەی من! __ ش،ە،ق،ڵ،ا،و،ە،ك،ە،م __ غوربەت..__ جۆرێكە لەنامۆبوون، خەریكە رۆحم هەڵدەلووشێ خەم! __ وەك كەسێكی ئاڵوودە بوو،__كە ژیانی خۆی وێران كرد __ تا بەئارامی مژێ دووكەڵ هەڵمژێ __ بێ ئاگا لەوەی دووكەڵ دەیكا بە با __ دەیكا بە تەم).
شاعیر دایكی بەنموونەی دارچنارو داربەڕوو و رۆشنایی شەوەزەنگ و شیعر وەسف دەكات،ئەوەتا لەشیعری (سۆزێك بۆ دایكم) بۆ كۆچی دوایی دەنووسێ:
(دایە..باڵات..__ وەك چنارەكانی شەكرەشاری __ بناری سەفین بوو، __ لەپەنایدا دادڵدەت دەداین __ خۆڕاگریت __ لە پیرە داربەڕووەكانی __ جارانی سەربەن دەچوو __ كڵپەو قرچەی سووتانی جەرگیشت __ ئازاری سووتانی گزنگ و __ ئەنفالی داربەڕووەكانی نیشتمان بوو! ____ دایە __ تۆ لەشیعر دەچووی! __ ئەو ساتانەی __ كە بێدەنگی ناختی دەپێكا __ هەزاران چیڕۆك __ بەڕۆحتا گوزەریان دەكردو __ مانگ لەشەودا __ پڕشنگی رووناكی __ بۆ تاریكی و ڕوونی رۆژ كۆ دەكردەوە __ دایە..تا مابووی __ سەرقاڵی كردنەوەی __ گرێ كوێرەی پریاسكەی ژیان و __ تەقەڵی..__ برینەكانی تەمەنمان بووی،__ ژیان چەند جوان لەنێو تۆدا توایەوە __ ئێستا مەرگی تۆ __ هەنگاوەبەرینەكانی ئازایەتی شل كردووم، __ زمانی نووسینی لاڵ كردووم __ هەرچەند دەكەم __ جوانیەكانی تۆم بۆ نانوسرێتەوە).
جێی ئاماژەپێدانبێ، سەلما تۆما كاكۆی شاعیر بەسێ زمان(سۆرانی و عەرەبی و سریانی) شیعر و پەخشان دەنووسێ و شیعرەكانی شایەنی خوێندنەوەن.
لەكۆتایی وێڕای دەستخۆشیم، هیوای سەركەوتن و بەردەوامی و بەرهەمی بەپێزو پوختتری بۆ دەخوازم.

