رۆژنامەی ھەولێر

نەخشی بیرەوەرییەکانم… دلاوەر قەرەداغی

یاسین قادر بەرزنجی
بەئەرز گەرمم
دڵم بە وشە دەگەڕێ
ئەرکی من چنینی هەور
ڕستنی باران
داتاشینی پەیکەرە
لە تەم
من بەرپرسیارم
لە گرتنەوەی
ئەکسیری وشە
بۆ دڵدانەوەی نەهەنگ و
بۆتەسەللادانەوەی
مرۆڤ و مێژوو
دلاوەر قەرەداغی
نووسەرو شاعیرووەرگێر کاک دلاوەر قەرەداغی تا ئێستا ٦٠ کتێبی چاپ و بڵاوکردووەتەوە، ژمارەیەک لە شیعرەکانی بۆ زمانەکانی عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی و فەڕەنسی وەرگێڕراون، دلاوەر یەکێکە لەو شاعیرانەی نزیکەی ٣٠ ساڵ دەبێت بووەتە ناوێکی دیار لە ناوەندی ئەدەبیاتی کوردیدا، ئەزموونە شیعرییەکانی سەر بە شاعیرانی نەوەی یەکەمی دوای راپەڕینە .
قۆناغەکانی خوێندنی لە سلێمانی تەواو کردووەو نزیکیی لە شانۆوە وای کردووە بچێتە بەغداو لە بەشی شانۆی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان بخوێنێ و لە ١٩٨٦دا تەواوی بکات.
لە سەرەتای دەیەی هەشتاوە وتارو بابەتی وەرگێڕراوی لە گۆڤارو ڕۆژنامەکانی ئەو کاتەدا بڵاوکردووەتەوە، یەکەم کۆمەڵە شیعری بە ناوی (پەیکەرێک لە باران) لە ١٩٩٣دا چاپ کردووە، تا ئێستا یازدە کۆمەڵە شیعری هەیە لەوانەش :
(تەیرەکانی ئیسماعیل، مەلەک ڕێحان، گەڕەکی شاعیران، جادەی مێخەک)ن.
شیعرێکی بەناوی(منداڵێک کە لەوێ گەڕایەوە وای گوت) کە لە بارەی کارەساتی ئەنفالەوەیەو د.چۆمان هەردی کردوویە بە ئینگلیزی خراوەتە پڕۆگرامی خوێندنی پۆلی دوازدە لە هەرێمی ڤیکتۆریای ئوسترالیا، هەروەها شیعری (شەڕو ئاشتی)ی ئەم شاعیرە خراوەتە پڕۆگرامی پۆلی شەشەمی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان.
پەیکەرسازی بەنێوبانگی ئەمریکی (دانیێل لیکسیند) بیرۆکەی لە شیعرێکییەوە وەرگرتووە بۆ نەخشەسازیی مۆزەخانەی کوردستان.
لە دامەزرێنەران و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (سەراب بووە) کە ٤ ژمارەی لێ دەرچووە.
ساڵی ٢٠٢٣ میدالیای زێڕینی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمی وەرگرتووە،چەندین کتێبی ڕۆمان و بیۆگرافی و شیعرو شانۆنامەو ئەدەبیاتی منداڵانی لە زمانەکانی عەرەبی و فارسی و سویدییەوە وەرگێڕاوە،
لەوانە ڕۆمانەکانی :
*درەختەکان و تیرۆری مەرزووق، عەبدوڵڕەحمان مونیف
*ماڵێک لە ئاسمان، گوڵی تەرەقی
*لە خاچدانەوەی مەسیح، كازانتزاکیس
*چرای ئەفسووناوی، ئێنگمار بێریکمان
*نایادەوەری، ئەندرێ مارلۆ
*شەوێک کە بەفر تا ئەژنۆ باری بوو، نازم حیکمەت
*تامیتامی، ئەنتوان چیخۆف
بە زمانە شیرین و بێگەردەکەشی چەند شانۆگەرییەکی کردووە بە کوردی، ئەوانیش:
*کارەکەرەکانی ژان ژینییە
*شەڕی لاش نۆرین
*ئێمەش پارە نادەینی داریۆ فۆ
*پاڵەوان ئەکبەر دەمرێت بەهرام بەیزایی
هەروەها چەندین بەرهەمی پێشکەش بە منداڵانی کورد کردووە، لەوانە (گوڵزێڕین و کەوشی سپی، پەپوولە سپییەکان).
دوو کۆمەڵە شیعری کراون بە ئینگلیزی و فەڕەنسی و بڕیارە بەم نزیکانە لە چاپ بدرێن، هەروەها دوو کۆمەڵە شیعری بە کوردی و بە فەڕەنسی بەم نزیکانە بڵاودەکرێنەوە، ئەم شاعیرو وەرگێڕە هێژایە ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی سویدە.
ڕەخنەگری ناسراو عەبدوڵلا تاهیر بەرزنجی سەبارەت ئەم شاعیرە نووسیویەتی :
[دلاوەر قەرەداغی یەکێکە لە پێشەنگەکانی
نەوەو قۆناغ و نوێگەریی سێیەمی شیعری کوردی، ئەو یەکێکە لەو پێشەنگە کەمانەی کە لە پێشەوەدایەو بەرەو دۆزینەوەی دیدو فەزای خەوناوی دەچێت، کە زیاتر خۆی لە چوارچێوەیەکی ئۆنتۆلۆجیدا دەدۆزێتەوە].
بەهیوای بەخششی بەردەوامم بۆ ئەم قەڵەمە بەبڕشتە، بەهیوای سەرفرازیم بۆ دلاوەری هاوڕێی شیرینم، بۆ ئەو مرۆڤەی کە خۆیشی هەر لە شیعرێکی بەسۆزو دیمەنێکی شانۆیی جوان و ناوازە دەچێت.