رۆژنامەی ھەولێر

بەرچنەیەك شیعر

حه‌مید قه‌ڵادزه‌یی

ژن

لە بەهاری تەمەنیدا
لە تەڕی، پیرێژنێكی هەنار دەچێ!
ـــ هەنار ئەوكاتە دەمرێ
لە پیرییدا
دەستێك نەبێ مەمكی بگرێ.
ـــ دەم
بۆ مەمكی هەنار مەبە
ئەوا لە پییریدا ،
بۆ ماچی تەڕ
دەمی خۆیان دەكەنەوە.

ـــ دوو ئاگر
١ـــ
هەر كە گوتی:
با ئاگرێك بكەمەوە
زانیم تا ئێستا نازانێ، بەو ئاگرەوە
ئەو دوو ئاگر دەكاتەوە !
٢ـــ
ئەوا بۆ خۆم
بە دیداری پیریی گەیشتم
كەچی ناخم، بە ئاگرێكەوە دەسووتێ
ساڵانێكە بێ دووكەڵە!

پەنجەرە
چی پەنجەرەی بەختم هەیە
بە واژەی ڕەق بیانشكێنە
بۆ ئەوەی كەی.. پەشیمانیت
خستە ناو دێڕی شیعرەوە
كام پەنجەرە نزیكتر بوو
لە وێوە بێیتە ژوورەوە.

ـــ بەجێمانی یادگارێك
لە ژوانی ئەو جارەماندا
تاڵێكی قژی قەترانی
لە نێوانی پەنجەكانم بەجێمابوو
زۆر هەوڵمدا
وەك یادگاری نێوانمان بیهێڵمەوە
بۆ كاتەكانی نادیاریت
لە سەر سنگم و
بۆ جێژوانیش
لەسەر ڕێگای پەنجەكانی، بینێژمەوە.

ــ كـــۆڵان
ژنێك
لە كۆڵانی بوختانا
لە كۆكەی پیاوێكی بێدار، ڕاچەنی
سەهەندەیەكی بێشەرمیش
هەتا توانی پێی پێكەنی !

ـــ ماچ
دوو نیشتمان
لەناو دوو جەستەی شەكەتدا
لەودیوو سنووری شەرمەوە
بە یەك دەگەن
لەگەڵ یەكەم چەپڵەی لێوان
بێ پەساپۆرت
بە یاسای ماچ
لە ئۆقیانووسی لە زەت دا،
ئازاد دەبن .